سەرۆک بارزانی: هەرێمی کوردستان رۆڵی ئەرێنی لە نێوان بەغدا و واشنتندا دەگێڕێت

سەرۆک مەسعود بارزانی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی شەرقییە، پەردەی لەسەر قەیرانە قووڵەکانی حوکمڕانی لە عێراق هەڵدایەوە و بە راشکاوی رایگەیاند: دەستوور و دامەزراوە شەرعییەکان حوکمی وڵات ناکەن، بەڵکوو "دەوڵەتۆچکە هاوتەریبەکان" دەسەڵاتیان قۆرخ کردووە کە لە رێگەی عەقڵیەتی مەرکەزییەوە عێراق بەرەو داڕمان دەبەن؛ هاوکات سەرۆک بارزانی هۆشداری دا کە مانەوەی لایەنی کوردی لە حکوومەتی فیدراڵیدا مەرجدارە و بەندە بە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە فەرمییەی کە لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و هادی عامری واژۆ کراوە.

پێشکەشکار: عێراق، کە زیاتر لە دوو دەیە لەمەوبەر بە شێوازێکی دیموکراسی لەدایکبوو؛ لەو ماوەیەدا ئەم سەرکردەیە سەرکەوتوو بوو لە گۆڕینی هەرێم بۆ سەنگی مەحەک لە تەرازووی هێزە سیاسییە ئاڵۆزەکانی عێراقدا، تا گەیشتە ئەوەی وەک قەڵایەکی سەقامگیری لێی بڕوانرێت لەنێو ئەو شەپۆلە توندانەی کێشاویانە بە ناوچەکەدا کە گۆڕانکاریی جیۆپۆلەتیکیی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت. عێراقیش کە لە قۆناخی سەروەری و دوای سەروەریدا دەژیت، کورد پشتبەستوو بەم سەرکردەیە هیوا دەخوازێت یارمەتیدەر بێت لە تێپەڕاندنی ئەو گەردەلوولەی بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێرانەوە بەسەر ناوچەکەدا هەڵیکردووە. لایەنگران و دۆستانیشی پێیان وایە، باشترین داکۆکیکارە لە سیستەمی فیدراڵی و هاوبەشیی سیاسی، و چەسپاندنی پایەکانی هەرێم وەک قەوارەیەکی دەستووری کە بووەتە ژمارەیەکی قورس و ناکرێت لە هیچ هاوبەشییەکی ناوخۆیی یان ڕێکخستنێکی ناوچەییدا فەرامۆش بکرێت و باز بدرێت بەسەریدا. ئەمڕۆ گفتوگۆکەمان لەگەڵ رێبەری چیا، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسعود بارزانی ئەنجام دەدەین. سەر لە نوێ سڵاوتان لێ بێت و پێشوازی لە جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەین. بەخێربێیت جەنابی سەرۆک، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان. زۆر بەخێربێیت بۆ ئەم چاوپێکەوتنە.

سەرۆک بارزانی: سڵاو لە ئێوەش، زۆر بەخێربێن.

پێشکەشکار: بێگومان ئاواتەخواز بووین ئەم چاوپێکەوتنە پێش ئەم کاتە بووایە، بەڵام ئێمە باوەڕمان وایە کە هەموو شتێک کاتی خۆی هەیە.

سەرۆک بارزانی: بێگومان.

پێشکەشکار: ئێستاش کاتی چاوپێکەوتنەکە هاتووە. ئێمە حەز دەکەین بە جەنابت بڵێین «ڕێبەری چیا»، وەک چۆن لایەنگران و هەوادارانت بانگت دەکەن. بە پرسیارێک لەگەڵت دەست پێدەکەین کە رەنگە گەورە بێت، بەڵام لەبەر ئەوەیە تا هەمووان تێبگەن؛ ئەم پرسیارە ئەوەیە: ئایا ئەوەی خەوتان پێوە دەبینی هاتە دی؟ ئایا ئەوەی خەباتتان لەپێناویدا دەکرد بەدیهات؟ ئایا ئەوەی ئاواتتان بۆ دەخواست هاتە دی؟

سەرۆک بارزانی: بەشێکی گەورەی هاتە دی، بەڵام نەک هەمووی.

پێشکەشکار: ئێمە بە شێوەیەکی گشتی مەبەستمان ئەوەیە بڵێین: لە دوای 2003و لە گۆڕینی فژێم چی هاتە دی؟ فژێمی سەداممان گۆڕی لەگەڵ کاروانێکی دوورودرێژی خەبات و، گەیشتینە قۆناخی دوای گۆڕانکاری و کەوتینە ناو ئەم ئازار و تەنگژانە. با لەسەر ئەم قۆناغەی لە 2003ـەوە تا ئەمڕۆ قسە بکەین؛ وەک عێراق، ئایا خەباتەکە، ئایا کارەکە شایستەی ئەو خەباتە دوورودرێژە بوو؟

سەرۆک بارزانی: خەباتی گەلی کورد هەر لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوولەوە سەرکردایەتیی شۆڕش لەبەرچاوی گرت، سەرکردایەتیی شۆڕش ئەوەی لەبەرچاو گرت کە ناتوانرێت مافەکانی گەلی کورد بەدی بێن مەگەر لە سایەی سیستمێکی دیموکراسیدا نەبێت، هەر بۆیە دروشمی سەرەکی و مەڵبەندیی شۆڕشی بەرزکردەوە کە بریتی بوو لە: "دیموکراسی بۆ عێراق و حوکمی زاتی بۆ کوردستان". لە دوای 2003 پەرلەمان، پەرلەمانی هەرێم، بڕیاری دا فیدراڵیەت پەسەند بکات و هاوکاری لەگەڵ براکانی دیکەدا بکات بۆ بنیاتنانی عێراقی نوێ لەسەر ئەو بنەمایە، وەک عێراقێکی ئیتیحادی (فیدراڵ). فیدراڵیش قۆناخێکی نوێ و پێشکەوتوو بوو بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلی کورد. بەڵام وەک گوتم، هەموو شتێک بەدینەهات، هەموو ئەو شتانەی کە گەلی کورد لەپێناویدا خەباتی کردبوو. لە دوای قۆناخی 2003، دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ تەواوی عێراق کە سەرلەنوێ بونیاد بنرێتەوە. لەو کاتەدا لەسەر ئەوە رێککەوتین کە پشت بە سێ بنەما و پرەنسیپ ببەستین بۆ ئەوەی عێراقی نوێ لەسەریان بونیاد بنرێت: هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان. تەنانەت دەستووریش، یانی دەستوور بە رۆحی ئەم بنەمایانە نووسرایەوە و، ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرایە، رووبەڕووی زۆرێک لەو کێشانە نەدەبووینەوە کە رووبەڕوویان بووینەوە و تا ئەمڕۆش زۆر شت بەدیهاتووە. لە راستیدا مەبەستم ئەوەیە دەکرا عێراق باشتر بێت و هەرێمیش باشتر بێت و، زۆر کێشە روویان نەدەدا ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرایە، ئەمەش بەهۆی نییەتەکانەوە بوو.

پێشکەشکار: نییەتی شاراوەی هەندێک لە سیاسییەکان بەهۆی دەستتێوەردانی دەرەکییەوە بوو؟

سەرۆک بارزانی: بەداخێکی زۆرەوە. واتا دوای 2003 تێبینیمان کرد، کولتووری دەسەڵاتی مەرکەزی و حکوومەتی مەرکەزی و ئەوەی کە دەبێت هەموو شتێک لە بەغدا بێت، هێشتا ئەو کولتوورە تا ئەمڕۆش بەردەوامە و ئەمەش هەڵەیە. رەنگە دەستوەردانی دەرەکیش دەستی لە چڕکردنەوە یان بەهێزکردنی ئەم کولتوورەدا هەبووبێت.

پێشکەشکار: جەنابی سەرۆک، رەنگە سازان و هاوسەنگی و هاوبەشی، ئێمە خستمانە ناو دەستوورەوە و وا پێویست بوو دەستوور لەسەر ئەو بنەمایە بنووسین، بەڵام دوور لە دەستوور کە دواتر باسی دەکەین و لە وردەکارییەکانی کە ئێمە ناتوانین جێبەجێیان بکەین؛ ئایا ئێمە بەراستی چەمکی هاوسەنگی و هاوبەشی و سازانمان لە سیاسەتدا و لە پێکهێنانی حکوومەتەکاندا جێبەجێ کردووە؟

سەرۆک بارزانی: نەخێر، بەداخەوە نەخێر. ئێمە رووبەڕووی دۆخێکی سەیروسەمەرە بووینەتەوە؛ رێکدەکەوین، بۆ نموونە لەسەر کارنامەی حکوومەت رێکدەکەوین و واژووی لەسەر دەکەین، بەڵام کاتێک حکوومەت پێکدەهێنرێت، دەستوور لەبیر دەکرێت، رێککەوتنەکە لەبیر دەکرێت و هەموو شتێک فەرامۆش دەکرێت. میزاجی کەسی دەبێتە بڕیاردەر. هیوادارین لەمەودوا دۆخەکە بگۆڕێت.

