گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان دوبەی و تەلئەڤیڤ دەستیانپێکردەوە

فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئیسرائیلی سەر بە هێڵی ئاسمانیی "ئارکیا" لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دوبەیەوە بەرەو فڕۆکەخانەی تەلئەڤیڤ بە رێ کەوت.

ئێوارەی رۆژی هەینی، 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە پێی داتاکانی ماڵپەڕی فەرمیی فڕۆکەخانەکانی نێوەدەوڵەتیی دوبەی،  فڕۆکەیەکی ئیسرائیلی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دوبەیەوە بەرەو فڕۆکەخانەی تەلئەڤیڤ بە رێ کەوت، کە ئەمەش یەکەمین گەشتی لەو شێوەیەیە لە دوای رووداوەکەی ئەم دواییەی فڕۆکەی "فڵای دوبەی".

لە زانیارییەکانی ماڵپەڕەکەدا هاتووە، گەشتی ژمارە  (IZ604)ـی سەر بە کۆمپانیای "ئارکیا"ی ئیسرائیلی، فڕۆکەخانەی دوبەی بەرەو فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن جێهێشت؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆمپانیای "فڵای دوبەی" ئیماراتی گەشتەکانی بۆ ئیسرائیل بە شێوەیەکی کاتی هەڵپەساردووە تا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان لە بارەی رووداوی دەمەقاڵێ و شەڕی نێو کابینەی یەکێک لە فڕۆکەکانی تەواو دەبن، کە ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو لە کاتی فڕینیدا بەرەو تەلئەڤیڤ، ناچار بوو لە فڕۆکەخانەی تەبووکی سعوودیە نیشتنەوەی لەناکاو ئەنجام بدات.

پێشتر کۆمپانیای "فڵای دوبەی" لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار بڕیاری هەڵپەساردنی گەشتەکانی بۆ تەلئەڤیڤ دابوو.

لەم بارەیەوە، غەیس ئەلغەیس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاندبوو: "لەسەر داوای دەسەڵاتداران، گەشتەکانمان بۆ تەلئەڤیڤ تا ئاگادارکردنەوەی دواتر هەڵپەساردووە؛ تیمەکانمان شەو و رۆژ کار دەکەن بۆ هاوکاریکردنی ئەو سەرنشینانەی گەشتەکانیان دواکەوتووە، تاوەکوو بە سەلامەتی بگەنە وێستگەی کۆتایی خۆیان".

ئەلغەیس دڵنیایی دابوو، لە بارەی سەلامەتیی سەرجەم سەرنشینان و تیمی فڕۆکەکە کە ژمارەیان 172 کەس بووە لەسەر گەشتی 30ـی ئەیلوول لە دوبەیەوە بۆ تەلئەڤیڤ؛ هاوکات ئاشکرای کردبوو، کە فڕۆکەوانی سەرەکیی فڕۆکەکە، کە لە رووداوەکەدا تووشی برینداری ببوو، دوای وەرگرتنی فەزامەندی و چارەسەری پزیشکی لە سعوودیە، گەڕاوەتەوە بۆ  ئیمارات.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فڵای دوبەی دووپاتی کردبووەوە، ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی، گشتگیر و ورد لەسەر سەرجەم هۆکار و پاڵنەرەکانی پشت رووداوی گەشتی FZ1073 بەردەوامە.