ئەردۆغان: سەردەمێکی نوێی سەقامگیری لە عێراق دەستیپێکردووە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

سەرۆککۆماری تورکیا، رایگەیاند: عێراق هەنگاوی کرداریی ناوە بۆ گێڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ ئەو ناوچانەی کە ساڵانێکی درێژە بە دەست ئاڵۆزی و بۆشاییی ئەمنییەوە دەناڵێنن، هاوکات پێشبینی کرد لە سەرانسەری ناوچەکەدا قۆناخی ئاشتی، ئارامی و خۆشگوزەرانی ببێتە جێگرەوەی تیرۆر و ململانێ چەکدارییەکان.

شەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "لە تەواوی ناوچەکەماندا، ئاشتی دەبێتە جێگرەوەی تیرۆر، خۆشگوزەرانی لە جێگەی ناسەقامگیری دەبێت و، پێکەوەژیانی ئاشتییانە شوێنی پێکدادان و ململانێ چەکدارییەکان دەگرێتەوە.

سەبارەت بە دۆخی سووریا، سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە وەرچەرخانە مێژوویییەکان کرد و گوتی: "لە سووریای دراوسێمان، ئەو رژێمە ستەمکارەی دەستی بە خوێنی نزیکەی یەک ملیۆن هاووڵاتیی سووری سوور ببوو، ڕووخا و لە جێگەی ئەو سیستەمێکی نوێ هاتووەتە کایەوە کە دۆستی تورکیایە."

سەرۆککۆماری تورکیا لە درێژەی گوتەکانیدا باسی لە دۆخی عێراق کرد و گوتی: "لە عێراقیش بە هەمان شێوە، ئەو ناوچانەی کە بە درێژاییی چەندین ساڵ ئاسایشیان لێ نەمابوو، ئێستا کەشوهەوا و ژینگەی ئەمنی تێیاندا سەرلەنوێ بونیاد دەنرێتەوە."

ئەردۆغان پێداگریی لەسەر ستراتیژییەتی ئەمنیی وڵاتەکەی کردەوە و رایگەیاند: ئامانجی سەرەکیی تورکیا ئەوەیە کە ناوچەکە بە تەواوەتی لە تیرۆر خاڵی بێت و، هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت ببێتە بەربەست لە نێوان ئێمە و گەیشتن بەو ئامانجەدا.