پێشکەشکار: دەتوانین بڵێین میزاجی کەسییە بە تەنیا، یان ئەوەیە ئێمە تەنیا لە دواخستن و رەوانەکردنی قەیرانەکان بۆ کاتێکی تر سەرکەوتوو بووین؟

سەرۆک بارزانی: میزاجی کەسی رۆڵی گێڕاوە، بەڵام ئەوە سیاسەتە. وەک پێم گوتی، ئەو کولتوورەی کە هەیە کولتووری دەسەڵاتی مەرکەزییە. یانی باوەڕیان بە فیدراڵیەت و بە دابەشکردنی فیدراڵیەت نییە. مانای فیدراڵیەت چییە؟پێناسەی فیدراڵیەت بریتییە لە: دابەشکردنێکی دادپەروەرانەی سامان و دەسەڵات، کەچی باوەڕیان نە بە دابەشکردنی سامان هەیە و نە بە دابەشکردنی دەسەڵات.

پێشکەشکار: کێن ئەوانەی باوەڕیان پێیەتی؟

سەرۆک بارزانی: کەمن ئەوانەی باوەڕیان پێیەتی، بەڵام زۆرن ئەوانەی باوەڕیان پێی نییە.

پێشکەشکار: بەڵام هەندێک جار دەڵێین دەوڵەت بە راستی بەرەو مەرکەزییەت و چەسپاندنی دەسەڵات دەڕوات. وا پێویست بوو دەوڵەتێکی یەکگرتوومان هەبێت. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ عێراق پێوەی دەناڵێنێت، لە نێوان دامەزراوەکانی دەوڵەت یان دامەزراوە دەستوورییەکان و لەنێوان دەوڵەتۆچکە هاوتەریبەکاندا دەلەنگێتەوە. باشە، ئێمە سەرکەوتوو بووین لە چەسپاندنی فیدراڵیەت وەک جەنابت دەفەرموویت، یان سەرکەوتوو بووین لە لەناوبردنی دەوڵەتۆچکە هاوتەریبەکان؟ لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: کێ حوکمی عێراق دەکات؟ دامەزراوە دەستوورییەکان یان دەوڵەتۆچکە هاوتەریبەکان؟

سەرۆک بارزانی: بێگومان دامەزراوە دەستوورییەکان نین کە حوکم دەکەن.

پێشکەشکار: کەواتە دەوڵەتۆچکە هاوتەریبەکانن؟

سەرۆک بارزانی: ئەمە کارەساتە، کێشەیە. پاشان، رابردوو بۆ ئەوەیە مرۆڤ پەندی لێ وەرگرێت؛ ئەگینا کە باسی رابردوو دەکەین، بۆچی سوودمان لە ئەزموونەکانی پێشوو وەرنەگرت؟ حوکمی مەرکەزی بە ئاسن و ئاگر، بە کیمیایی و ئەنفال شکستی هێنا، هەموو ئامرازەکانیان بەکارهێنا، دەرەنجامەکەش شکستهێنان بوو و رژێمەکە ڕووخا. هەر رژێمێکی دیکەش هەمان شێواز بگرێتەبەر، دەڕووخێت. وا پێویستە بە راستی بگەڕێینەوە سەر ئەم بنەمایانە، واتا سێ بنەماکە: هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان. ئەمەش مانای زۆری هەیە. واتا ئەمە ناونیشانێکە، بەڵام ناونیشانێکی گەورەیە و وردەکاریی زۆری تێدایە.

پێشکەشکار: قسەیەک دەکەیت جەنابی سەرۆک، قسەیەکی مەترسیدارە. واتا ئەگەر بەرەو ئەو هاوسەنگی و سازان و هاوبەشییە نەچین کە لە بنەڕەتدا لە دوای 2003 لەسەری رێککەوتین و، ئەگەر کۆتایی بە دەوڵەتۆچکە هاوتەریبەکان نەهێنین، ئەوا سیستەمەکە دەڕووخێت؟

سەرۆک بارزانی: بێگومان، ناتوانێت بەردەوام بێت.

پێشکەشکار: زۆر باشە، دواجار ئێمە چۆن دەتوانین کۆتایی بە دەوڵەتۆچکە هاوتەریبەکان بهێنین؟

سەرۆک بارزانی: دەبێت هەموومان هاوکاریی یەکتر بکەین، هاوکاری بکەین و ئەزموونەکان بگۆڕینەوە و راوێژ بکەین: چۆن دەتوانین عێراق لەم کێشەیە، لەم قەیرانە دەربهێنین؟

پێشکەشکار: پێشتر دوو مەتبەخ لە عێراقدا هەبوون، مەتبەخی هەولێر و مەتبەخی بەغدا. بەڵام ئەوەی دەیبینین، یان لێمگەڕێ بە شێوازێکی تر بپرسم: حزبەکان چۆن توانییان بڕیاری سیاسی لە هەولێر زەوت بکەن؟

سەرۆک بارزانی: بێگومان بەغدا پایتەختی فیدراڵ و چەقی بڕیارە، ئەوانەشی لەسەر کورسی دانیشتن و وایان هێنایە پێش چاوی خۆیان کە ناوەندی بڕیار لای ئەوانە، سوودیان لە ئەزموونەکانی پێشوو وەرنەگرت. کاتێک هەماهەنگیی تەواو لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەبوو، کارەکان بە شێوەیەکی نەرمونیان و بە سەرکەوتووییەکی گەورە بەڕێوەدەچوون؛ بەڵام کاتێک دابڕانێک یان پەراوێزخستنێک بۆ هەولێر هەبووایە، سەیر بکە، یانی تەواوی عێراق رووبەڕووی کێشە دەبووەوە. ناکرێت هەولێر پەراوێز بخرێت، مەبەستم کوردستانە.

پێشکەشکار: کێ بە بەرپرسیار دەزانیت لە هۆکاری دوورخستنەوەی ناوەندی بڕیار یان بڕیاری هەولێر؟

سەرۆک بارزانی: من هیچ لاریم نییە لەوەی لیژنەیەک پێکبهێنین، لیژنەیەک لە پسپۆڕان تا ئەم بابەتە تاوتوێ بکەن: بەرپرسیارێتیی هەرێم دەکەوێتە کوێ و بەرپرسیارێتیی ناوەندیش لەکوێدایە؟ من نامەوێت تۆمەت ببەخشمەوە و هەموو تۆمەتەکە ئاراستەی بەغدا بکەم، رەنگە هەرێمیش هەندێک کەموکوڕیی هەبێت، بەڵام بەرپرسیارێتییە گەورەکە لەسەر بەغدایە و لەسەر هەولێریشە.

پێشکەشکار: جەنابی سەرۆک، ئێوە نەوەی یەکەمن کە بە حیکمەت و ژیری جیا دەکرێنەوە، لەگەڵ بەشەکەی دیکەی کێشەکانی نێوان ئێوە و حزبەکان، مەبەستم باوکە دامەزرێنەرەکانی پرۆسەی سیاسی و سیستەمی سیاسییە. ئێمە ئێستا بەرەو نەوەی دووەم و رەنگە نەوەی سێیەمیش دەچین، گەیشتینە ئێرە و هێشتا ئەم کێشانە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە. واتا ئەگەر نە نەوەی یەکەم توانی ئەم کێشانە چارەسەر بکات و نە نەوەی دووەم چارەسەری بکات، ئەی کەی چارەسەر دەبن؟

سەرۆک بارزانی: مەبەستت لە پرسەکانە؟

پێشکەشکار: ئەوانەی پەیوەستن بە نێوان بەغدا و هەرێم و پرسەکانی زەوتکردنی بڕیار.

سەرۆک بارزانی: بێگومان دەستوور لای ئێمە بە نەخشەرێگە دادەنرێت بۆ سەرجەم کێشەکانی عێراق، بە تایبەتیش سروشتی پەیوەندیی نێوان هەرێم و ناوەند دیاری دەکات، ئەرکی هەموو لایەک و مافی هەموو لایەک دەستنیشان دەکات. ئەگەر پابەندی دەستوور بین و دەستوور جێبەجێ بکرێت و پیادە بکرێت، کێشەکان زۆر بە ئاسانی چارەسەر دەبن. کێشە نامێنێت، ئەگەر دەستوور وەک دادوەر و ناوبژیوان پەسەند بکەین کێشەش هەبێت چارەسەرەکەی زۆر سادە دەبێت.

