ئەمساڵ 77 کەس لە رووبارەکانی کوردستاندا خنکاون
ئامارەکانی خنکان لە چەم و رووبارەکانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرزبوونەوەی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە و تاوەکو ئێستا 77 کەس گیانیان لەدەستداوە.
سەرەڕای بەردەوامیی هۆشدارییەکان و بڵاوکردنەوەی رێنماییەکان لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە، رووداوەکانی خنکان لە چەم و رووبارەکانی هەرێمی کوردستان روویان لە زیادبوون کردووە. لە زۆر شوێندا تابلۆی "مەلەکردن قەدەخەیە" دانراوە، بەڵام هاووڵاتییان رێنماییەکان پشتگوێ دەخەن و لە پشتی تابلۆکانەوە مەلە دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 04ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 77 کەس لە ئاوی رووبار و چەمەکاندا خنکاون و تیمەکانیان توانیویانە تەرمی 76 کەس بدۆزنەوە. روونیشیکردەوە، تەنیا تەرمی یەکێک لە خنکاوەکان نەدۆزراوەتەوە و رووداوەکەش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بووە.
بەپێی ئامارەکانی بەرگریی شارستانی، ژمارەی رووداوەکانی خنکان بەسەر شار و ئیدارە سەربەخۆکاندا بەم شێوەیە دابەش بوون:
هەولێر: 21 کەس.
سۆران: 13 کەس.
زاخۆ: 11 کەس.
سلێمانی: 9 کەس.
دهۆک: 7 کەس.
راپەڕین: 5 کەس.
گەرمیان: 5 کەس.
ئاکرێ: 1 کەس.
سەبارەت بە هۆکارەکانی زۆربوونی رووداوەکان، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوە دا، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و توانەوەی بڕێکی زۆری بەفر هۆکاری سەرەکین بۆ تیژڕەویی ئاوی رووبارەکان، چونکە هێزێکی زۆر لە مەلەوان دەبڕێت و ساردیی ئاوەکەش دەبێتە هۆی گرژبوونی ماسولکەکان. هەروەها گوتی، بەشێک لە خنکاوەکان مەلەوانێکی باش بوون، هاوکات ژمارەیەک لە قوربانییەکانیش گەشتیاری شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقن.
بەرزبوونەوەی ئامارەکان لە کاتێکدایە، لە تەواوی ساڵی رابردوودا تەنیا 68 رووداوی خنکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوون، بەڵام بۆ ئەمساڵ هێشتا دوو مانگ بۆ کۆتایی ساڵ ماوە و ئامارەکە گەیشتووەتە نزیکەی 77 رووداو.
هەرێمی کوردستان بەهۆی هەبوونی چەندین چەم و رووباری گەورەی وەک زێی گەورە، زێی بچووک، خابوور و سیروان، ساڵانە لە وەرزی هاویندا دەبێتە رووگەی سەدان هەزار گەشتیار. بەتایبەتی گەشتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ رزگاربوون لە شەپۆلی گەرما، روو لە ناوچە گەشتیارییە ئاوییەکانی کوردستان دەکەن.