لە رانیە دەستبەسەر دوو تۆن پەنیری خراپبوودا گیرا
لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لە دەڤەری راپەڕین، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای رانیە دەستیان بەسەر دوو تۆن پەنیری بێ ناونیشان و خراپبوودا گرت و سەرەنجام لەناوبرا.
رووداوەکە سەرەتا لە بازگەی سەرسیانی سەر بە بەشی بازگەکانی راپەڕین دەستی پێکرد، کاتێک لە کاتی پشکنینی ئۆتۆمبێلەکاندا، دەست بەسەر بڕی دوو تۆن پەنیری بێ ناونیشاندا گیرا کە بە شێوازێکی ناتەندروست دەگوازرایەوە.
پاش دەستبەسەرداگرتنەکە، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای رانیە پشکنینی فیزیاییان بۆ پەنیرەکە کرد و دەرکەوت کە بەهۆی گواستنەوەی بە ئۆتۆمبێلی ئاسایی (نەک بەڕاد) و بە شێوازێکی ناتەندروست، پەنیرەکە تێکچووە، بۆ دڵنیابوونی زیاتریش، نموونەیەک رەوانەی تاقیگە کرا بۆ پشکنینی مایکڕۆبایلۆجی.
دوای ئەوەی بە فەرمی دەرکەوت کە پەنیرەکە بە تەواوی بۆ خواردنی مرۆڤ شیاو نییە، بە بڕیاری لیژنەی ناوبراو تەواوی ئەو بڕە تەلەف کرا و لەناوبردا.