پێشکەشکار: جەنابی سەرۆک، ئەوان تەنیا رۆژانی پێکهێنانی حکوومەت پێویستیان بە ئێوەیە. بەڵێ، تەنیا رۆژانی پێکهێنانی حکوومەت پێویستیان پێتانە.

سەرۆک بارزانی: بەڵێ؟ مەبەستت حکوومەتی هەرێمە؟

پێشکەشکار: هەر کە حکوومەت پێکهات، ئیتر نە سەردان دەمێنێت، نە دیدار و نە هەماهەنگی.

سەرۆک بارزانی: خۆت بەڕاستی وەڵامت دایەوە؛ دیدار و سەردانی چڕوپڕ دەکرێت، واتا لەسەر کارنامەی حکوومەتی داهاتوو رێکدەکەوین، بەڵام هەر کە حکوومەت پێکهات، کارنامەکە دەخرێتە سەر رەفە و کۆتایی پێدێت.

پێشکەشکار: بۆچی بە راشکاوی بە گەل ناگوترێت؟ پێیان بگوترێت: ئەی برایان، بزانن ئەم کارنامەی حکوومەتە کارنامەیەکی کاتییە!

سەرۆک بارزانی: چونکە ئێمە ئەمەمان هەیە، واتا ئێمە بەشداریمان لەم حکوومەتەدا کرد و گەڕاینەوە بۆ بەغدا دوای ئەوەی پارتی تووشی پیلانێکی چەپەڵ بووەوە؛ لە راستیدا رێککەوتنێکی واژۆکراو هەیە لە نێوان هەرێم، کە سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی نێچیرڤان بارزانی واژووی کردووە و، لە لایەنی چوارچێوەی هەماهەنگیشەوە بەڕێز هادی عامری واژۆی کردووە. بێگومان ئەم کێشانە روویاندا، بەڵام ئەم رێککەوتنە لەسەر ئەو بنەمایەیە، کە ئەمە بنەمای بەشداریکردنی ئێمەیە لە حکوومەتدا و، دەبێت جێبەجێ بکرێت، ئەم رێککەوتنە دەبێت جێبەجێ بکرێت، ئەگەرنا مانەوەمان لە حکوومەتدا هیچ واتا و پاساوێکی نابێت.

پێشکەشکار: بڕگەکانی ئەم رێککەوتنە، دیارترین بڕگەکانی چین؟

سەرۆک بارزانی: بەمزووانە رایاندەگەیەنین.

پێشکەشکار: ئەمە کەی واژۆ کرا؟

سەرۆک بارزانی: بەر لە پێکهێنانی حکوومەت.

پێشکەشکار: بەر لە پێکهێنانی حکوومەت؟ بێگومان رەنگە خەمڵاندن یان شیکاریی من وا بێت کە ماددەی 140 و نەوت و گاز بەشێکی سەرەکییە.

سەرۆک بارزانی: هیچ شتێکی تێدا نییە لە دەرەوەی دەستوور بێت، هەمووی لە چوارچێوەی دەستووردایە، واتا هیچ شتێک نییە پێچەوانەی دەستوور بێت.

پێشکەشکار: ئەگەر جێبەجێ نەکرێت، کەواتە پێویست ناکات لە حکوومەتدا بمێننەوە؟

سەرۆک بارزانی: نەخێر پێویست ناکات، واتا ئێمە نابینە شایەتی درۆزن، یان بەدوای پۆستەوە نین. کێشەکە لێرەدا نییە؛ تۆ وەزیرێکت هەیە یان پۆستێکت هەیە یان، کێشەکە کێشەیەکی دیکەیە؛ کێشەیەکی بنەڕەتی هەیە، کێشەیەکی کۆنە کە پێوەی ناڵاندوومانە: کێشەی مافەکان، هاوبەشی، کەرامەت. هەموو ئەم پرسانە لەبیرمە.

پێشکەشکار: رەنگە ئەگەر بە مێژوودا بە پێی ریزبەندیی کاتیی رووداوەکان بگەڕێمەوە، لە پێکهێنانی هەموو حکوومەتەکاندا دەبینم ئێوە پاڵپشتی لە سەرۆکوەزیرانەکان دەکەن و هیوای خێریان بۆ دەخوازن، کەچی لە کۆتایی حکوومەتەکاندا شتەکان دەگۆڕێن.

سەرۆک بارزانی: ئەمە بەڵگەیە لەسەر نیازپاکی و خواستی ئێمە بۆ سەرکەوتنی حکوومەتەکان. راستە، ئێمە پشتیوانیی هەموو سەرۆکوەزیرانێکمان کردووە، پشتیوانیمان کرد و پاڵپشتیمان کرد، بەڵام لە زۆربەی کاتەکاندا دەرکەوت کە بێگومان هەڵوێستی سەرۆکوەزیران و ئاستی تێگەیشتن و قبووڵکردنی بۆ چارەسەرەکان لە سەرۆکوەزیرانێکەوە بۆ یەکێکی دیکە جیاوازە. بەڵام لە راستیدا لەبەردەم هەر سەرۆکوەزیرانێکدا کۆسپ و ئاستەنگ هەبوون، چونکە سەرۆکوەزیران سەرپشک نەبوو و خاوەنی دەسەڵاتی تەواو نەبوو و، هەمیشە کۆسپ لەبەردەمیدا هەبوون.

پێشکەشکار: دەتوانین بڵێین، سەرۆکوەزیرانەکان بێئیرادە کرابوون؟

سەرۆک بارزانی: تا رادەیەک.

پێشکەشکار: کێ کۆنتڕۆڵیان دەکات؟

سەرۆک بارزانی: وەڵڵاهی ئەم حزبانە؛ ئەو حزبانەی کە هەن.

پێشکەشکار: دەتوانین بڵێین چوارچێوەی هەماهەنگی بەرپرسیارێتییەکە هەڵدەگرێت؟

سەرۆک بارزانی: بێگومان بە پلەی یەکەم چوارچێوەی هەماهەنگی، چونکە ئەوە ئەوانن کە دەستیان بە حوکمڕانی کردووە، ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە و ناکرێت و ناتوانرێت تەنیا یەک پێکهاتە حوکمڕانی بکات.

پێشکەشکار: ئێستا تەنیا چوارچێوەی هەماهەنگییە حوکم دەکات؟

سەرۆک بارزانی: نزیکەی، هەموو شتێک، هەموو شتێک بە دەست ئەوانە، واتا دەسەڵاتەکان هەمووی بەدەست ئەوانەوەیە.

پێشکەشکار: واتا ئەگەر بڵێین حوکم، بە پلەی یەکەم حوکمێکی شیعییە؟

سەرۆک بارزانی: ئەی کەس هەیە پێچەوانەی ئەمە بڵێت؟

پێشکەشکار: دەڵێن ئێمە پێکهاتەکانمان هەیە.

سەرۆک بارزانی: نەخێر، لەسەر ئەو بنەمایەی گوتمان دەگەڕێینەوە سەر هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی، ئەوە ئەگەر ئەمە جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەگەر لەسەر هەمان رێبازی کۆن بەردەوام بن، بە راستی ئەوەی حوکم دەکات هەر ئەوەیە کە حوکم دەکات.

پێشکەشکار: جەنابی سەرۆک، کەمێک بەر لە ئێستا ئاماژەت بە دوو بابەتی زۆر گرنگ کرد؛ پارتی دیموکرات تووشی پیلانگێڕییەکی قێزەون بووەوە، کێ پیلانی گێڕا و کێن ئەوانەی پیلانیان دژ بە پارتی دیموکراتی کوردستان گێڕا؟

سەرۆک بارزانی: هەندێک لایەنی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و هەندێک لایەنی سوننە.

پێشکەشکار: مەبەستت ڕۆژانی پێکهێنانی حکوومەتە؟

سەرۆک بارزانی: پێش پێکهێنان؛ واتا ئەو کات.

پێشکەشکار: باشە، قسەکەت لەبارەی ئەوەی کە لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەدەینەوە و هەندێک لایەنی سوننەش لە هەرێم پێشوازییان لێکرا، ئایا ئەمە بەو مانایەیە کە ئێمە بەڕاستی لاپەڕەیەکی نوێمان هەڵداوەتەوە؟

سەرۆک بارزانی: بەڵێ، ئێمە، ئێمە لاپەڕەیەکی نوێمان هەڵداوەتەوە، بەڵام ئەنجاممان لە لاپەڕە نوێیەکەمان دەوێت؛ لاپەڕەی نوێ کراوە نییە بەردەوام، ئێمە ئەنجاممان لە کاتی خۆیدا دەوێت، واتا بێگومان.

