عەبدی: هەوڵەکانمان بۆ بەفەرمیکردنی خوێندن بە زمانی کوردی لە سووریا بەردەوامن

راوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە قوتابییان و خێزانەکانی رۆژئاوا کرد، بەردەوامی بە پرۆسەی خوێندنی ساڵی نوێ بدەن و منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە بنەڕەتییە کوردییەکان، هاوکات بەڵێنی دا کە هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە تا زمانی کوردی بە شێوەیەکی فەرمی لە سیستەمی پەروەردەی سووریادا جێگیر دەکرێت.

سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، مەزڵووم عەبدی، راوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ رای گشتی، قوتابییان و بنەماڵەکانیان لە رۆژئاوا، هانی دان درێژە بە پرۆسەی ساڵی نوێی خوێندن بدەن، هاوکات بەڵێنی دا کە سەرجەم هەوڵەکان بخەنە گەڕ بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی فەرمی بە زمانی کوردی.

عەبدی لە پەیامەکەیدا جەختی لە گرنگیی زمانی دایک کردەوە و گوتی: "گەلی ئازیزمان، زمانی کوردی ناسنامەی ئێمەیە؛ پاراستن و پەرەپێدانی ئەم زمانە ئامانجی بنەڕەتیی خەباتمان بووە تا ئەمڕۆ، هەروەها پەروەردە و فێربوون بە زمانی دایک مافێکی سروشتی و سەرەتایی هەموو گەلانە و بۆ گەلی کوردیش مافێکی نەگۆڕە."

ئاماژەی بە دەستکەوتەکانی 14 ساڵی رابردووی شۆڕشی رۆژئاوا کرد و ستایشی ئەو بنەماڵە و مامۆستایانەی کرد کە لە سەردەمی شەڕ و هەلومەرجی سەختدا سیستەمێکی پەروەردەییی مێژووییان دامەزراند.

سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسی و کارگێڕییەکان، راوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆمار ئاشکرای کرد، "لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد و لە ماوەی ساڵێک و هەشت مانگی رابردوودا، زنجیرەیەک گفتوگۆ و کۆبوونەوە ئەنجامدراون بە مەبەستی بە فەرمیکردنی زمانی کوردی لە سیستەمی پەروەردەی سووریادا، کە دەرئەنجامەکەی بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردەی لێکەوتەوە؛ کە گەل و قوتابییەکانمان ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە بڕیارەکە دەربڕی و بە ناتەواویان زانی، ئەم هەڵوێست و تێکۆشانەش مافی رەوای خۆیانە و ئێمەش لە پاڵیاندا دەوەستین، بەڵام لەبەر ئەوەی ساڵی خوێندن دەستی پێکردووە و لە قۆناخێکی راگوزەرداین، پێویستە پرۆسەکە بەردەوام بێت و سەرکەوتوو بێت".

عەبدی دڵنیایی دایە خێزانەکان و گوتی: "رێکاری پێویست گیراوەتەبەر بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی ئەو قوتابییانە دەبنەوە کە بە زمانی کوردی خوێندوویانە، تا منداڵان تووشی هیچ کێشەیەک نەبن؛ بە جۆرێک لە لایەکەوە زمانی عەرەبی فێر دەبن و لە لایەکی دیکەشەوە درێژە بە خوێندنی زمانی کوردی دەدەن".

هاوکات داوای لە خێزانەکان کرد منداڵەکانیان بنێرنە ئەو قوتابخانانەی کە زمانی کوردی بنەمای خوێندنە، تاوەکوو لە ساڵی داهاتوودا هەنگاوی گەورەتر بنرێت بۆ دەستەبەرکردنی سەرجەم مافە زمانەوانییەکان.