ئەمریکا سووریای لە لیستی قەدەخەی هەناردەکردنی چەک لابرد

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سووریا لە لیستی ئەو وڵاتانە لادراوە کە لەژێر سیاسەتی رەتکردنەوەی گشتیی مۆڵەتی هەناردەکردنی چەک، کەرەستە و خزمەتگوزارییە بەرگرییەکاندا بوون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ـی ئۆکتۆبەری 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: ئەو بڕیارە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بڕیارەکە بەو واتایە نییە گرێبەستەکانی چەک بۆ سووریا بە خۆکاری رێگەیان پێدراوە. پێشتر داواکارییەکانی مۆڵەت بۆ سووریا لەژێر سیاسەتی رەتکردنەوەی گشتیدا بوون، بەڵام دوای هەموارکردنەوەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەر داواکارییەکی مۆڵەت بە جیا تاوتوێ دەکات و بەپێی دۆخەکە بڕیار لەسەر پەسندکردن یان رەتکردنەوەی دەدات.

گۆڕانکارییەکە پشت بە سیاسەتێکی نوێی مامەڵەی بەرگری لەگەڵ سووریا دەبەستێت، کە مارکۆ روبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە 19ـی ئابی 2026 رەزامەندی لەسەر داوە و فەرمانی کردووە بە فەرمی لە رێنماییەکانی بازرگانیی نێودەوڵەتیی چەکدا جێگیر بکرێت.

وەزارەتەکە روونیکردەوە، مەرجە یاساییە پێویستەکان بۆ ئەم هەنگاوە تەواو کراون؛ لەوانە هەڵوەشاندنەوەی پۆلێنکردنی سووریا وەک وڵاتێکی پشتیوانی تیرۆر و لابردنی ئەو سنووردارکردنانەی بەپێی چەند یاسایەکی ئەمریکی سەپێندرابوون. لەنێو ئەو یاسایانەدا، یاسای لێپرسینەوە لە سووریا و گەڕاندنەوەی سەروەریی لوبنان، یاسای چاودێریکردنی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی و نەهێشتنی بەکارهێنانیان لە جەنگدا، هەروەها یاسای قەدەخەکردنی بەکارهێنانی منداڵان لە هێزە چەکدارەکاندا هەن.

ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵە بەرفراوانەکانی ئەمریکادایە بۆ سووککردنی سزا و سنووردارکردنەکان لەسەر سووریا و رێکخستنەوەی مامەڵە ئابووری و بەرگرییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە؛ ئەمەش دوای ئەوە دێت کە رژێمی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 رووخا.

ئەمریکا لە ئابی 2026 هەنگاوێکی نا کە رێگەی خۆشکرد بۆ لابردنی ئەو سنووردارکردنانەی لەسەر فرۆشتنی چەک و دارایی سەربازی مابوونەوە.