دوای 217 ساڵ؛ ژیریی دەستکرد نامەیەکی کۆدکراوی ناپلیۆنی خوێندەوە

ئەندازیارێکی بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنی توانی لە رێگەی مۆدێلێکی پێشکەوتووی ژیریی دەستکردەوە و تەنیا لە ماوەی شەش کاتژمێردا، کۆدی نامەیەکی سەربازیی نهێنیی ناپلیۆن بۆناپارت، ئیمپراتۆری فەرەنسا، شیبکاتەوە کە لە ساڵی 1809ەوە بە نادیاری و بەبێ خوێندنەوە مابووەوە.

نامەکە 217 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن ناپلیۆن بۆناپارتەوە لە پاریس نووسراوە و لە رێگەی کوڕەزاکەیەوە، ئۆژین جێگری پاشای ئیتاڵیا، بۆ ژەنەراڵی فەرەنسی ئۆگست دۆ مارمۆن لە ناوچەی دالماسیا نێردراوە. تەنیا دێڕی یەکەمی نامەکە بە زمانی فەرەنسی بووە، لە کاتێکدا 24 دێڕەکەی دیکەی لە ژمارەی دووخانەیی، پیت و کۆمەڵێک هێمای دەستنووسی ئاڵۆز پێکهاتبوو؛ کلیل و ڕێبەری کۆدەکەش هەر لە کۆنەوە ونببوو، بەو هۆیەوە نامەکە بۆ زیاتر لە دوو سەدە وەک گرێکوێرەیەکی مێژوویی مابووەوە.

کارتر چێرچ، ئەندازیار لە کۆمپانیای ئاسایشی سایبەریی سێنتینڵ وەن، لە رێگەی مۆدێلی ژیریی دەستکردی (GPT-6 Astra) توانی نهێنیی نامەکە ئاشکرا بکات. چێرچ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە: سەرسوڕهێنەرترین خاڵ ئەوەیە کە ژیریی دەستکرد تەنیا لە رێگەی یەک وێنەی دەستنووسەکەوە و لە ماوەی کەمتر لە شەش کاتژمێردا، تەواوی پرۆسەکەی لە ناسینەوەی هێماکان، پۆلێنکردن، وەرگێڕان و دواجار شکاندنی کۆدەکە تەواو کرد.

بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە، ژیریی دەستکرد وێنەکەی دابەشی سەر چەندین ریز کردووە و لەنێو 175 هێمای دەستنووسدا، توانیویەتی شێوازی جیاوازی نووسینی هەمان پیت یان ژمارە دیاری بکات و دواتر مانا سەربازییەکەی لێکبداتەوە.

ناوەڕۆکی نامە نهێنییەکەی ناپلیۆن چی بووە؟

نامەکە رێنمایی و پلانی جەنگی لەخۆگرتووە بۆ ژەنەراڵ مارمۆن لە دالماسیا، کە بەهۆی سنووری نەمساوە لە سوپای سەرەکیی فەرەنسا دابڕابوو. ناپلیۆن لە نامەکەیدا هانی فەرماندەکەی دەدات لە گۆشەگیری نەترسێت و ئاشکرای دەکات کە رووسەکان لە دژی نەمسا دەستیان بە پێشڕەوی کردووە و سوپایەکی 80 هەزار کەسیی فەرەنسیش ئامادەیە.

ناپلیۆن بۆ ژەنەراڵەکەی نووسیوە: ئەگەر هێزەکانی تۆش لە دالماسیا لەگەڵ یەدەگی پشتەوەی بەرەکاندا هەژمار بکرێن، دەبینن کە لە هەموو لایەکەوە لە یەک کاتدا پەلاماری نەمسا دەدرێت، بەمەش نەمسا بە خێرایی بەرەو داڕمان و کۆتایی خۆی دەڕوات.