پێشکەشکار: باشە، ئەو کاتەی کە واتا کاتی رێککەوتنەکە، بێگومان ئەو رێککەوتنەی کە لە نێوان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و بەڕێز هادی عامری واژۆ کرا بۆ ماوەیەکی دیاریکراوە؛ ئایا ئێوە چاوەڕوانی تەواوبوونی ساڵێکی تەمەنی حکوومەت دەکەن و چاوەڕێی ئەنجامەکان دەکەن، یانیش ئەم کاتە بەس نییە؟

سەرۆک بارزانی: ئایا هەر لە ئێستاوە کاتەکەی نییە کە دەبێت ئەم بابەتە بخرێتەڕوو؟ بخرێتەڕوو بۆ لێکۆڵینەوە و چۆنیەتیی جێبەجێکردن، یان دەبێت تێبگەین کە ئەمەش هاوشێوەی رێککەوتنەکانی پێشوو دەخرێتە سەر رەفە و کاری پێناکرێت؟ بۆیە بابەتەکە بە شێوەیەکی دیکە دەبێت.

پێشکەشکار: کەواتە جەنابی سەرۆک، بەپێی وەسفی جەنابت لە چوارچێوەی سیستەمی سیاسیدا، ئێوە تووشی پیلانگێڕییەکی قێزەون بوونەتەوە، رەوتی سەدریش لە پرۆسەی سیاسی کشایەوە و گەیشتە قۆناخی کەنارگیربوون و تەنانەت بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانیشدا نەکرد، هەندێک لایەنی دیکەش هەست بە دوورخستنەوە و پەراوێزخستن دەکەن، لە ئەنجامدا ئێمە بەرەوپێش نەچووین بەڵکوو بۆ دواوەش گەڕاوینەتەوە، راستە؟

سەرۆک بارزانی: راستە، بێگومان.

پێشکەشکار: باشە، دواجار ئەگەر ئێوە، یانی لە گۆڕەپانەکەدا ئامادەییتان نەبێت و رەوتی سەدریش لە گۆڕەپانەکەدا ئامادە نەبوو، ئایا حوکم بەم شێوازە بەردەوام دەبێت؟

سەرۆک بارزانی: حوکمڕانییەکی ناتەواو دەبێت، یانی ئیفلیج، ئیفلیج دەبێت؛ ئەگەر، ئەگەر، ئەگەر رەوتی سەدر نەبێت، ئەگەر ئێمە نەبین، ئەگەر لایەنەکانی دیکەی جگە لە ئێمەش نەبن، بێگومان ئیفلیج دەبێت.

پێشکەشکار: لە دەرئەنجامی زنجیرەی پیلانگێڕییەکاندا، ئایا بەوە رازین کە لە دانیشتنی دەنگدان لەسەر وەزیرەکان روویدا؟

سەرۆک بارزانی: ئەمە بەشێک بوو لە پیلانگێڕییەکە.

پێشکەشکار: تەنیا بەشێک بوو؟

سەرۆک بارزانی: بەڵێ ئەمە بەشێک بوو.

پێشکەشکار: بەشە کەمەکە؛ چییان لەم پیلانگێڕییە دەویست؟

سەرۆک بارزانی: رەنگە وایان هێنابێتە بەرچاوی خۆیان کە بەمە هێزی خۆیان پیشانی پارتی دەدەن، لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئەوان فراکسیۆنێکی گەورەن و سەرکردایەتیی عێراق دەکەن و پارتی گۆشەگیر دەکەن. بێگومان رەنگە وەهمێکی لەو شێوەیەیان بۆ دروست بووبێت.

پێشکەشکار: ئایا هیچ کەسێکی عاقڵ دەتوانێت بەم شێوازە بیر بکاتەوە؟ قەت! کورد بەشێکی سەرەکیی ئەو وڵاتەیە.

سەرۆک بارزانی: زۆر کەس هەوڵی دوورخستنەوەی پارتییان دا، بەڵام خۆیان دوورخرانەوە و پارتی مایەوە.

پێشکەشکار: باشە جەنابی سەرۆک، هەمیشە کە باس لە پاڵپشتیی بەردەوامی حکوومەت دەکەین لە لایەن حزبە سیاسییەکانەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان لەم ماوەیەدا چۆن لە حکوومەتەکەی بەڕێز زەیدی دەڕوانێت؟ ئایا ئەم پاڵپشتییە بەردەوام دەبێت؟ یان پاڵپشتییەکە وەک کەمێک لەمەوبەر فەرمووت، بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەوە؟

سەرۆک بارزانی: بێگومان برای بەڕێز زەیدی گەنجە و ئەو پاشخانە سیاسییەی نییە کە پێشینەکانی هەیانبوو. ئێمە پاڵپشتیمان لێکرد و پێمان باش بوو پاڵپشتی بکەین و دەشزانین، واتا نزیکە قەناعەتێکم بۆ دروستبووە کە نییەتەکانی دروست و باشن؛ هەر بۆیە هەوڵ دەدەین، لەگەڵ ئەوانی دیکەشدا هەوڵ دەدەین نەک تەنیا ئێمە، هەوڵ دەدەین پاڵپشتی بکەین تا لە ئەرکەکانیدا سەرکەوتوو بێت، چونکە ئەم ئاراستەیەی ئەو گرتوویەتییەبەر، ئاراستەیەکی دروستە. بەڵام لە هەمان کاتدا دەزانم کە رووبەڕووی ئاڵنگاریی ئێجگار گەورە دەبێتەوە.

پێشکەشکار: ئایا دەتوانێت بەراستی کۆتایی بە گەندەڵی بهێنێت؟

سەرۆک بارزانی: ئەگەر توانی کۆتایی بە گەندەڵی بهێنێت؟ واتا ئەوە موعجیزەیە، واتا وەک پاڵەوانێکی ئەفسانەیی دەردەکەوێت و هیوادارم تێیدا سەرکەوتوو بێت؛ ئێمەش لەم بابەتەدا یارمەتیمان داوە، واتا لە بابەتی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا بەهێزەوە هاوکاریمان کردووە.

پێشکەشکار: چۆن؟

سەرۆک بارزانی: زۆر لەوانە ویستیان بەرەو هەرێم هەڵبێن، یان ئەوەی دزیبوویان لە هەرێمدا شاردبوویانەوە، هەمووی بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیراندا، هەمووی گەڕێندرایەوە بۆ بەغدا.

پێشکەشکار: فراکسیۆنە سیاسییەکان پاڵپشتی لێدەکەن؟ جەنابت خاوەن ئەزموونیت و هەموویان دەناسیت، بەڕاستی لە پاڵپشتییەکەیاندا راستگۆن؟ لە نییەتەکانیاندا راستگۆن؟

سەرۆک بارزانی: وەڵڵاهی ئێمە راستگۆین، من نازانم، من نییەتی ئەوانی دیکە ناخوێنمەوە.

پێشکەشکار: وەڵڵا جەنابت زیاتر لە هەموو کەسێک دەیانخوێنیتەوە.

سەرۆک بارزانی: بەڵام ئێمە راستگۆین.

پێشکەشکار: ئاخر ئەوەی ئێمە دەیبینین ئەوەیە؛ هەندێک فراکسیۆنی سیاسی لە ئاشکرادا نییەتباشی نیشان دەدەن، بەڵام لە پشتی پەردەوە بە پێچەوانەوە کار دەکەن.

سەرۆک بارزانی: بە هەر حاڵ، ئەوەی دەستی پێکردووە باشە، بەڵام ئەگەر لێرەدا بوەستێت، هیچ کاریگەرییەکی نابێت.

پێشکەشکار: ئەم دۆسیەیە بەسترابووەوە بە دۆسیەی گەندەڵی و دۆسیەی سنووردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا.

سەرۆک بارزانی: دۆسیەیەکی دیکەش کە لە هەردووکیان مەترسیدارترە، ئەویش دۆسیەی ماددە هۆشبەرەکانە.

