نەعیم قاسم: دەبێت لوبنان دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل رابگرێت

 ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان داوای لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی کرد، سنوورێک بۆ ئەوە دابنێن بە سازشکردن ناوی برد و دانوستانە راستەوخۆکان لەگەڵ ئیسرائیلدا سڕ بکەن. هاوکات حکوومەتی لوبنانی بەوە تۆمەتبار کرد لە بری رووبەرووبوونەوە، یارمەتیی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئیسرائیلی - ئەمریکی دەدات.

یەکشەممە 27ـی ئەیلوولی 2026، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان لە میانی دووەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی حەسەن نەسروڵڵا و هاشم سەفیەدین، ئەمینداری گشتی و سەرکردەی باڵای پێشووی حزبوڵڵا رایگەیاند، سەرۆکی لوبنان مافی ئەوەی هەیە دانوستان بکات، بەڵام مافی ئەوەی نییە پێشێلی دەستوور بکات یان دەستبەرداری مافی لوبنان بێت لە تۆمارکردنی سکاڵا و لێپرسینەوە لە ئیسرائیل. قاسم دەسەڵاتی وڵاتەکەی بە بەرپرسیار زانی لە بەردەوامیی دۆخی نائارامی ئەمنی لە ئەنجامی پەلامارەکانی ئیسرائیل و گوتی، ئەوان گرەو لەسەر ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن. 

سەبارەت بە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا گوتی، هەر کشانەوەیەک لە هەر پێگەیەک یان داڕشتنی هەر پلانێک بۆ کشانەوە، بەرهەمی خۆڕاگریی موقاوەمە و یاداشتی لێکتێگەیشتن دەبێت، نەک دەرەنجامی ئەو دانوستانانەی لە ئارادان.

لە دۆسیەی چەکی حزبوڵڵاشدا، نەعیم قاسم رایگەیاند حزبەکەی ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسی سنوردارکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت، بەڵام ئەمەی بەستەوە بە قوتارکردنی تەواوەتیی باشووری لوبنان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان، گوتیشی: "ئێمە ئامادەی گفتوگۆین، بەڵام چۆن دیالۆگ لەگەڵ لایەنێکدا بکەین کە بڕیاری داوە موقاوەمە و خەڵکەکەی بە دەرچوو لە یاسا لە قەڵەم بدات؟"

نەعیم قاسم رەتیکردەوە سوپای لوبنان بکرێتە ئامرازێک بۆ داماڵینی چەکی حزبوڵڵا و سوپای وەک "سوپایەکی نیشتمانی" وەسف کرد. راشیگەیاند فشارەکانی ئەم دواییەی سەر لوبنان بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەیە کە ئیسرائیل لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا نەیتوانی لە گۆڕەپانی جەنگدا بەدەستیان بهێنێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەرگری لە شێوازی شەڕکردنی چەکدارانی حزبەکەی کرد و باسی لەوە کرد، لە ناوچەی عەلی تاهیر بۆ ماوەی سێ مانگ خۆڕاگر بوون، روونیشیکردەوە، تاکتیکی جەنگی حزبوڵڵا لەسەر بنەمای هێرش و کشانەوەیە نەک مانەوەی چەقپەستوو لە خاڵەکاندا. لە کۆتاییشدا رایگەیاند، حزبەکەی رێگری لە ئیسرائیل کردووە لەوەی حزبوڵڵا تێکبشکێنێت یان داگیرکارییەکانی لە ناو خاکی لوبناندا بچەسپێنێت.