ئێران: لە ماوەی دوو رۆژدا رێگریمان لە 19 کەشتی کردووە
هێزە چەکدارەکانی ئێران رایانگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، رێگرییان لە 19 کەشتی کردووە هەوڵیانداوە لە دەرەوەی ئەو رێڕەوە ئاوییەی لەلایەن تارانەوە دیاریکراوە بە نێو گەرووی هورمزدا تێپەڕبن.
ئاژانسی هەواڵی فارس لە زاری سەرچاوە سەربازییەکانەوە ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی ئەیلوولی 2026، بڵاویکردەوە هێزە ئێرانییەکان لە دوو رۆژی رابردوودا رێگرییان لە 19 کەشتی کردووە، بەهۆی ئەوەی هەوڵیانداوە دوور لە رێڕەوی دیاریکراوی ئێران هاتوچۆ بکەن، بەبێ ئەوەی ئاژانسەکە هیچ وردەکارییەکی زیاتر لەبارەی ناسنامە یان ئاڵای ئەو کەشتییانە ئاشکرا بکات.
هەروەها سەرچاوە هەواڵییەکە باسی لە سروشتی ئەو رێکارانەش نەکردووە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران بەرامبەر بەو کەشتییانە گرتوویانەتەبەر.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە،عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە تەلەفیزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی گوت: "ئێمە گوێبیستی کاردانەوەی سەرەتایی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بووین سەبارەت بە پێشنیازەکەمان؛ بەڵام تا ئەم ساتە هیچ وەڵام یان پەیامێکی فەرمیمان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بە دەست نەگەیشتووە؛ چاوەڕوانین نێوەندگیرەکان دیدگا و هەڵوێستی کۆتایی واشنتنمان پێ ڕابگەیەنن و لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیاری پێویست دەدەین".
سەبارەت بە دۆسیەی ئاسایشی کەشتیوانی و رێڕەوی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، وەزیری دەرەوەی ئێران، پێداگری لەسەر داواکارییەکانی وڵاتەکەی کردەوە و رایگەیاند: مەرجەکانی ئێمە تەواو روون و ئاشکران، هەر جووڵە و هەنگاوێک بە ئاراستەی کردنەوەی گەرووەکە، بەندە بە جێبەجێکردن و بەدیهێنانی سەرجەم ئەو مەرجانە.
عێراقچی جەختی لە گرنگیی بژاردەی دیپلۆماسی کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، "هیچ رێگەچارەیەک بۆ کێشەکان لەگەڵ واشنتن نییە جگە لە چارەسەرێکی دانوستانکاریی دادپەروەرانە کە زامنی پاراستنی مافەکانی گەلەکەمان بکات و وەڵامدەرەوەی داواکارییە شەرعییەکانمان بێت؛ تەنیا ئەم جۆرە چارەسەرە دانوستانکارییە دەتوانێت لایەنی بەرامبەر لەم بنبەستە دەرباز بکات و، ئەمەش هەڵوێستی نەگۆڕی ئێمەیە."