توێژینەوەیەک: ئافرەتان لە شوێنی کارکردندا کەمتر لە پیاوان ئامادەن دان بە هەڵەکانیاندا بنێن

وێنە: ژیریی دەستکرد
وێنە: ژیریی دەستکرد

توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی لەندەن بۆ ئابووری و زانستە سیاسییەکان ئاشکرای دەکات، ئافرەتان لە ژینگەی کارکردندا کەمتر لە پیاوان ئامادەن دان بە هەڵەکانیاندا بنێن، بەتایبەت لەو تیمانەی کە پیاوان تێیاندا زۆرینەن. توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم بابەتە پەیوەندی بە هەستی سەلامەتیی دەروونییەوە هەیە لە شوێنی کار.

دانپێدانانی هەڵە لە شوێنی کاردا دەکرێت دەرفەتێک بێت بۆ فێربوون یان بێتە هۆی لاوازبوونی پێگەی فەرمانبەر؛ توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە ڕەگەزی فەرمانبەر و پێکهاتەی تیمەکەی کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئەم بڕیارە هەیە.

توێژینەوەکە لە لایەن هەردوو توێژەر گریس لۆردان و باریس وێڵ لە زانکۆی لەندەن بۆ ئابووری و زانستە سیاسییەکان (LSE) ئەنجامدراوە و لە گوڤاری "Frontiers in Organizational Psychology" بڵاوکراوەتەوە. توێژینەوەکە راپرسیی لەگەڵ 1,485 فەرمانبەری کەرتی دارایی بەریتانیا ئەنجامداوە.

ئەنجامەکانی توێژینەوەکە دەریانخستووە کە لەو تیمانەی رێژەی پیاوان 75% یان زیاترە، ئافرەتان هەست بە ئارامیی کەمتر دەکەن بۆ دانپێدانانی هەڵەکانیان، بەراورد بە پیاوان لە هەمان ژینگەدا. هەروەها ئافرەتان لەم جۆرە ژینگانەدا بڕوایەکی کەمتریان هەیە بەوەی هەڵەکان وەک دەرفەتی فێربوون سەیر بکرێن.

لە لایەکی دیکەوە، لەو تیمانەی کە ئافرەتان تێیاندا زۆرینەن، ئەم جیاوازییە لە نێوان رەگەزەکاندا بە تەواوی نەماوە. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە رەفتاری فەرمانبەران بەندە بە سیستەم و کەشوهەوای شوێنی کارەکەیانەوە، نەک تایبەتمەندییەکی جێگیری رەگەزی.

توێژەران ئاماژە بەوەش دەکەن کە ئەنجامەکان ئەوە ناسەلمێنن  ئافرەتان لەسەر هەڵەکان زیاتر سزا دراون یان پیاوان هەوڵی بێدەنگکردنی هاوکارە ئافرەتەکانیان داوە. بەڵکو توێژینەوەکە تاوتوێی لێکدانەوە و پێشبینیی بەشداربووان دەکات بۆ هەڵەیەکی گریمانەیی.

داتاكان دەریانخستووە کە هیچ جیاوازییەکی روون لە نێوان ئافرەتان و پیاواندا نییە لە پێشبینیکردنی وەرگرتنی سزای فەرمی. بەڵکو دڵەڕاوکێکە زیاتر پەیوەندیدارە بە لایەنە نەبینراوەکان، وەک دابەزینی ئاستی متمانە یان مانەوەی کاریگەریی هەڵەکە لە زبیری هاوکاران و بەڕێوەبەراندا.

لۆردان پێشنیاز دەکات کە سەرکردەکانی دامەزراوەکان بە شێوەیەکی کراوە باسی هەڵەکانی خۆیان بکان، تاوەکو گفتوگۆکردن لەسەر کۆسپەکان بێتە بەشێک لە کولتوری ئاسایی کارکردن. هەروەها دروستکردنی گرووپی هاوکاری لە نێوان هاوکارە ئافرەتەکان دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی ئەم گوشارانە.

توێژەران جەخت دەکەنەوە کە ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە تایبەتن بە کەرتی دارایی بەریتانیا و ناكرێت بۆ هەموو شوێنێکی کار گشتگیر بکرێن، بەڵام سەرنج دەخەنە سەر خاڵێکی گرنگ: رەنگە دامەزراوەیەک لەسەر کاخەز ڕێگە بە دانپێدانانی هەڵە بدات، بەڵام ژینگەکەی شێوازێک بێت کە هەموو کەسێک هەست بە هەمان ئاستی ئارامی و سەلامەتی دەروونی نکات.