لە بازاڕەکانی عێراق نرخی هێڵکە بەرزبووەوە

نرخی یەک تەبەقە هێلکە لە بازاڕەکانی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و لە هەندێک ناوچەی بەغدا نرخەکەی گەیشتووەتە 10 هەزار دینار. بازرگانان هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیە بۆ دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و وەرگرتنی گومرک و سەرانە لە بازگەکانی نێوان شارەکان دەگەڕێننەوە.

لە بازاڕەکانی بەغدا نرخی یەک تەبەقە هێلکە بە 9 هەزار تا 10 هەزار دینار دەفرۆشرێت، ئەوەش دوای ئەوەی لە عەلوەی جەمیلە، کە ناوەندی سەرەکیی کۆفرۆشانی هێلکەیە، نرخی فرۆشتن بەرزکرایەوە.

هیشام حەمێداوی، بازرگانی هێلکە بە کوردستان24ـی راگەیاند: ئەم عەلوەیە تەنیا شوێنی جێبەجێکردنی بڕیارەکانە، کاتێک خاوەن کۆمپانیاکان نرخی هەر کارتۆنێکیان بە 82 هەزار دینار دیاریکردووە، ئێمە ناتوانین بە کەمتر بیفرۆشین.

حەمێداوی گوتیشی: خاوەن مارکێتەکان ناچارن نرخەکە بەرزتر بکەنەوە، چونکە بازگەکان و گومرکەکانی نێوان شارەکان پارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکان وەردەگرن و حکومەتیش هیچ هاوکارییەکیان ناکات.

لە بەرامبەردا عەباس جبووری، شرۆڤەکاری ئابووری دەڵێت: حکومەت ئەگەر چاودێریی بازاڕیش بکات، بازرگانەکان پابەند نابن.

جبووری روونیکردەوە، بڕیاردرا تەبەقەیەک هێلکە بە 5 هەزار دینار بفرۆشرێت، بەڵام ئێستا بە 10 هەزار دینارە؛ هەروەها نرخی گۆشتیش بە 17 هەزار دینار دیاریکرا، کەچی بە 23 هەزار دینار دەفرۆشرێت. بە بۆچوونی ئەو، نەبوونی سزای توند بۆ سەرپێچیکاران وایکردووە بازرگانان پابەندی بڕیارەکانی حکومەت نەبن.

بازاڕەکانی عێراق بە رێژەی زیاتر لە 80%ـی پشت بە هاوردەکردنی خۆراک و پێداویستییە رۆژانەییەکان دەبەستن کە بە دۆلار دەکڕدرێن. ئەم دۆخەش بووەتە هۆی پاشەکشەی جوڵەی بازرگانی و زیانگەیشتن بە کاسبکار و بازرگانە بچووکەکان، تەنانەت نرخی بەرهەمە ناوخۆییەکانیش بەهۆی ئەو کاریگەرییە زنجیرەییانەوە رووی لە زیادبوون کردووە.