لە مانگی ئەیلوولدا زیاتر لە 6 هەزار حاڵەتی جیابوونەوە لە عێراق تۆمارکراوە
بەپێی نوێترین ئاماری فەرمی کە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، لە مانگی ئەیلوولی رابردوو، زیاتر لە 35 هەزار پرۆسەی هاوسەرگیری و لە بەرامبەریشدا نزیکەی 7 هەزار حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران لە دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق تۆمارکراون.
لە ئامارەکەدا کە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە جگە لە هەرێمی کوردستان، هاتووە؛ کۆی گشتی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری لە مانگی ئەیلوولدا گەیشتووەتە (35,440) گرێبەست، بەڵام لە هەمان مانگدا (6,741) حاڵەتی جیابوونەوەش تۆمارکراوە.
بەپێی داتاکان، پارێزگای بەغدا بە هەردوو ناوچەی کەرخ و رەسافەوە، زۆرترین رێژەی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی تێدا تۆمارکراوە بەم شێوەیە:
- لە دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافە زۆرترین حاڵەت هەبووە، کە تیایدا (4,740) گرێبەستی هاوسەرگیری و (1,331) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە.
-دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرخ لە ریزبەندی دووەمدایە بە تۆمارکردنی (4,198) گرێبەستی هاوسەرگیری و (1,184) حاڵەتی جیابوونەوە.
دوای بەغدا، پارێزگای نەینەوا بە پلەی سێیەم دێت کە (4,055) هاوسەرگیری و (678) جیابوونەوەی تێدا تۆمارکراوە، هەروەها پارێزگای بەسرەش (2,889) هاوسەرگیری و رێژەیەکی بەرزی جیابوونەوەی هەبووە کە (657) حاڵەت بووە.
لە بەرامبەردا، پارێزگای موسەننا کەمترین رێژەی لە هەردوو پرۆسەکەدا تۆمارکردووە، کە تەنها (912) گرێبەستی هاوسەرگیری و (157) حاڵەتی جیابوونەوەی تێدا بووە، پارێزگای واستیش بە هەمان شێوە ئاماری جیابوونەوەی تێدا کەمە کە (160) حاڵەت بووە.
بەرزبوونەوەی رێژەی جیابوونەوە لە عێراقدا بووەتە جێگەی نیگەرانی ناوەندە کۆمەڵایەتی و یاساییەکان، کە زۆرجار هۆکارەکەی بۆ خراپی باری ئابووری، بەکارهێنانی نادروستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هاوسەرگیری پێشوەختە (خوار تەمەنی یاسایی) دەگەڕێننەوە.