ئاگرەکەی تانجەرۆ سەری هەڵداوەتەوە و تیمەکان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدەن

سەرهەڵدانەوەی ئاگر و دووکەڵی چڕ لە تانجەرۆی سنووری سلێمانی، نیگەرانیی ژینگەیی و تەندروستیی لای دانیشتووانی ناوچەکە دروست کردووە. تیمەکانی فریاگوزاری بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە لە شوێنەکە ئامادەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، دووکەڵێکی چڕ و بۆنێکی ناخۆش ناوچەکەی گرتووەتەوە و ئاستی بینینی لە دەوروبەری شوێنی رووداوەکە بەتەواوی دابەزاندووە. سەرەڕای ئەوەی تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە کاتژمێر 4 بۆ 5ـی بەرەبەیانەوە لە شوێنەکە ئامادەن، بەڵام ئاگرەکە بە ئاو نەکوژاوەتەوە.

ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا بە هەماهەنگیی نێوان شارەوانی، بەرگریی شارستانی و کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی خاشاک، رێگەیەکی جێگرەوە بەکاردەهێنرێت. تیمەکان لە رێگەی ئامێرە قورسەکانەوە خۆڵ و خاکی بەسەردا دەکەن تا گڕ و دووکەڵەکە دابپۆشرێت و بەتەواوی بکوژێتەوە.

گوتیشی: دووکەڵەکە مەودایەکی فراوانی گرتووەتەوە و گەیشتووەتە گەڕەکی هوانە و چەند ناوچەیەکی دیکەی دەوروبەری تانجەرۆ. ئەم دۆخە هەڕەشەیە بۆ سەر ژینگەی گوند و ماڵەکانی نزیک شوێنەکە، کارگە و کۆگاکان، تەنانەت خانووە پلاستیکییە کشتوکاڵییەکانی سنوورەکەش.

شارەزایانی ژینگە هۆشداری دەدەن کە سووتانی پاشماوەی خۆڵ و خاشاک کاریگەریی مەترسیداری کورتخایەن و درێژخایەنی بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ و ژینگە هەیە. بەپێی ئامارەکان، لە مانگەکانی وەرزی هاوین و پاییزدا، رۆژانە نزیکەی هەزار تۆن پاشماوە لە سنووری سلێمانی کۆدەکرێتەوە. سەرەڕای بوونی کارگەی ریسایکڵینیش، بەشێکی زۆری ئەو خاشاکە لە تانجەرۆ کەڵەکە دەکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، ئاگرەکەی ناوچەی فڕێدانی خۆڵ و خاشاکی تانجەرۆ، کە یەکەمجار هەینیی رابردوو بەهۆی هەورەتریشقەوە کەوتبووەوە، جارێکی دیکە سەری هەڵداوەتەوە. تیمەکانی شارەوانی دوای سێ رۆژ هەوڵدان توانیبوویان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام بەهۆی سروشتی پاشماوەکان و مانەوەی گڕ لە ژێرەوە، ئاگرەکە دووبارە سەری هەڵداوەتەوە.

شارەوانیی سلێمانی روونیکردەوە، تیمەکانیان ئێستا بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئاگرەکە.

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە گڕتێبەردانی بەئەنقەستی ئاگرەکە دەکەن، سەرۆکایەتیی شارەوانی رایگەیاند، هاووڵاتییانی ناوچەکە شاهیدی رووداوەکەن و ئاگرەکە بە هیچ شێوەیەک بەئەنقەست نەبووە. شارەوانی جەختی کردەوە، هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەوە نییە کەسێک ئاگرەکەی کردبێتەوە، بەڵکو هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شوێنەوارەکانی ئاگرەکەی پێشوو و هەورەتریشقە.

لە کۆتایی روونکردنەوەکەدا، سەرۆکایەتیی شارەوانی داوای لە هاووڵاتییان کرد ماندووبوونی تیمەکانیان لەبەرچاو بگرن. شارەوانی هیوای خواست بەردەوامیی هەوڵەکان ببێتە هۆی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی ئاگرەکە و رێگرتن لە دووبارە هەڵگیرسانەوەی.