ناتانیاهۆ: رووداوی فڕۆکەکەی فڵای دوبەی پێشهاتێکی مەترسیدارە

فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی "فلای دوبەی" لە دوبەیەوە بەرەو فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە تەلئەڤیڤ بەڕێکەوتبوو، دوای دروستبوونی گرژی و شەڕێک لە ناو کابینەی سەرەکیی فڕۆکەوانی، ئاراستەی گەشتەکەی گۆڕی و بە ناچاری لە فڕۆکەخانەی تەبووک لە عەرەبستانی سعوودیە نیشتەوە. ئیسرائیل رووداوەکەی بە هەوڵێکی تیرۆریستی بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە وەسفکردووە.

چوارشەممە 30ـی ئەیلوولی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رووداوەکەی بە زۆر مەترسیدار ناوبرد و رایگەیاند، فەرمانی بە دەزگا ئەمنییەکان کردووە لە ئامادەباشیدا بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی ئەگەری. راشیگەیاند "یەکێک لە فڕۆکەوانەکان بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر هاوکارەکەی و وادیارە هەوڵی داوە فڕۆکەکە بخاتە خوارەوە".

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی، دەسەڵاتدارانی سعوودیە ئەو فڕۆکەوانەیان دەستگیرکردووە کە هێرشەکەی کردووە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکەن. رایگەیاند، بەردەوام لەسەر هێڵن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی سەرنشینەکان زۆربەیان هاووڵاتیی ئیسرائیلین.

لای خۆیەوە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، رووداوەکە هەوڵێکی تیرۆریستیی جیهادی بووە و ئامانج لێی لەناوبردنی تەواوی فڕۆکەکە و سەرنشینەکانی بووە، بەڵام پلانەکە پووچەڵکرایەوە دوای ئەوەی ژمارەیەک سەرنشینی ئیسرائیلی هەڵیانکوتاوەتە سەر کابینەی فڕۆکەوانەکە و هێرشبەرەکەیان کۆنترۆڵکردووە.

لە بەرامبەردا، کۆمپانیای فڕۆکەوانیی "فلای دوبەی" لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، دەمەقاڵێ لە ناو کابینەی فڕۆکەوانەکەدا روویداوە و تیمی فڕۆکەکە توانیویانە بە گۆڕینی رێڕەوی گەشتەکە و نیشتنەوەی لە فڕۆکەخانەی تەبووک، سەلامەتیی گەشتەکە دەستەبەر بکەن. کۆمپانیاکە جەختی لەوە کردەوە، تەواوی سەرنشینان و دەستەی فڕۆکەوانی سەلامەتن و هێشتا زووە هۆکار و پاڵنەرە سەرەکییەکانی رووداوەکە دیاری بکرێن، چونکە لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی لەو بارەیەوە بەردەوامە.

هاوکات ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، دوای کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە و دڵنیابوونەوە لە رەوشی سەرنشینەکان، گەشتیارانی فڕۆکەکەی فلای دوبەی فڕۆکەخانەی تەبووکیان بەرەو تەلئەڤیڤ جێهێشتووە.