پێشکەشکار: راستە، هاوڕام لەگەڵت. باشە ئەو دۆسیەیەی کە لە توانای حکوومەتدایە یان حکوومەت رایگەیاندووە کە لە دۆسیەی چەک و گەندەڵیدا بەردەوامە؛ دۆسیەی سنووردارکردنی چەکە لە دەستی دەوڵەتدا. جەنابت کەمێک پێش ئێستا فەرمووت ئێمە پاڵپشتی لە زەیدی دەکەین لە دۆسیەی گەندەڵیدا. ئەی لە دۆسیەی سنووردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، ئایا بەڕێز زەیدی دەتوانێت بەڕاستی چەک لە دەستی دەوڵەتدا کۆبکاتەوە؟

سەرۆک بارزانی: ئەو بە تەنیا بۆی سەختە، بەڵکوو لە راستیدا پێویستی بە پاڵپشتیی چوارچێوەیە، بە پاڵپشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی و، بە رواڵەت وەک بیستوومانە چوارچێوە پاڵپشتی لێدەکات؛ بەڵام هیوادارم ئەم بابەتە نەگاتە شەڕ و پێکدادان، ئەمە نە لە بەرژەوەندیی عێراقدایە، نە لە بەرژەوەندیی هەرێمدایە و نە لە بەرژەوەندیی هیچ یەکێکماندایە. بەڵام ئەم بابەتە چۆن ئەنجام دەدرێت؟ لە راستیدا بە سەختی دەبینم، سەختە.

پێشکەشکار: لە ماوەیەکی دیاریکراویشدا لە 30ـی ئەیلوول، سەختە؟

سەرۆک بارزانی: بێگومان سەختە، واتا دوای 30ـی ئەیلوولیش تەنانەت ئەگەر پێویستی بە چەند مانگێکیش بێت؛ بەڵام ئەگەر ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت، لە راستیدا سەرکەوتن دەبێت بۆ تەواوی عێراق و بۆ خودی ئەو گرووپە چەکدارانەش. گرنگ ئەوەیە ئەم چەکە کۆنتڕۆڵکراو بێت و ئەگەر بەکارهات، بە فەرمانی فەرماندەیی باڵا بەکاربهێنرێت، نەک هەر کەسە و بە کەیفی خۆی هەڵسوکەوت بکات.

پێشکەشکار: جەنابی سەرۆک، ئایا ئەمە بڕیارێکی عێراقییە یان بڕیارێکی دەرەکییە؟ با پرسیارەکەم زیاتر دیاری بکەم: یانی هەندێک دەڵێن ئەم بڕیارە بەدەست ئێرانە، ئێمە بۆچی تاوتوێی ئەم دۆسیەیە دەکەین؟ بۆچی ناچین لەگەڵ ئێرانییەکاندا وتووێژ لەسەر ئەم بابەتە بکەین؟

سەرۆک بارزانی: وەڵڵاهی گرنگ ئەوەیە ئەم دۆسیەیە بە شێوازێکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت، لەگەڵ ئێران بێت یان لەگەڵ غەیری ئێران بێت، شتێکی باش دەبێت؛ بەڵام بە سەختی دەبینم، لە راستیدا بە سەختی دەبینم.

پێشکەشکار: سەختە لەبەر ئەوەی جێبەجێ ناکرێت؟

سەرۆک بارزانی: لەبەر ئەوەی کەسانێک هەن کە سوودمەندن، لەم دۆخە سوودمەندن، بۆیە دەستبەرداری چەک نابن.

پێشکەشکار: باشە، ئێمە ئێستا رووبەڕووی گوشارەکانی ئەمریکا دەبینەوە، گوشاری ئەمریکا.

سەرۆک بارزانی: ئەمەش، ئەمەش بابەتێکە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت. بابەتێکی زۆر گرنگە و ئەگەر ئەمە نەکرێت سزا بەسەر عێراقدا دەسەپێنن؛ ئەوەی دەیڵێم واتا چارەسەرکردنی ئەم بابەتە، بابەتی چەک، لە بەرژەوەندیی عێراقدایە و، چارەسەرنەکردنی وادەکات عێراق تووشی کێشەی گەورە ببێت.

پێشکەشکار: کێشە گەورەکان کە دەیبیستین، لە سزادان و گۆشەگیریی نێودەوڵەتیدا خۆیان دەبیننەوە؟

سەرۆک بارزانی: هەموو ئەمانە، هەموو ئەمانە بەسەر عێراقدا جێبەجێ دەکرێن.

پێشکەشکار: ئێمە بینیمان بەر لەوەی سەرۆکوەزیران بچێتە نیویۆرک، باس لەوە کرا کە رەنگە وادەکە درێژبکرێتەوە بۆ 30ـی حوزەیرانی 2027.

سەرۆک بارزانی: ئەگەر جێبەجێ بکرێت، ئەگەر جێبەجێ بکرێت و بگاتە ئەنجامێکی ئەرێنی و چارەسەری ئەم کێشەیە بکات، با تا 30ـی حوزەیرانیش بێت.

پێشکەشکار: جەنابی سەرۆک، ئێمە کەمینەین، ئێمە هەموومان بە نییەت مامەڵە دەکەین، ئێمە هەموو شتێک، ئێمە باس لە کارنامەی حکوومەت دەکەین کە نووسینی ئاسانە بەڵام جێبەجێکردنی سەختە. لە ئەنجامدا، ناتوانین بابەتی سنووردارکردنی چەک جێبەجێ بکەین و بڕیارەکە بەڕاستی تەواو عێراقی بێت، چونکە پێت دەڵێن دۆسیەکە کەوتووەتە ژێر هاوسەنگییە ئەمریکی و ئێرانییەکان و کەوتووەتە ژێر ئەم رێککەوتنانە. ئایا پێتوایە ئەگەر رێککەوتنێکی راستەقینە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا ئەنجام بدرێت، عێراق دەتوانێت رزگاری بێت یان چەک لە دەستی دەوڵەتدا کۆبکاتەوە؟

سەرۆک بارزانی: پێموایە دۆخی عێراق بە گشتی، یانی بە شێوەیەکی بنەڕەتی بەستراوەتەوە بەوەی کە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران بە چی کۆتایی دێت، واتا پەیوەندییەکی راستەوخۆی پێوەیە.

پێشکەشکار: جەنابی سەرۆک، رەنگە قسەیەکی پێشووت لەبیر بێت کە فەرمووت: ئەگەر ئەمریکییەکان بکشێنەوە، زامنی چییە کە داعش نەگەڕێتەوە؟

سەرۆک بارزانی: دەیڵێم و ئێستاش دووبارەی دەکەمەوە.

پێشکەشکار: بەڵام هێزی ئەمنیمان هەیە، حەشدمان هەیە، سوپامان هەیە، دژەتیرۆرمان هەیە و پێشمەرگەشمان هەیە.

سەرۆک بارزانی: رەنگە بگەڕێمەوە بۆ دواوە بۆ ساڵی 1201، بێگومان ئەو کاتە نزیکەی 100 هەزار سەربازی ئەمریکی لە عێراقدا بوون. دیداری زۆر لە بەغدا سازکرا و منیش بەشداریم لە زۆر لەو دیدارانەدا کرد، لەسەر ئەوەی کە ئایا ئەمریکییەکان بێنە ناو رێککەوتنێکی دووقۆڵییەوە یان نا دەبێت بچنە دەرەوە؟ لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا، هەموویان ئامادە بوون لەنێویاندا وەزیری بەرگری و وەزیری ناوخۆ، پێم گوتن: برایان، با واز لەم بابەتە بێنین کە تاوتوێی دەکەین و لەوانە بپرسین کە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە بابەتی ئەمنییەوە هەیە، وەزیری بەرگری و وەزیری ناوخۆ. وەزیری بەرگری، پێموایە عوبەیدی بوو، عەبدولقادر عوبەیدی؛ وەزیری ناوخۆش پێموایە جەواد بۆلانی بوو، دڵنیا نیم، بەڵام گرنگ ئەوەیە لێمان پرسین: ئایا جەنابت وەزیری بەرگری، توانای ئەوەت هەیە وڵات بپارێزیت؟ گوتی: وەڵڵاهی من هیچم لەدەستدا نییە. وەزیری ناوخۆ گوتی: وەڵڵاهی ناتوانم بنکەیەکی پۆلیس بپارێزم. گوتی کەواتە ئێمە چۆن تاوتوێی دەکەین، بەشێکیان پێداگرییان دەکرد و بەشێکیش موزایەدە بوو. گوتم ئەی هاوار! تەنانەت لەبیرمە لەو کۆمەڵەم پرسی، پێم گوتن: باشە ئەگەر ئێستا ئەفسەرێکی ئەمریکی ناتوانێت بێتە ناو ئەم هۆڵەوە و هەموومان دەستگیر بکات؟ وەڵڵا یەکێکیان گوتی: نەک ئەفسەر، بەڵکوو سەربازێکیش دەتوانێت! پێم گوت: کەواتە ئایا باشتر نییە رێککەوتنێک هەبێت، لانیکەم ئەم قۆناخی داگیرکارییە کۆتایی پێبێت و سەروەریی خۆمان وەربگرینەوە و با بمێننەوە؟ ئەمریکییەکان رۆیشتن و داعش هات. من ئێستاش ترسم لە هەمان سیناریۆ هەیە، لە هەمان سیناریۆ. بەڵام بێگومان دۆخەکە جیاوازە؛ ئەو کاتە بەڕاستی هێزگەلێک هاتن کە خۆیان ناوی خۆیان نابوو داگیرکەر و وەک هێزێکی داگیرکەریش هەڵسوکەوتیان دەکرد، ئێستا دۆخەکە جیاوازە. لە ساڵی 2014ـدا دوای ئەوەی داعش هات، حکوومەتی عێراق لەو کاتەدا لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی و ناتۆ پاڕایەوە کە: بەهانامانەوە وەرن، لەبەر خاتری خوا یارمەتیمان بدەن! بەڕاستیش ئەگەر ئەو یارمەتییانە نەبوونایە، بە تایبەتی پشتیوانیی ئاسمانیی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان، نەماندەتوانی بەسەر داعشدا سەربکەوین. واتا بۆ ئەوەی راشکاو بم، یارمەتیی حەشدیان نەدەدا، بەڵام بەبێ ئەو پاڵپشتییە مەحاڵ بوو ئەو سەرکەوتنە گەورەیە بەدەستبهێنین کە بەسەر داعشدا بەدەستهات. راستە داعش تووشی شکستی گەورە بوو و چیدیکە ئەو هێزەی جارانی و ئەو توانایەی جارانی نەمابوو، بەڵام هێشتا هەڕەشەیە، هێشتا هەڕەشەیە. ئەم هێزانەش لە بنەڕەتدا لە لایەکەوە لەسەر داوای حکوومەتی عێراق بۆ ئامانجێکی دیاریکراو هاتوون، کە ئامانجەکە پشتیوانیکردنی هێزەکانی سوپا و پێشمەرگەیە دژ بە داعش. ئێستا وا دەزانن و، هیوادارم ان شاء الله بۆچوونەکەیان راست بێت، کە داعش کۆتایی هاتووە و کەواتە چیدیکە پێویست بە مانەوەی ئەم هێزانە ناکات؛ کەواتە با بزانین چی دەبێت و ان شاء الله ئەم کێشەیە چارەسەر دەبێت.

