بۆ سێیەم ساڵ زانایەکی کورد لە لیستی باشترین زانایانی جیهاندایە
زانایەکی کورد کـــــە هاوکات ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە، بۆ سێیەم ساڵی لەسەریەک لە بواری وزەدا ناوی چووە نێو لیستی 2%ـی زانایانی پێشەنگی جیهان.
دکتۆر جگەر هەرکی، زانا و توێژەری ئەکادیمی و ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند، "بە شانازییەوە بۆ ساڵی 2026 و بۆ سێیەم ساڵی لەسەریەک (2024، 2025 و 2026) لە بواری وزەدا ناوم لە لیستی 2%ـی زانایانی پێشەنگی جیهان هاتووە، ئەم لیستەش زانکۆی ستانفۆرد و دامەزراوەی ئەلسەڤیەر ئامادەی دەکەن."
سەبارەت بەو دەستکەوتە زانستییە؛ ئەو زانا کوردە ئاماژەی بەوە دا، "ئەمە تەنیا سەرکەوتنێکی کەسی نییە، بەڵکوو بەرهەمی ساڵانێک هەوڵدان، ئەنجامدانی 91 توێژینەوەی زانستی، فێربوونی بەردەوام و باوەڕبوونە بە رۆڵی کاریگەری زانست لە چارەسەرکردنی گرفتە راستەقینەکانی جیهاندا، بەتایبەتی لە بواری وزە و گەشەپێدانی بەردەوامدا."
دکتۆر جگەر هەرکی کە هاوکات پسپۆڕی بواری وزەیە، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرجەم هاوکاران و مامۆستایان و قوتابیان کرد، کە لە ماوەی رابردوودا پشتیوانیان کردووە. لەو بارەیەوە گوتی، "وەک کەسێک لە کوردستانەوە دەستم بە گەشتی زانستیی خۆم کردووە و ئێستا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کاری ئەکادیمی و توێژینەوە دەکەم، بۆ من واتا و نرخێکی زۆری هەیە."
لەسەر پەیامی بۆ گەنجان، باسی لەوە کرد، "هیوادارم ئەم دەستکەوتە ببێتە هاندەرێک بۆ توێژەرە گەنجەکانی کوردستان تاوەکوو باوەڕیان بە تواناکانیان هەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، هەروەها بە بەرهەمە زانستییەکانیان جێدەستی خۆیان لە ئاستی جیهاندا جێبهێڵن."
ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان ئەوەی خستەروو، "ئەمە کۆتایی رێگاکە نییە، بەڵکوو هاندەرێکی زیاترە بۆ بەردەوامبوون، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی گەورەتر و خزمەتکردنی زانست و کۆمەڵگە."
پێگەی 2%ـی زانایانی پێشەنگی جیهان، لیستێکی باوەڕپێکراوی نێودەوڵەتییە، ساڵانە زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکی و دامەزراوەی ئەلسەڤیەر بڵاوی دەکەنەوە. ئەم ریزبەندییە پشت بە داتاکانی بنکەی زانیاریی سکۆپوس دەبەستێت بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەریی توێژینەوەکانی زانایان لەسەر ئاستی جیهان.
ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەم لیستە، دەرخستنی رۆڵی ئەو زانایانەیە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر بەرەوپێشبردنی زانست و چارەسەرکردنی گرفتە جیهانییەکان هەبووە.