عێراق رێگە بە 40 گەشتی رۆژانەی فڕۆکە ئێرانییەکان بۆ نەجەف دەدات
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: پاش لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنی ئەمریکی، رۆژانە 40 فڕۆکەی ئێرانی دەتوانن لە فڕۆکەخانەی نەجەف بنیشنەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بەکارهێنانی دیپلۆماسی لەپێناو خزمەتکردنی کەرتی ئابووری، گەشتیاری و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی.
هەینی 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنەراوێکدا رایگەیاند: لە ئەنجامی هەوڵە بەردەوامەکانی زەیدی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی، رێککەوتن کرا لەسەر رێگەپێدان بە ئەنجامدانی 40 گەشتی ئاسمانیی رۆژانە بۆ چوون و هاتن لە نێوان فڕۆکەخانەی نەجەف و فڕۆکەخانەکانی ئێران.
بە پێی راگەیەنراوەکە، سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران جگە لە کۆمپانیای "ماهان ئێر"، دەتوانن رۆژانە گەشتەکان لە ئێرانەوە بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف و بە پێچەوانەشەوە ئەنجام بدەن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ستایشی وەڵامدانەوە و هەڵوێستی ئەرێنیی حکوومەتی ئەمریکای کرد بەرانبەر بە هەوڵ و داواکارییەکانی عێراق، لەگەڵ هاوکاریی واشنتن لە پێدانی ئەو بەخشینەی داواکراوە لە سزاکان، کە بە شێوەیەکی بەرچاو بەشدار دەبێت لە چارەکردنی ئەم دۆسیەیە و ئاسانکردنی جووڵەی زیارەتکاران و گەشتیاران، بە تایبەتی ئەو حاڵەتانەی پەیوەستن بە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، گەشتی ئایینی و گەشتیاریی گشتی.
سەرۆکوەزیرانی عێراق وەک ئەوەی لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، دووپاتی کردەوە، کەرتی فڕۆکەوانی تەنیا جووڵەیەکی سادەی گواستنەوەی نێوان دوو فڕۆکەخانە نییە، بەڵکوو پردێکی راستەقینەی پەیوەندی و لێکگەیشتنە لە نێوان گەلاندا.
هاوکات روونیشی کردەوە، لە نێو گەشتیاراندا نەخۆش هەن کە چاوەڕوانی گەیشتنن بە ناوەندەکانی چارەسەر، یان ئەو زیارەتکارانەن کە روو لە مەزارگە پیرۆزەکان دەکەن، یاخود ئەو خێزانانەن کە چاوەڕێی کۆبوونەوە و شادبوونەوەن بە کەسوکاریان بە ئاسانی و بێ کۆسپ، جیا لەوەی ئەم جووڵە ئاسمانییە گرنگییەکی یەکجار گەورەی بۆ کەرتی گەشتیاری، ئابووری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هەیە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردەوە کە عێراق لە تەواوی پەیوەندی و پەیوەندییە دەرەکییەکانیدا تەنیا لە بەرژەوەندیی باڵای گەلەکەیەوە دەست پێدەکات و، بەردەوام پەرۆشە بۆ بونیاتنانی پەیوەندییەکی هاوسەنگ، ئەرێنی و دروست لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی جیهاندا، بە ئامانجی خستنەگەڕی ئەم پەیوەندییە دیپلۆماسییانە بۆ ئاسانکردنی ژیانی رۆژانەی خەڵک و بەردەوامیدان بە پردی دۆستایەتی و پەیوەندیی نێوان گەلان.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە 8ـی ئەیلوول رایگەیاند، سزای بەسەر 36 لایەنی پەیوەندیدار بە کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران سەپاندووە، کە 27 کۆمپانیای فڕۆکەوانی دەگرێتەوە.
لە بەرامبەردا، ئیدارەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف بەپێی راسپاردەی فەرمیی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بڕیاریدابوو لە کاتژمێر 2ـی بەرەبەیانیی هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026ـەوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی هاتن و چوون بۆ ئێران تا کاتێکی نادیار رابگرێت.
عێراق لە پێناو پاراستنی ئابووریی خۆی و بەردەوامبوونی گەیشتنی دۆلار، ناچار بوو گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ ئێران رابگرێت. فڕۆکەخانەی نەجەف یەکێک بوو لە قوربانییە سەرەکییەکانی ئەم بڕیارە، چونکە ساڵانە پێشوازی لە ملیۆنان گەشتیار و سەردانیکەری ئێرانی دەکات سەردانی مەزارگە ئایینییەکان دەکەن.
هەروەها راگرتنی گەشتەکان زیانێکی گەورەی ئابووریی بە شاری نەجەف گەیاندبوو و وای کردبوو لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە تاران فشاری زۆر بخەنە سەر عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک.