ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: کەمیی گازوایل تا ساڵی 2027 بەردەوام دەبێت
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا هۆشداری دا، بەهۆی ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان، ئەگەری هەیە کەمیی دابینکردنی گازوایل لە بازاڕەکانی جیهاندا تا ساڵی 2027 درێژەی هەبێت.
چوارشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی راپۆرتی مانگانەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، لە مانگی ئەیلوولدا بەهۆی کەمبوونەوەی توانای پاڵاوتن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تێچووی پاڵاوتنی گازوایل بۆ هەر بەرمیلێک گەیشتە نزیکەی 95 دۆلار. ئاژانسەکە جەختیکردەوە، بەرزبوونەوەی نرخەکان تێچووی کاڵاکان زیاد دەکات و گوشار دەخاتە سەر داهاتی راستەقینە و چالاکییە ئابوورییەکان، هاوکات رێژەی هەڵاوسانیش بەرزتر دەکات.
سەرەڕای پێشبینییەکان بۆ باشتربوونی پڕۆسەکانی پاڵاوتن لە جیهاندا تا کۆتایی ساڵ، ئەو باشبوونە نابێتە هۆکار بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە بەرهەمە مامناوەندەکانی پاڵاوتندا کۆبووەتەوە، کە گازوایل و سووتەمەنی فڕۆکە و جۆرەکانی دیکەی سووتەمەنی پەیوەندار بە پاڵاوتنی نەوت لەخۆدەگرێت.
وڵاتانی ئەندام لە ئاژانسەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی بەرزبوونەوەی نرخەکان، هەماهەنگی دەکەن لەپێناو راکێشانی 100 ملیۆن بەرمیل نەوت و گازوایل لە کۆگاکانی ستراتیژی. ئەمەش لە کاتێکدایە کە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گواستنەوە رووبەڕووی گوشار بوونەتەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، پرۆسەی راکێشانی نەوت لە کۆگاکان خاو بووەتەوە و لە مانگی ئەیلوولدا بۆ نزیکەی 270 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیوە، بە بەراورد بە تێکڕای 2.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لە نێوان مانگەکانی ئازار و حوزەیراندا. تا کۆتایی ئەیلوول کۆی گشتیی ئەو بڕەی لە کۆگاکانی فریاکەوتن راکێشراوە، گەیشتووەتە 331 ملیۆن بەرمیل، لە کاتێکدا بڕی زیاتر لە کۆگاکانی ئەوروپا و ئەمریکا و ئاسیا و ئۆقیانووسیا ماون.
گازوایل زیاتر لە 200 ملیۆن بەرمیل لە کۆی گشتیی کۆگاکانی وڵاتانی ئەندام پێکدەهێنێت کە نزیکەی یەک ملیار بەرمیلە. ئاژانسەکە هۆشداری دا کە بەردەوامبوونی بەکارهێنانی ئەو یەدەگانە، توانای بازاڕەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لاواز دەکات و رەنگە لە مانگەکانی داهاتوودا ببێتە هۆی ئاڵۆزیی زیاتر، پێش ئەوەی لە ساڵی 2027دا ئەگەری دروستبوونی زیادەی بەرهەم دەربکەوێت.
ئاژانسەکە پێشبینی دەکات لە ساڵی 2026دا خواست لەسەر نەوت لە جیهاندا رۆژانە 2.6 ملیۆن بەرمیل دابەزێت، کە یەک لەسەر چواری ئەو دابەزینە پەیوەندی بە دیزلەوە هەیە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاستی خستنەڕوو رۆژانە نزیکەی 5.8 ملیۆن بەرمیل کەم دەبێتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2027دا ئاستی خستنەڕوو رۆژانە 7.7 ملیۆن بەرمیل بەرزبێتەوە و بازاڕ بگەڕێتەوە بۆ دۆخی زیادەی بەرهەم.
لە مانگی ئەیلوولدا هەناردەی نەوتی خاوی بەرهەمهێنەرانی کەنداو رۆژانە 4.4 ملیۆن بەرمیل بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە نزیکەی 75%ـی ئاستی پێش جەنگەکە. هەروەها جووڵەی گواستنەوەی دەریایی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە رۆژانە 3.7 ملیۆن بەرمیل زیادیکرد و گەیشتووەتە 10.9 ملیۆن بەرمیل.
ئاژانسەکە هۆشداری دا کە پەرەسەندنی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە و تانکەرەکانی نەوت لە ناوچەکەدا، رەنگە رێگری لە چاکبوونەوەی زیاتری بازاڕەکان بکات و بازاڕەکانی وزەی جیهانی بە کراوەیی بهێڵێتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵۆزییەکان.