5 قوتابیی کۆلێژی سەربازیی زاخۆ بریندار بوون
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: پێنج قوتابی کۆلێژی سەربازیی زاخۆ، لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە بریندار بوون و، دەستبەجێ بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانە کران.
پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، بەهۆی رووداوێکی نەخوازراوی هاتوچۆوە لەسەر رێگەی سەرەکی زاخۆ ـ دهۆک، پێنج قوتابی کۆلێژی سەربازیی زاخۆ لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە بریندار بوون.
بە پێی راگەیەنراوەکە، قوتابییە بریندارەکان، دەستبەجێ بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی لە پارێزگای دهۆک کران.
سەبارەت بە باری تەندروستیی قوتابییەکان، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم ڕێکارە پزیشکیە پێویستەکانیان بۆ ئەنجام دراوە و ئێستا بارودۆخی تەندروستییان جێگیرە.