سعوودیە ئامادەکاری بۆ هێرشێکی بەرفراوان دژ بە حووسییەکان دەکات

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی ناوچەکە و دیپلۆماتکارانی رۆژئاواییەوە ئاشکرای کرد، سعوودیە خۆی بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی سەربازی دژ بە چەکدارانی حووسی لە یەمەن ئامادە دەکات، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنەوەی گەرووی بابولمەندەب و دەستەبەرکردنی ئاسایشی کەشتیوانی لە دەریای سووردا.

هەینی 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رۆیتەرز کەوتوون، هێرشە سەربازییەکەی سعوودیە لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەستپێدەکات؛ ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر زەوی لەلایەن هێزە یەمەنییەکانی سەر بە حکوومەتی شەرعییەوە ئەنجام دەدرێت کە رەنگە ژمارەیان لە 100 هەزار چەکدار تێپەڕ بکات، لە کاتێکدا فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە لە ئاسمانەوە پشتیوانیی ئاگرینیان دابین دەکەن.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە ریاز لەبەردەم دوو بژاردەی سەربازیدایە: یەکەمیان، هێرشێکی سنووردار بۆ سەر کەناراوەکان بە مەبەستی رزگارکردنی گەرووی بابولمەندەب؛ دووەمیشیان، هەڵمەتێکی فرەبەرەیە کە لە یەک کاتدا چەندین پارێزگای یەمەن لەوانە مەئریب، بەیزا، تەعز و جەوف بگرێتەوە.

ئەم هەڵوێستەی سعوودیە دوای ئەوە هات کە مانگی رابردوو چەکدارانی حووسی پێشڕەوییان کرد و دەستیان بەسەر گەرووی ستراتیجیی بابولمەندەبدا گرت، کە رێڕەوی سەرەکیی بازرگانیی دەریای سوورە. ریاز پێی وایە تاوەکو ئەو گەرووە لەژێر دەستی حووسییەکاندا بێت، ناتوانێت هیچ دانوستانێکی ئاشتییان لەگەڵدا ئەنجام بدات.

لەسەر ئاستی پشتیوانیی نێودەوڵەتی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێگەی زانیاریی هەواڵگری و راوێژکاری سەربازییەوە هاوکاریی ریاز دەکات، هەرچەندە سەرچاوەکان دەڵێن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داواکاریی شازادە محەمەد بن سەلمانی بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی راستەوخۆ لەلایەن فڕۆکە ئەمریکییەکانەوە رەتکردووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، هاوپەیمانە ئیقلیمییەکانی سعوودیە رۆڵێکی دیار دەگێڕن؛ پاکستان لە نێوان 30 بۆ 40 هەزار سەربازی خۆی لە ناوخۆی سعوودیە جێگیر کردووە بۆ پاراستنی سنوورەکان و بەرپەرچدانەوەی درۆن و مووشەکەکانی حووسی، لە پاڵ ناردنی چوار فڕۆکەی بارهەڵگری پڕ لە چەک و سیستمی بەرگری بۆ شاری عەدەن.

هاوکات تورکیا لە رێگەی دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بەشداریی لە بەهێزکردنی سوپای سعوودیەدا کردووە، و فەرەنساش هێز و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی رەوانەی شاری یەنبەع لە کەناری دەریای سوور کردووە بۆ پاراستنی بەندەر و دامەزراوە نەوتییەکانی وڵاتەکە.

گەورەترین نیگەرانیی ریاز لەم ئۆپەراسیۆنەدا، پاراستنی ژێرخانی نەوتییە لە هێرشی مووشەکیی حووسییەکان، لە پاڵ پرسی ناڕێکخراوەیی و ململانێی ناوخۆیی نێوان کوتلە چەکدارە یەمەنییەکان کە پێشتر لەسەر زەوی کێشە لەنێوانیاندا هەبووە و سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە تا ئاستێکی زۆر بەستراوەتەوە بە ئاستی یەکگرتوویی ئەوان لە بەرەکانی شەڕدا.