ئەمریکا سزای نوێ بەسەر کەرتی پیشەسازی و ئۆتۆمبێلی ئێران دەسەپێنێت

 ئەمریکا کۆمەڵێک سزای نوێی بەسەر گەورەترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل، هێڵی ئاسنین، پیشەسازی و کانزاکانی ئێراندا سەپاند. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی واشنتن بۆ زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر تاران دێت.

پێنجشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، کەرتەکانی هێڵی ئاسنین و پیشەسازیی ئۆتۆمبێل بەشێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی داهاتی حکوومەت و تواناکانی لۆجیستییان پێکدەهێنن. رێکارەکەی ئەمڕۆ راستەوخۆ ئەو دەمارە زیندووانە دەکاتە ئامانج کە ئێران بۆ پاراستنی ئابووریی وڵاتەکە و خۆدزینەوە لە سزاکان پشتیان پێ دەبەستێت.

سزا نوێیەکان گەورەترین دوو کۆمپانیای دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە ئێران، واتە "ئێران خۆدرۆ" و "سایپا" دەکەنە ئامانج. ئەو سزایانە بە گشتی حەوت کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی گرتووەتەوە کە بەرهەمەکانیان بۆ بازاڕی ناوخۆ دابین دەکەن و بۆ هاوبەشە بازرگانییە هەرێمییەکانیشیان هەناردەیان دەکەن، ئەمەش لەپێناو بێبەشکردنی حکوومەتی ئێران لە سەرچاوەکانی داهات.

هاوکات سزاکان کۆمپانیای "نیرۆمۆتۆر"ـی گرتووەتەوە کە بە گەورەترین کۆمپانیای دروستکردنی ماتۆڕسکیل لە ئێران دادەنرێت. لە بڕیارەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممەدا، لایەنێک لە وڵاتانی دیکەش کە هاوبەشی کەرتی ئۆتۆمبێلی ئێرانن کراونەتە ئامانج، لەنێویاندا کۆمپانیای "گۆڵدن مۆتۆرسایکل"ـی ئەندەنووسی و چەند کۆمپانیایەکی پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل لە ئیمارات، تورکیا و هۆنگ کۆنگ.

لە کەرتی هێڵی ئاسنینیشدا، سزاکان کۆمپانیا سەرەکییەکانی وەک کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی کۆماری ئیسلامیی ئێرانـی سەر بە دەوڵەت، کۆمپانیای شەمەندەفەری نەفەرهەڵگری "راجا" و کۆمپانیای تایبەتی گواستنەوەی بارهەڵگر "راهائەن حەمل و نەقل"ـی گرتووەتەوە.

سزاکان کۆمپانیا گەورەکانی بواری بەرهەمهێنانی پۆڵا و پیشەسازییەکانی دیکەی ئێرانیشی خستووەتە لیستەکەوە، لەوانە کۆمپانیای بەرهەمهێنانی کەرەستەی قورس "هێپکۆ". وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا "هێپکۆ"ـی وەک یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کەرەستەی کانزایی و رێگەوبان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێناسە کردووە و واشنتن لقی ئەو کۆمپانیایەی لە شەنگەهایـیش سزاوە.

لیستە نوێیەکەی سزاکان کۆمپانیای دیکەی لە ئیمارات و ئەڵمانیا گرتووەتەوە کە بە هاوکاریکردنی کۆمپانیاکانی پۆڵای ئێران تۆمەتبارکراون. هەروەها رێکارە نوێیەکان تۆڕێکی ئاڵۆزی هەناردەکردنی پۆڵا و نەوتیان کردووەتە ئامانج، کە لەلایەن دوو هاووڵاتییەوە سەرپەرشتی دەکرێن کە هەڵگری رەگەزنامەی ئێران و دۆمینیکانن و لە هۆنگ کۆنگ نیشتەجێن.