سعوودیە داوایەکی ئیسرائیل بۆ گەڕاندنەوەی سەرنشینانی فڕۆکەی فلای دوبەی رەتدەکاتەوە
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە زانیاریی دوو سەرچاوەی ئەمنی بڵاویکردەوە، سعوودیە داواکارییەکی ئیسرائیلی بۆ رێگەدان بە فڕۆکەکانی رەتکردووەتەوە.
چوارشەممە 30ـی ئەیلوولی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاند، ئیسرائیل ویستبووی لەو رێگەیەوە ئەو سەرنشینانە بگەڕێنێتەوە کە لە فڕۆکەیەکی کۆمپانیای "فڵای دوبەی" بوون و بە ناچاری لە سعوودیە نیشتووەتەوە.
سەرچاوەکان روونیانکردەوە، ئامانج لەو داواکارییە رێگەدان بووە بە فڕۆکە سەربازییەکانی ئیسرائیل تا هاووڵاتییە ئیسرائیلییەکان لە سعوودیە بگوازنەوە، بەڵام حکوومەتی ریاز ئەو داوایەی تەلئەڤیڤی رەتکردووەتەوە و رێگەی نەداوە فڕۆکە سەربازییەکانی ئیسرائیل ئاسمان و فڕۆکەخانەکانی وڵاتەکەی بەکاربهێنن.
یەکێک لە سەرچاوەکان رایگەیاندووە: "هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکرد چەند فڕۆکەیەکی جۆری سوپەر هێرکولیس بنێرێت بۆ گواستنەوەی سەرنشینە ئیسرائیلییەکان، بەڵام ئەو پلانە سەرکەتوو نەبووە.
ئەم داواکارییەی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت، دروستبوونی دەمەقاڵێ و توندوتیژی لەنێوان فڕۆکەوانانی گەشتێکی کۆمپانیای فڵای دوبەی، کە لە دوبەیەوە بەرەو تەلئەڤیڤ بەڕێکەوتبوو، بووە هۆی نیشتنەوەی ناچاریی فڕۆکەکە لە سعوودیە.
سەرچاوە ئەمنی و فڕۆکەوانییەکان پشتڕاستیان کردەوە، رووداوەکە هیچ پەیوەندییەکی بە کردەی تیرۆریستی یان هەوڵی رفاندنی فڕۆکەوە نەبووە. ناکۆکییەکە بەهۆی دەمەقاڵێ و لێدان لەنێوان هەردوو فڕۆکەوانەکەدا سەریهەڵداوە. میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، یەکێک لە فڕۆکەوانەکان هەوڵی تێکدانی کۆنترۆڵی فڕۆکەکەی داوە، بەڵام فڕۆکەوانی دووەم بە هاوکاریی تیمی فڕۆکەوانان توانیویانە دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن.
کەناڵی 14ـی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ناکۆکییەکان لەو کاتەدا سەریانهەڵداوە کە یەکێک لە فڕۆکەوانەکان هەوڵی خۆکوشتنی داوە و ئەوەی دیکەیان رێگریی لێکردووە. لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، کۆمپانیای فلای دوبەی پشتڕاستیکردەوە فڕۆکەیەکی دیکە بۆ سعوودیە دەنێرن بۆ گواستنەوەی سەرنشینەکان بۆ شوێنی مەبەست.
لای خۆیەوە نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا جەختیکردەوە، دۆخەکە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵدایە و هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ گەڕانەوەی سەرنشینەکان بە سەلامەتی. هاوکات ناتانیاهۆ لەگەڵ بەرپرسانی بەرگریی وڵاتەکەی کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی بەپەلەی کرد.
هەر ئەمڕۆ فڕۆکەی فلای دوبەی، کە گەشتی ژمارە FZ1073 بووە و 150 سەرنشینی ئیسرائیلی هەڵگرتووە، سەرەتا نیشانەی فریاگوزاریی 7700ـی ناردووە کە ئاماژەیە بۆ دۆخێکی گشتیی نائاسایی. دواتر نیشانەکە بۆ 7500 گۆڕدراوە، کە نیشانەی دەستێوەردانی نایاساییە، بەڵام پاشان دیسان بۆ نیشانەی یەکەم گەڕاوەتەوە. فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی ئەمیرسوڵتان لە تەبووک لە باکووری سعوودیە نیشتووەتەوە.
لەگەڵ پەرەسەندنی رووداوەکە، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی ئامادە کرد و ئاستی ئامادەباشیی بەرز کردەوە. ئاسمانی ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی کاتی داخرا و دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکە لە سعوودیە، جارێکی دیکە کرایەوە. بەرپرسانی خۆجێیی سعوودیە پلانیان داناوە دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکە، لێکۆڵینەوە لە تیمی فڕۆکەکە و پشکنینی تەکنیکی بۆ فڕۆکەکە بکەن.