ترەمپ: بەمزووانە دۆسیەی ئێران بە جەنگ یان رێککەوتن یەکلایی دەکەینەوە

 سەرۆکی ئەمریکا کۆمەڵێک لێدوانی لەبارەی ململانێکان لەگەڵ ئێران و پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین خستەڕوو و دووپاتیکردەوە تاران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

دووشەممە 28ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین پەیامەکانیدا رایگەیاند، "بەم زووانە لە جەنگەکە دژی ئێران سەردەکەوین و دوای ئەوە نرخەکانی وزە دادەبەزن". ئاماژەی بەوەش کرد پێشبینی دەکات بارودۆخی ئێران بە خێرایی یەکلایی ببێتەوە و گوتی: "پێموایە کارەکان بە خێرایی کۆتاییان دێت، چ لە رێگەی جەنگەوە بێت یاخود لە رێگەی رێککەوتن".

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەیژینگ، ترەمپ ستایشی کۆبوونەوەی ئەم دواییەی خۆی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین کرد و گوتی: "دیدارێکی سەرنجڕاکێشمان ئەنجامدا، نمرەی 12 لە 10ـی پێدەدەم، چونکە کۆبوونەوەکە لەسەر بنەمای رێزی هاوبەش بوو". هاوکات رەتیکردەوە لەگەڵ سەرۆکی چیندا باسی لە فرۆشتنی هیچ چەکێکی ئەمریکی بە بەیژینگ کردبێت.

لە لایەکی دیکەوە و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئازادکردنی پێنج کەس لە بەریتانیا، ترەمپ رەخنەی لەو بڕیارە گرت و رایگەیاند: "لە بڕیاری ئازادکردنی ئەو کەسانە سەرم سوڕما و من هەرگیز کارێکی لەو شێوەیەم نەدەکرد، لەبەر ئەوەی رەنگە ئەو کەسانە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەبێت".