باڵیۆزی ئێران لە لەندەن تۆمەتەکانی بەریتانیا سەبارەت بە رووداوی بنکەی فەیرفۆرد رەتدەکاتەوە
باڵیۆزی ئێران لە بەریتانیا، لە میانەی دیدارێکیدا لەگەڵ ستیڤن دووتی، جێگری وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تۆمەتەکانی لەندەنی سەبارەت بە دەستتێوەردانی تاران لە رووداوی بنکەی سەربازیی فەیرفۆرد بە تەواوی رەتکردەوە و داوایکرد لایەنی بەریتانی لە هەڵوێستی بێ بەڵگە خۆی بەدوور بگرێت.
دووشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەپێی راپۆرتی ئاژانسی "ئیرناـی ئێرانی، سەید عەلی موسەوی، باڵیۆزی ئێران لە بەریتانیا، جەختی کردەوە تاران هیچ جۆرە دەستتێوەردانێکی لەو رووداوەدا نەبووە و ئەگەر لەندەن هەر بەڵگە و دۆکیۆمێنتێکی لەبەردەستدایە، پێویستە بیخاتەڕوو. ئاماژەی بەوەش کرد ئێران پێشتریش داوای لە حکوومەتی بەریتانیا کردبوو لە بڕیاری پەلەپەل و بێ بنەما دژ بە تاران دوور بکەوێتەوە.
باڵیۆزی ئێران ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ هەماهەنگیی نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەردوو وڵات بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە راستیی دۆسیەکە. هەروەها پێداگریی تارانی لەسەر پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان، رێزگرتن لە سەروەریی خاکی وڵاتان و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی دووپاتیکردەوە و روونیکردەوە، شەرمەزارکردنی دەستدرێژییە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران بە هیچ شێوەیەک بە مانای تێوەگلان لە رووداوەکەی بنکەی فەیرفۆرد نییە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە ئەندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، دووشەممە لە وتارێکیدا لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی (ئەنجوومەنی گشتی)، بەبێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەکی ئاشکرا تۆمەتەکانی پێشووی دووپات کردەوە و باسی لە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر تاراندا کرد.
هاوکات بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان، لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی دژەتیرۆری بەریتانیا سەبارەت بە رووداوەکەی 27ی سێپتێمبەر بەردەوامن و سەرجەم ئەو حەوت کەسەی لەسەر ئەم دۆسیەیە دەستبەسەر کرابوون بە کەفالەت ئازاد کراون، پۆلیس پێشتریش پشتڕاستی کردبووەوە لە پشکنینی ئۆتۆمبێلە پەیوەندیدارەکاندا هیچ کەرەستەیەکی تەقینەوەی دەستکرد نەدۆزراوەتەوە. باڵیۆزخانەی ئێرانیش لە لەندەن سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانەی بە "بێ بنەما و مەبەستدار" لەقەڵەم داوە و هۆشداریی لە لێکەوتەکانی تۆمەتبارکردنی بێ بەڵگە داوە.