لە گەرمیان سزای لەسێدارەدان بەسەر چوار کەسدا سەپێندرا

ئەمڕۆ چوارشەممە، 14می تشرینی یەکەمی 2026، دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرکووک - گەرمیان سزای لەسێدارەدانی بۆ چوار کەس بە تۆمەتی کوشتن لە گوندی خاڵەبەگی سەر بە ئیدارەی گەرمیان دەرکرد.

سەرچاوەیەکی پۆلیسی گەرمیان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیارەکە پەیوەستە بەو رووداوەی لە 29ـی 12ـی ساڵی رابردوو لە گوندی خاڵەبەگ روویدا و بووە هۆی کوژرانی چوار کەس.

سەرچاوەکە روونیکردەوە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لەو دۆسیەیەدا، پێشتر 14 کەس بە تۆمەتی بەشداریکردن لەو تاوانەدا دەستگیرکرابوون.

بەگوێرەی بڕیاری دادگا، جگە لە سزای لەسێدارەدانی چوار تۆمەتبارەکە، شەش کەسی دیکەی بەشداربوو لەو دۆسیەیە سزای 15 ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا و چوار کەسی دیکەش بێتاوان ناسێنران و ئازاد کران.

19ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، بەهۆی نوێبوونەوەی ناکۆکییەکی کۆنی نێوان دوو خێزان لەسەر زەوی و زار، شەڕ دروست بوو و بەهۆیەوە 11 کەس کوژران و بریندار بوون.

رەفیق سابیر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە گەرمیان بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، لە رووداوەکەدا چوار کەس کە خەڵکی گوندی خاڵە بەگ کوژران و حەوت کەسی دیکەش برینداربوون، روونیشیکردەوە، سێ لە کوژراوەکان برا بوون.