ئاگر لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی شاری مامۆستایان لە هەولێر کەوتەوە
لە کاتێکدا نزیکەی 10 تیمی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی رزگارکردنی دانیشتووانی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی شاری مامۆستایان بوون لە هەولێر، شایەتحاڵێک لە شوێنی رووداوەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، کە ئاگرەکە سەرەتا لە نهۆمی یەکەمەوە دەستی پێکردووە و بەهۆی کارنەکردنی سیستەمی زەنگی ئاگادارکردنەوەی باڵەخانەکە، هاووڵاتییان درەنگ ئاگادار بوونەتەوە و لە نهۆمەکانی سەرەوە گیریان خواردووە.
هەینی، 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24 گوتی: چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر ئاگر لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی شاری مامۆستایانی هەولێر کەوتەوە، بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی گیریان خواردووە لەنێو شووقەکانیان.
پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد، زیکەی 10 تیمی سەر بە بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنەکە و لە هەوڵی رزگارکردنی هاووڵاتییان و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.
سەبارەت بە ساتەوەختی دەستپێکردنی ئاگرەکە، شایەتحاڵێک لە شوێنی رووداوەکەوە بە کەناڵی کوردستان24ـی راگەیاند: "ئاگرەکە سەرەتا لە نهۆمی یەکەمەوە کەوتەوە و دواتر تەشەنەی کرد بۆ نهۆمی دووەم؛ هەرچەندە ئاگرەکە تەنیا لەو دوو نهۆمەدا بوو، بەڵام بەهۆی چڕیی دووکەڵەوە دانیشتووانی نهۆمەکانی سەرەوە گیریان خوارد و نەیانتوانی بە پلیکانەکاندا بێنە خوارەوە".
ئەو شایەتحاڵە رەخنەی لە سیستەمی سەلامەتیی باڵەخانەکە گرت و ئاشکرای کرد: "کاتێک ئاگرەکە کەوتەوە، زەنگی سیستەمی ئاگادارکردنەوەلێی نەدا؛ ئەگەر زەنگەکە لێی بدایە، خەڵک زووتر بە ئاگا دەهاتن و لە باڵەخانەکە دەهاتنە دەرەوە و گیریان نەدەخوارد".