پێشکەشکار: خۆ داعش کۆتایی نەهاتووە، بەڵام کێشەکە پەیوەستە بەوەی کشانەوەی هێزە بیانییەکان بەستراوەتەوە بە سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، واتا ئەگەر ئەمە بێتە دی ئەوەشیان دێتە دی؟

سەرۆک بارزانی: بەپێی قسەی خۆیان، ئەمە پاساوی گرووپە چەکدارەکانە، کە گوایە تا ئەم هێزانە هەبن، چەک دانانێن؛ لە کاتێکدا ئەم هێزانە هێزی داگیرکەر نین، لە راستیدا هێزی ئاسمانین لەسەر داوای حکوومەتی شەرعیی عێراق هاتوون بۆ هاوکاریکردنی وڵات دژ بە داعش. دەڵێن ئەگەر ئەوان نەکشێنەوە ئێمە چەک رادەست ناکەین، کەواتە گەر ئەوان کشانەوە، ئایا چەک رادەست دەکەن یان نا؟

پێشکەشکار: مەرجی نوێ دادەنێن؟ پێشتر دەمانبیست کشانەوەی هێزی بیانی بەرامبەر رادەستکردنی چەک بوو، بەڵام لە زنجیرە چاوپێکەوتنەکانمان لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان دەرکەوت باس لە هێزی تورکیا، پەکەکە، کۆنتڕۆڵی ئاسمان و کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دەکەن؛ ئەم وردەکارییانەش بە رۆژێک نایەنە دی. دەرەنجام ئایا ئەمە پاشەکشەیە؟ ترسی ئەوەیان هەیە ئەگەر چەک نەمێنێت دەسەڵاتیان لەدەست بچێت لە پڕۆسەی سیاسیدا؟

سەرۆک بارزانی: من کەمێک لەمەوبەر گوتم، زۆر بە سەختی دەبینم ئەم ئامانجە بێتە دی؛ ئەم مەرجانەی دایانناوە لە راستیدا بۆ ئەوەیە جێبەجێ نەبێت.

پێشکەشکار: ئەگەر چەک رادەست نەکرێت، بەدیل چییە جەنابی سەرۆک؟ بەم شێوەیە بمێنینەوە؟

سەرۆک بارزانی: لە راستیدا دەبێت برایانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەم بابەتە چارەسەر بکەن. من دیسانەوە دەڵێم: هیوادارم نەگاتە ئاستی شەڕ و پێکدادان، دەبێت ئەمە لە ئەگەرەکان دەربکەین. بەڵام دەبێت چارەسەرێک هەبێت ئەگینا تەواوی وڵات بەرەو نادیار دەڕوات. ئێمە هەموومان لەناو یەک کەشتیداین و، ئامادە نین چارەنووسمان ببەستینەوە بە رەفتاری نابەرپرسانەوە.

پێشکەشکار: لە کۆبوونەوەی پێش کۆتایی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی تێیدا ئامادە بوو، بە کۆی دەنگ بڕیاردرا دوای 30ـی ئەیلوول هەر کەسێک چەک هەڵبگرێت وەک تیرۆریست مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و شەڕی لە دژ بکرێت. کەچی وردە وردە پاشەکشە کرا؛ لە "داماڵینی چەک" بۆ "سنووردارکردنی چەک" و، لە "سنووردارکردن" بۆ  "رێکخستن"، لە وشەی "تیرۆریست"ـەوە بۆ "برایان"! هۆکاری ئەم پاشەکشە گەورەیە چییە؟

سەرۆک بارزانی: وەڵڵاهی منیش وەک تۆ هەمان پرسیار دەکەم.

پێشکەشکار: کەواتە دەتوانین بڵێین ئێران سەرکەوتوو بوو لە گوشارکردن بۆ پاشەکشە لەم دۆسیەیە؟

سەرۆک بارزانی: دەرئەنجام چی دەبێت؟ عێراق بەرەو کوێ دەڕوات؟

پێشکەشکار: ئێوە هاوبەشن لەگەڵ حزبەکان لەم وڵاتەدا، قسەتان لەگەڵ ئەو هاوبەشانە نەکردووە بۆ نێوەندگیری لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان تاوەکوو هەرێمی کوردستان نەکەنە ئامانج؟

سەرۆک بارزانی: چەندین جار لەگەڵیان قسەمان کردووە، نەک یەک جار. هەر یەکەیان دەیخاتە ئەستۆی ئەوی دیکە و دەڵێن پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە و نایانناسین و لایەنی نەناسراو و تێکدەرن. هەر جارەی بەهانەیەک دەهێننەوە، بەڵام ئێمە بەشێکیان بە ناو و ناسنامە دەناسین کە سەر بە کام رێکخستنن و هەموو وردەکارییەکان دەزانین.

پێشکەشکار: ئایا هاوکاری لە نێوان ئێوە و ئەمریکییەکاندا هەیە؟ پابەند دەبن بە کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان؟

سەرۆک بارزانی: ئەم بابەتە پەیوەستە بە بڕیاری حکوومەتی فیدراڵییەوە. بە پێی تێگەیشتنی من هێزەکان ناکشێنەوە بەو شێوازە، بەڵکوو رێککەوتنی دووقۆڵی دەبێت لە نێوان ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا لەگەڵ عێراق؛ بارودۆخی هەرێم، پابەندییەکان و مافەکانی هەرێم لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنانەدا دەبن.

پێشکەشکار: بابەتەکە لەناو ئەو ڕێککەوتنانەدا دەبێت؟

سەرۆک بارزانی: جیاواز نابێت لە هەرێم، واتا ئەگەر رێککەوتن بکرێت، هەرێم بەشێک دەبێت لێی.

پێشکەشکار: ئایا تا ئەم ساتە لێکتێگەیشتنتان لەگەڵ لایەنی بیانی هەیە؟

سەرۆک بارزانی: ئەگەر رێککەوتنی دووقۆڵی بکرێت، هەرێم بەشێک دەبێت لێی.

پێشکەشکار: رێککەوتنەکانی ئەم دواییە، بۆ نموونە رادەستکردنەوەی بنکەی ڤیکتۆریا و بنکەکانی دیکە؛ ئایا هەرێم دەگرێتەوە؟

سەرۆک بارزانی: بێگومان، لە هەرێم تا رادەیەکی زۆر بنکەکانیان چۆڵ کردووە، مانەوەیان لێرە وەک بەغدا نەبوو. فڕۆکەخانەی هەولێر و بنکەی هەریر دوو بۆ سێ ساڵە چۆڵ کراون.

