بەتۆمەتی بردنی پێنج دەفتەر دۆلار تۆمەتبارێکی گومانلێکراو دەستگیرکرا
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، تۆمەتبارێکی گومانلێکراویان دەستگیرکردووە بەتۆمەتی بردنی بڕی پێنج دەفتەر دۆلار لە هاووڵاتییەک.
چوارشەممە 30ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، بەشی نەهێشتنی تاوان، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە یەکێک لە دەستشۆر و شوێن نوێژەکانی یەکێک لەمزگەوتەکانی ناوبازاڕی سلێمانی بڕی پێنج دەفتەر دۆلاری لێ بەجێ دەمێنێت، دوای چوونەوە بۆ شوێنەکە پارەکە دیارنامێنێت. دەستبەجێ نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ناوبازاڕ ئاگادار دەکاتەوە، و دوای کۆکردنەوەی زانیاری پێویست و بەسوود وەرگرتن لە کامێراکانی چاودێری، توانرا لەسەر رووداوەکە گومانلێکراوێک بەناوی (ر، ت، م ) دەستگیربکرێت .
پۆلیسی سلێمانی روونیکردووەتەوە، دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە، توانرا بڕی 40 هەزار دۆلار واتە چوار دەفتەر دۆلار لەپارە دزراوەکە بگەڕێنرێتەوە بۆ خاوەنەکەی.
رایگەیاندووە، ئێستا تۆمەتباری گومانلێکراو بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی (446) لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراوەو لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامە.