رواندز.. ژمارەیەک ئاژەڵ بەهۆی ژەهراویبوونەوە مرداربوونەوە
بەهۆی بەکارهێنانی ناهۆشیارانەی ماددەی ژەهراوی بە مەبەستی بەرگری لە ئاژەڵی کێوی، لە گوندی سەرانی سەر بە قەزای ڕواندز، ژمارەیەک ئاژەڵی ماڵی، سەگی پاسەوان و باڵندەی کێوی ژەهراوی بوون و لەناو چوون، فەرمانگەی ژینگەی سۆرانیش بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە دەکات.
مام کەریم، ئاژەڵدارێکی گوندی سەران لە سنووری شارۆچکەی رواندز، بە خەمبارییەوە باس لە ژەهراویبوونی ئاژەڵەکانی دەکات و دەڵێت "لە نێو هەموو زیانەکانم، زۆرتر پەرۆشی سەگە پاسەوانەکانم بووم، بە ئازار و تلانەوەیەکی زۆر دوای هەفتەیەک تۆپین. جگە لەوان، بەشێک لە بزنەکانیشم ژەهرخوارد کران و تەنیا یەک دووانێکیان ماونەتەوە."
ئەو ئاژەڵدارە ئاماژە بەوە دەکات کە سەگە پاسەوانەکان رۆڵی گرنگیان لە پاراستنی مەڕوماڵاتەکەیدا هەبووە لە بەرامبەر ئاژەڵی دڕندە، بەڵام بڵاوکردنەوەی ژەهر لە دەوروبەری گوندەکە بووەتە هۆی لەناوچوونیان.
مەترسیی ژەهرەکە تەنیا لە سنووری ئاژەڵی ماڵیدا نەمایەوە، بەڵکو باڵندە و گیاندارە کێوییەکانی ناوچەکەشی گرتووەتەوە و لاشەی ژمارەیەک باڵندەی کێوی کەوتوونەتە سەر زەوی.
هەژار ماهیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند "رەنگە ئەم کارە بەهۆی ناهۆشیاری و کەمشارەزایی خەڵکەوە بێت کاتێک دەیانەوێت بۆ پاراستنی مەڕوماڵاتیان لە ئاژەڵی دڕندە دەرمان و ژەهر بڕێژن، بەڵام ئەم کردارە کارەساتبارە؛ چونکە زنجیرەی خۆراکی تێکدەدات، ژینگە و باڵندە و ئاژەڵی ماڵی لەناو دەبات و مەترسییەکی گەورەش لەسەر ژیانی خودی مرۆڤ دروست دەکات، بەتایبەت ئەگەر منداڵان لە گوندەکە بێئاگایانە دەست لەو لاشە و دەرمانە ژەهراوییانە بدەن."
دیاردەی ژەهراویبوون نزیکەی دوو هەفتەیە لە گوندی سەران سەریهەڵداوە و گومان دەکرێت قەبارەی زیانە نەبینراوەکان زۆر لەوە زیاتر بن کە بەدی کراون، هەرچەندە ئەو دەرمانانەی بەکارهاتوون لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن و رێگەپێدراون بۆ مەبەستی دیاریکراو، بەڵام بەکارهێنانی هەڕەمەکی و بێ چاودێرییان دەبێتە هۆی کارەساتی ژینگەیی و مەترسی لەسەر تەندروستیی گشتی.