پێشکەشکار: بەدیلی کشانەوەی هاوپەیمانان چییە؟ گرێبەستی بەرگری و ستراتیژی؟

سەرۆک بارزانی: پێم گوتی، ئەمانە لە چوارچێوەی رێککەوتنە دووقۆڵییەکانی نێوان ئەو دەوڵەتانە و بەغدادا دەبن.

پێشکەشکار: هەرێم پەیوەندیی باشی لەگەڵ واشنتن هەیە، دەتوانێت رۆڵ بگێڕێت لە نێوان واشنتن و بەغدا لەسەر پرسی چەک و دۆلار و ئابووری؟

سەرۆک بارزانی: بێگومان هەرێم رۆڵێکی زۆر ئەرێنی دەگێڕێت بۆ هاوکاری لەگەڵ بەغدا و واشنتن بۆ چارەسەری کێشەکان. پێشتریش هەرێم ئەم رۆڵەی بینیوە، بەڵام رۆڵەکە سنووردارە.

پێشکەشکار: لە بارەی بڕیاری داخستنی فڕۆکەخانەکان و راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران، دوێنێ و ئەمڕۆ پەرەسەندنی سیاسیی توند دژ بە حکوومەت روویدا؛ ئایا ئەم دۆخە ئەوە دەهێنێت؟

سەرۆک بارزانی: بە بڕوای من ئەم هەڵوێستە نادروستە. با گریمانە بکەین عێراق پابەند نەبوو؛ ئەمریکا بە بڕیارێکی زۆر سادە و راگرتنی سیولەی دارایی، ئینجا عێراق بەرەو کوێ دەچێت و چی دەکات؟ ئیتر دوای ئەوە موزایەدە بێ سوودە.

پێشکەشکار: دەڵێن پەیوەندیی مێژوویی و ئایینی و بیروباوەڕمان هەیە لەگەڵ تاران؟

سەرۆک بارزانی: دروستە، بەڵام ئەمە گەورەترین کێشەیە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا. ئێمە هیوادارین کێشەکە بە لێکتێگەیشتن چارەسەر ببێت و دۆخەکە ئاسایی بێتەوە، بەڵام بۆچی دەبێت عێراق باجەکەی بدات؟

پێشکەشکار: واتا عێراق دەبێت پابەندی سزاکان بێت؟

سەرۆک بارزانی: دەبێت هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر بدات. ئەگەر بەشێکی کەمی سزاکان جێبەجێ بکرێت کە ئەویش بڕینی سیولەیە لەسەر عێراق، کە هەموو پشتی بە نەوت بەستووە؛ ئەگەر دوو بۆ سێ مانگ عێراق مووچەی پێنەدرێت، چی لەم وڵاتە بەسەردێت؟ ئەو کەسانەی موزایەدە دەکەن با وەڵام بدەنەوە، چ چارەسەرێکیان هەیە؟ عێراق دەبێت پابەند بێت و هاوکات چارەسەر بدۆزێتەوە. رەنگە ئەمریکا بەهۆی دۆخی تایبەتی عێراق و مەزارگە پیرۆزەکانی نەجەف و کەربەلا، لە هەندێک بواردا نەرمی بنوێنێت.

پێشکەشکار: پەیوەندیتان لەگەڵ ئێران چۆنە؟ ئایا بەهۆی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران لە هەرێم گرژە، یان ئاسایی بووەتەوە؟

سەرۆک بارزانی: لە ڕاستیدا پەیوەندیمان هەیە و هی ئەمڕۆ نییە، بەڵام من سەرم سوڕما؛ ئێمە بە هیچ جۆرێک لایەن نین لەم جەنگەی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە، کەچی تا ئەمڕۆ زیاتر لە هەزار مووشەک و درۆن لە هەرێمی کوردستان دراون! بۆچی؟ ئەمەیە پرسیارەکە. لە کاتی شەڕدا کە دەمانگوت بۆ وادەکەن، دەیانگوت هەڵەیەکی بچووکە یان زانیاریی هەڵەیە و ئێمە لە شەڕداین و کۆنتڕۆڵی تەواومان نییە؛ بەڵام دوای ئەوەی شەڕ تا رادەیەک وەستا، هێرشیان کردە سەر بارەگاکان و ماڵی بەرپرسان و خەڵکی مەدەنی. بێگومان ئەمە جێگەی سەرسوڕمان و لە هەمان کاتدا جێگەی سەرکۆنە و ناڕەزایەتیی توندە؛ تێناگەم چییان لە ئێمە دەوێت.

پێشکەشکار: ئاییندەی ئەم جەنگەی نێوان ئێران و ئەمریکا بەرەو کوێ دەڕوات؟

سەرۆک بارزانی: دۆخی ئێستا دەبێت بگۆڕێت، ناتوانێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت. ئومێدەوارم بە ئاشتی بێت، بەڵام ئەم دۆخە قابیلی بەردەوامی نییە نە بۆ ئەوان و نە بۆ کەسانی دیکە، چونکە دڵەڕاوکێ و ناسەقامگیری لە هەموو بوارەکاندا دروست دەکات.

پێشکەشکار: پێشبینیی رووخانی حکوومەتی ئێران دەکەیت یان رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران؟

سەرۆک بارزانی: خاڵێک هەیە دەبێت ئاماژەی پێبکرێت؛ گەلی ئێران خۆیەتی کە حکوومەتەکەی پاراستووە، بۆیە گەلی ئێران خۆی بڕیاردەرە. باوەڕ ناکەم هیچ گۆڕانکارییەک لە ئێران لە دەرەوە رووبدات، تەنیا گەلی ئێران دەتوانێت گۆڕانکاری بکات یان بیپارێزێت.

پێشکەشکار: هەرێم نەیتوانی رۆڵی نێوەندگیر لە نێوان ئێران و ئەمریکادا بگێڕێت؟

سەرۆک بارزانی: رەحمەتی خوای لێبێت، ئەو کەسەی کە قەدری خۆی دەزانێت!

پێشکەشکار: جەنابی سەرۆک، لەم دواییانەدا باسی یەکخستنی پێشمەرگە دەکرێت، پێشتر چی بوو و بۆچی بەرەو یەکخستن چوون و سوودەکەی چییە؟

سەرۆک بارزانی: پێشمەرگە هێزێکی سەر بە پارتی و بەشێکی سەر بە یەکێتی بوو. لە دوای 2003 بووە پەرلەمان و حکوومەتێکی یەکگرتوو و وەزارەتی پێشمەرگە دروست بوو، بەڵام تا رادەیەک تایبەتمەندیی حزبی لە هەندێک لایەندا مابووەوە. ئەوەی ئێستا کراوە ئەوەیە کە سەرجەم ئەم هێزانە بە تەواوەتی دەبەسترێنەوە بە وەزارەتی پێشمەرگەوە، و حزبەکان پەیوەندییان پێوە نامێنێت، ئەمەش هەنگاوێکی زۆر باشە.

پێشکەشکار: پرسی مووچەی پێشمەرگە و بودجەی هەرێم کەی بە یەکجاری یەکلا دەکرێتەوە؟ پشکی هەرێم لە بودجەی 2027 چەندە؟

سەرۆک بارزانی: لە تاستیدا تەنیا مووچەی پێشمەرگە نییە، بەڵکوو بودجەی هەرێمە بە گشتی. دەبوو پشکی هەرێم بە پێی سەرژمێری بێت؛ سەرژمێریی دوایی، هەرچەندە وردیش نەبوو، بەڵام دەریخست کە ژمارەی دانیشتووان زیاترە لەوەی دیاریی کرابوو. سەرەتا پشکی هەرێم 17% بوو، کەچی یەک جاریش 17%ـیان نەنارد، دواتر دایانبەزاند بۆ کەمتر لە 10%. بە پێی ئەم سەرژمێرییە نوێیە، بەبێ ناوچە کێشەلەسەرەکان و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، رێژەکە دەکاتە نزیکەی 14.5%، کەواتە دەبێت پشکی هەرێم کەمتر نەبێت لە 14%.

