وەزیری کشتوکاڵ: پێویستمان بە پەلەوەری هاوردەکراو نییە
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتیی توند بەرامبەر بڕیارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دواخستنی باج لەسەر مریشک و هێلکەی هاوردەکراو دەردەبڕێت و داوای پێداچوونەوەی بەپەلە دەکات، هاوکات هۆشداری دەدات لەوەی بڕیارەکە کەرتی پەلەوەری ناوخۆ دەخنکێنێت و دەیان هەزار هەلی کار دەخاتە مەترسییەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە هەڵوێستێکی ناڕەزایەتیدا بۆ پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، نیگەرانی و ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دواخستنی سەندنەوەی باج لەسەر هێلکە و مریشکی هاوردە دەربڕی و داوای پێداچوونەوەی بەپەلەی کرد.
وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە کردووە، وەزیری کشتوکاڵ جەخت لەوە دەکاتەوە بەهۆی پشتبەستن بە پلانە کشتوکاڵییەکان، کەرتی پەلەوەر گەیشتووەتە قۆناخی خۆژێنی و زۆری بەرهەمهێنان بە جۆرێک لە کۆی (59) پروژەی هێلکەی مێز، ساڵانە زیاتر لە (4.8) ملیار هێلکە بەرهەم دێت (لە کاتێکدا پێویستی ناوخۆ تەنها 1.8 ملیارە)، سەروو (2,100) پروژەی مریشکی گوشت ساڵانە زیاتر لە (450) هەزار تۆن مریشک بەرهەم دەهێنن (لە کاتێکدا پێویستی هەرێم 150 هەزار تۆنە).
هاوکات وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ئەم دۆخە پیشانی دەدات بەرهەمی ناوخۆیی نەک تەنیا پێداویستی هەرێم پڕدەکاتەوە، بەڵکو دەتوانێت بۆ تەواوی عێراق دابین بکات، لابردنی باج لەسەر بەرهەمی هاوردە بازاڕ دەخنکێنێت، زیانێکی دارایی قورس بە کەرتی پەلەوەری دەگەیەنێت و دەیان هەزار هەلی کار دەخاتە مەترسییەوە.
وەزارەتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، بێگەرد تاڵەبانی لە دوو نامەی ناڕەزایەتیدا داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات لە جیاتی ئەم بڕیارە، هاوکاری دابینکەرانی ئالیک و کێڵگەکان بکات و رێگە بدات بەرهەمی زیادەی هەرێم بە ئاسانی بگاتە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق.
راگەیەنراوی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم لەکاتێدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 08ـی تشرینی یەکەمی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بڕیاری داوە بە دواخستنی وەرگرتنی باج و کرێی گومرگی لەسەر بەرهەمەکانی هێلکە و مریشک و گۆشتی ئاژەڵی هاوردەکراو.
باس لەوەش کراوە، ئامانج لەم هەنگاوە پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی بازاڕەکانی ناوخۆ و دابینکردنی ئەم ماددە سەرەکییانەیە بە نرخی گونجاو، بۆ ئەوەی لە توانای کڕینی هەموو هاووڵاتییاندا بێت.