لە ئەمریکا پێنج ئەندامی خێزانێک کوژران

لە ناوچەیەکی ویلایەتی جۆرجیای ئەمریکا، پینج ئەندامی یەک خێزان کوژران و دواتر بکوژەکەش کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەرپرسانی ئەمنی ناوچەکە روونیانکردەوە، قوربانییەکان ئەندامانی خێزانی ئەو کەسەن کە تەقەی کردووە و دواتر خۆیشی کوشتووە، هەروەها تەرمی قوربانییەکان لەناو خانووەکەدا لە دەوروبەری دۆگلاس دۆزراونەتەوە، کە شارۆچکەیەکی بچووکە و نزیکەی 322 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەتڵانتا دوورە.

برانیین پرویت، بەڕێوەبەری پۆلیسی دۆگلاس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لێکۆڵەران پێیان وایە رووداوەکە تاوانی کوشتن و پاشان بکوژەکە خۆیشی کوشتووە، قوربانییەکانیش دانیشتووی هەمان خانووبوون کە لە ئەندامانی خێزانەکە بوون.

ئاماژەی بەوەش دا، تیمەکانی پۆلیس دوای ئەوە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە کە یەکێک لە قوربانییەکان دوای کاتژمێر 11ـی شەوی هەینی پەیوەندییەکی فریاگوزاری کردبوو، ئەفسەران لە شوێنی رووداوەکە ئافرەتێکیان بە زیندوویی دۆزییەوە، بەڵام دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەیەکی نزیک ناوچەکە گیانی لەدەست دا و بەوەش ژمارەی قوربانییەکان گەیشتە 5 کەس.

پۆلیسی دۆگلاس تا ئێستا هۆکار و پاڵنەری رووداوەکەی ئاشکرا نەکردووە و لێکۆڵینەوەکان لەبارەی رووداوەکە بەردەوامە.

ئەمە لەکاتێکدایە شەوی هەینی رووداوێکی دیکەی کوشتن لە شارۆچکەی پێری لە ویلایەتی پێنسڵڤانیا روویدا و  نۆ کەس کوژران کە لەنێویاندا ئافرەتێکی دووگیان و دوو منداڵ تێدابوون، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن بکووژەکە پاش هێرشەکە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی "زە سەن"، تۆمەتبارەکە بە چەکێکەوە لەناو ماڵێکدا خۆی حەشاردابوو، دواتر تیمێکی هێزە تایبەتەکان دەستوەردانیان کرد و پێکدادان لەنێوان هەردوولادا روویدا، دوای کۆتاییهاتنی پێکدادانەکە، پۆلیس چوونە ناو ماڵەکە و لە چەند بەشێکی جیاوازدا تەرمی چەند کەسێکیان دۆزییەوە، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن گومانلێکراوەکە بەهۆی برینەوە گیانی لەدەستداوە کە پێدەچێت خۆی تەقەی لەخۆی کردبێت.