فڵای دوبەی گەشتەکانی بۆ تەلئەڤیڤ هەڵپەسارد
کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی (فڵای دوبەی) ئیماراتی، بە فەرمی هەڵپەساردنی کاتیی سەرجەم گەشتەکانی بۆ شاری تەلئەڤیڤ راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوە هات کە دەمەقاڵێ و پێکدادانێک لە نێو کابینەی فڕۆکەوانیی گەشتی ژمارە (FZ1073) لە کاتی فڕینیدا بەرەو ئیسرائیل روویدا و بەهۆی برینداربوونی فڕۆکەوان و یاریدەدەرەکەی، فڕۆکەکە بە ناچاری لە فڕۆکەخانەی تەبووک لە سعوودیە نیشتەوە.
هەینی، 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، غەیس ئەلغەیسی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی (فڵای دوبەی) ئیماراتی، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار، گەشتەکانی کۆمپانیاکە بۆ شاری تەلئەڤیڤ بە شێوەیەکی کاتی هەڵپەسێردراون.
هاوکات دەڵێت: ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی و هەمەلایەنە سەبارەت بە رووداوەکانی گەشتی ژمارە (FZ1073) بەڕێوەدەچێت.
لە لایەکی دیکەوە لە روونکردنەوەیەکی فەرمیدا، کۆمپانیای فڵای دوبەی، بڵاوی کردەوە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو 30ـی ئەیلوولی 2026، دەمەقاڵێ و ئاڵۆزی لە نێو کابینەی فڕۆکەوانیی گەشتی "FZ1073"دا روویداوە، کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دوبەیەوە بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بن گۆریۆنی تەلئەڤیڤ بەڕێوەبووە.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کرد، کە تیمی فڕۆکەکە توانیویانە ئاسایشی گەشتەکە بپارێزن لە رێگەی گۆڕینی ڕێڕەوی فڕینەکە و نیشتنەوەی بە سەلامەتی لە فڕۆکەخانەی تەبووک لە سعوودیە.
فڵای دوبەی دووپاتی کردەوە، کە سەرجەم سەرنشینان و ئەندامانی تیمی فڕۆکەکە سەلامەتن و هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە، هێشتا زووە بۆ زانینی هۆکار و پاڵنەرە راستەقینەکانی پشت ئەم رووداوە. هاوکات جەختی کردەوە، تەواوی وردەکارییەکان لەژێر لێکۆڵینەوەی فەرمیدان تا هۆکارەکان دەستنیشان بکرێن.
لە لایەکی دیکەوە، ئیدارەی فڕۆکەخانەی تەبووک لە سعوودیە رایگەیاند، کە لە کاتژمێر 8:44ـی سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممەی رابردوو، پەیامی فریاگوزاری و داواکاریی نیشتنەوەی لەناکاویان لە گەشتێکی فڵای دوبەیەوە پێگەیشتووە، ئەمەش وای کردووە دەستبەجێ پلانی باری لەناکاو کارا بکەن.
فڕۆکەخانەی تەبووک ئاشکرای کرد، کە پرۆسەی نیشتنەوەکە بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراوە، بەڵام فڕۆکەوان و یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە لە کاتی گەشتەکەدا بریندار بوون و راستەوخۆ بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانە کراون، بەبێ ئەوەی ئاستی برینەکانیان یان هۆکارەکەی ئاشکرا بکات.
بە پێی زانیارییەکان، لە دوای رووداوەکە فڕۆکەخانەی تەبووک بە هەماهەنگی لەگەڵ فڵای دوبەی فڕۆکەیەکی جێگرەوەیان بۆ سەرنشینەکان دابین کردووە؛ یەکێک لە سەرنشینەکان لە رێگەی کورتەنامەیەکەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندبوو: کە فڕۆکە جێگرەوەکە لە تەبووکەوە بەرەو تەلئەڤیڤ فڕیوە و گەشتەکەیان تەواو کردووە.