ستاربەکس بە تۆمەتی فریودانی کڕیاران رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە
کۆمپانیای بەناوبانگی "ستاربەکس" لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رووبەڕووی داوایەکی دادگایی بووەتەوە بە تۆمەتی هەڵخەڵەتاندنی کڕیاران، ئەمەش بەهۆی بەبازاڕکردنی هەندێک خوارنەوەی پرۆتین کە گوایە "بێشەکرن"، بەڵام لە راستیدا رێژەیەکی بەرچاو شەکریان تێدایە.
نوسینگەی پارێزەری "Hagens Berman" لە دادگایەکی فیدراڵی لە سیاتڵ، لەسەر ناوی سێ کڕیار داواکەی تۆمار کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، هەشت جۆر خوارنەوەی سەر بەم کۆمپانیایە کە بە ناونیشانی "بێشەکر" دەفرۆشرێن، لە راستیدا لە نێوان 13 بۆ 21 گرام شەکریان تێدایە.
لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای ستاربەکس تۆمەتەکانی رەت کردووەتەوە و ریگەیاندووە، ئەو شەکرەی لە خوارنەوەکانیاندا هەیە لە شیرە پرۆتینەکەوە دێت کە لە ئامادەکردنیدا بەکاردێت، نەک شەکری زیادکراو. هەروەها گوتەبێژی کۆمپانیاکە جەختی کردەوە کە ئەم بانگەشانە بێ بنەمان و لە دادگا بەرگری لە خۆیان دەکەن.
بەپێی یاساکانی ئەمریکا، ناونیشانی "بێشەکر" تەنیا بۆ ئەو بەرهەمانە بەکاردێت کە کەمتر لە 0.5 گرام شەکریان تێدایە، لە کاتێکدا هەندێک لەم خوارنەوانەی ستاربەکس بەپێی ئامارەکان نزیکن لە بەرزترین رێژەی شەکری پێشنیازکراوی رۆژانە بۆ ئافرەتان.