پێشکەشکار: لە بارەی مافە دەستوورییەکانەوە، بە تایبەت ماددەی 140؛ هۆکاری راستەقینەی جێبەجێنەکردنی چییە؟

سەرۆک بارزانی: هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکیشی هەیە. ماددەی 140 ماددەیەکی دەستوورییە و، هەندێک کەس دەڵێن بەسەرچووە، کەچی بەسەر ناچێت؛ ئەم ماددەیە تەنیا کاتێک بەسەردەچێت کە دەستوور کۆتایی پێبێت! تا دەستوور هەبێت ماددەکەش ماوە و، ئەگەر جێبەجێ بکرایە دۆخەکە زۆر جیاواز دەبوو. دەستوور رێگاکەی دیاریی کردووە: ئاساییکردنەوە، سەرژمێری، پاشان راپرسی، تا خەڵکەکە خۆیان بڕیار بدەن ئایا لەگەڵ هەرێمن یان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ؛ لە هەردوو باردا ئەوان بەشێکن لە عێراق. خۆدزینەوە لەم ماددەیە زیانی گەورەی لە عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەرێم داوە و، دەبێت ئەم ماددەیە چالاک بکرێت. سەبارەت بە هۆکارە دەرەکییەکانیش، بێگومان هەستیاریی هەرێمیی هەیە.

پێشکەشکار: بۆچی تەنیا لەگەڵ هادی عامری ڕێککەوتن واژۆ دەکەن؟

سەرۆک بارزانی: چونکە ئەو نوێنەرایەتیی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات. ئێستا هەموو ئەم دۆسیانە دەکەینەوە.

پێشکەشکار: دۆسیەی نەوت و گازیش دەکرێتەوە؟

سەرۆک بارزانی: بێگومان، ئەمەش چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشە؛ ساڵی 2007 چەندین دیدار لە بەغدا و هەولێر کرا بۆ نووسینەوەی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز. پسپۆڕانی کەنەدی و ئەوروپیمان هێنا، پسپۆڕانی نەوتی بەغدا و هەرێم و باڵیۆزی ئەمریکا و بەریتانیا ئامادە بوون. تەنانەت باڵیۆزی بەریتانیا کە بە رەگەز سکۆتلەندی بوو بە گاڵتەوە گوتی ئەگەر رێکنەکەون نەوتی هەرێم بۆ سکۆتلەندا ببەن! دواجار یاسایەکی نایابمان بە رەزامەندیی هەردوولا ئامادە کرد تا بچێتە ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان. بەڵام لە ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری پەیوەندیداری بەغدا نەک هەر رەتیکردەوە، بەڵکوو سووکایەتیی بە گەلی کورد کرد و گوتی: ئێمە بۆچی خۆمان بەم یاسایەوە ببەستینەوە، کورد لە بنەڕەتدا لە ژێر زەویدا جیاوازی لە نێوان ئاو و نەوت ناکات! بەهۆی ئەم عەقڵیەتەوە یاساکە پەکی کەوت تا ئەمڕۆ. دەستوور لە ماددەی 111 و 112ـدا روونە: نەوت و گاز موڵکی هەموو گەلی عێراقە، کێڵگە کۆنەکان لە لایەن حکوومەتی فیدراڵ لەگەڵ هەرێم بەڕێوەدەبرێن و، کێڵگە نوێیەکان لە لایەن هەرێم لەگەڵ بەغدا بەڕێوەدەبرێن. وشەی "پێکەوە" چەندین رۆژ مشتومڕی لەسەر کرا تا بە ئیلزامی مایەوە؛ ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەم دەستوورەدا نییە.

پێشکەشکار: بە راشکاوی، هەردوولا لە قەیرانی بێمتمانەییدا دەژین؛ چارەسەری ئەم بێمتمانەیییە چییە و کەی چارەسەر دەبێت؟

سەرۆک بارزانی: دەبێت هەردوولا هەنگاو بنێین و لە خاڵێکدا یەکتر بگرینەوە، هەروەها مافی خۆمانە گومانمان هەبێت. با بگەڕێینەوە؛ 182 هەزار هاووڵاتیی کورد کە ژن و منداڵیان تێدایە تا ئێستاش لە بیابانەکانی باشوور نێژراون، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا دەوڵەتێک چەکی کیمیایی دژ بە هاووڵاتییانی خۆی بەکارهێنا، چوار هەزار و 500 گوند خاپوور کران؛ دوای هەموو ئەم تاوانانە گەڕاینەوە بەغدا و گوتمان ئێمە بەشێکین لە عێراق و عێراقێکی دیموکراسی و فیدراڵمان لەسەر ئەو سێ بنەمایە دەوێت، کەچی ئێستا بە مووشەک و درۆن لێمان دەدرێت! بێگومان بێمتمانەیی هەیە، بەڵام دەبێت هەوڵ بدەین متمانە دروست بکەینەوە.

پێشکەشکار: ئایا دەستوور هێشتا گەرەنتیی مافی کوردە؟

سەرۆک بارزانی: دەستوورێکی باشە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەگەر وەک رابردوو جێبەجێی نەکەن چ بەهایەکی دەمێنێت؟ لە دیباجەی دەستووردا هاتووە کە "پابەندبوون بەم دەستوورە گەرەنتیی پاراستنی یەکپارچەیی عێراقە وەک گەل و خاک و سەروەری".

پێشکەشکار: ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران و کەی عێراق خاوەنی بڕیاری سەروەریی خۆی دەبێت؟

سەرۆک بارزانی: گلەیی لە کێ بکەین؟ نە لە ئەمریکا و نە لە ئێران و نە لە هیچ دەوڵەتێکی تر، گلەیی لە خودی عێراقییەکانە؛ ئەگەر خۆت نەچەمێنیتەوە، کەس ناتوانێت سواری پێت ببێت! بە دەستی عێراقییەکانە سەروەریی خۆیان بپارێزن و باشترین پەیوەندییان لەگەڵ دراوسێکان و جیهاندا هەبێت، بەڵام کاتێک دەبێت عێراق بڵێت "نەخێر"، دەبێت بە راشکاوی بڵێت "نەخێر" بۆ ئەم یان ئەو.

پێشکەشکار: دۆخی کوردانی سووریا و قسەکانی مەزڵووم عەبدی؛ ئایا لەگەڵ دروستکردنی هەرێمێکی کوردین لە سووریا یان سووریایەکی یەکگرتوو؟

سەرۆک بارزانی: کورد لە سووریا بەشێکی ئازیزی جەستەی ئێمەن، ئێمە یەک نەتەوەین. ئاواتەخواز بووین لەوەی ئێستا هەیانە زیاتریان دەستبکەوێت. لە سووریا دەرفەتێکی نوێ هەیە و ئێمە لەگەڵ شەڕ نین. گرنگ ئەوەیە یارمەتییان بدەین دۆخی خۆیان بپارێزن و لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی لە دیمەشق بگەنە لێکتێگەیشتن و وڵاتەکەیان بنیات بنێنەوە، دۆخی ئەوان کەمێک سەختە.

پێشکەشکار: ئایا ئەمریکییەکان پشتیان لە کوردی عێراق و سووریا کرد؟ ئایا کورد رووبەڕووی خیانەت بووەوە؟

سەرۆک بارزانی: بە شێوازێکی تر وەڵامت دەدەمەوە: ئەگەر پشت بە خۆت نەبەستیت و متمانەت بە خۆت نەبێت، پشتبەستنت بە کەسانی دیکە، تەنانەت ئەگەر ئەمریکاش بێت، رۆژێک دادێت دەتخات.

پێشکەشکار: ئاییندەی عێراق بەرەو کوێ دەڕوات؟

سەرۆک بارزانی: هەموو هەوڵێک لەگەڵ لایەنە شیعە و سوننەکان دەدەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم دۆخە و نایهێڵینەوە بۆ قەزا و قەدەر؛ دەبێت هەوڵی چارەسەر بدەین و پشت بە خوا دەبەستین.

پێشکەشکار: چاوەڕوانیتان لە حکوومەتی زەیدی چییە؟

سەرۆک بارزانی: هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین، و داواکاریی ئێمە تەنیا ئەوەیە دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکەن.

پێشکەشکار: لە هادی عامری چاوەڕوانی چیتان هەیە لە بارەی رێککەوتنەکە؟

سەرۆک بارزانی: دەبێت رێز لە هەردوو واژۆوەکە بگرن؛ واژۆی نێچیرڤان بارزانی و واژۆی هادی عامری. ئێمە لە لایەن خۆمانەوە پابەندین بە واژۆی نێچیرڤان بارزانی و، دەبێت چوارچێوەی هەماهەنگیش پابەند بێت بە واژۆی هادی عامری و رێزی لێ بگرێت.

پێشکەشکار: زۆر سوپاس جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ کاتەکەت و سینەفراوانیت بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان. ئایا گەشبینیت جەنابی سەرۆک؟

سەرۆک بارزانی: من هەمیشە گەشبینم، هەمیشە گەشبینم، هەمیشە.

پێشکەشکار: زۆر سوپاس.

سەرۆک بارزانی: زۆر بەخێر بێن.