نەوزاد شێخ کامیل: هەر کەسێک نرخ بەرزبکاتەوە رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە

 بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ژمارەیەک لە کاڵا و ماددە خۆراکییە بنەڕەتییەکان، کاریگەریی بەرچاوی لەسەر کۆنترۆڵکردنی نرخ دەبێت، هاوکات جەختی لەوە کردەوە لیژنەکانیان بەردەوام چاودێریی بازاڕ دەکەن بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی دابەزینی بەهای دینار.

چوار شەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە باسی رۆژ لە کوردستان24 رایگەیاند، بڕیارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ لێخۆشبوونی گومرگی، ئامانج لێیان کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی دابەزینی بەهای دینار و رێگریکردنە لە هەڵئاوسان و گرانبوونی نرخی پێداویستییە سەرەکییەکان لە بازاڕدا.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی جەختی کردەوە، لیژنەکانی چاودێریی بازاڕ بەردەوام بەدواداچوون بۆ نرخەکان دەکەن تاوەکو هاووڵاتییان راستەوخۆ سوودمەند بن لە بڕیارە ئابوورییەکان، و گوتیشی: "رێگە بە هیچ قۆرخکاری و بەرزکردنەوەیەکی نایاسایی نرخ نادرێت، و هەر سەرپێچیکارێک بە توندی رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە."

دەربارەی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییانیش، نەوزاد شێخ کامیل ئاشکرای کرد، ساڵانە هەشت بەشەخۆراک دابەش دەکرێت. دووپاتیشی کردەوە سەرجەم کەرەستە و ماددە خۆراکییەکان بەر لە دابەشکردنیان، پشکنینی وردی تاقیگەییان بۆ دەکرێت تاوەکو لە رووی تەندروستی و کوالێتییەوە دڵنیایی تەواو بدرێتە هاووڵاتییان.