خوێندنی باڵا داشکاندنی نوێ لە کرێی خوێندنی زانکۆ حکوومییەکان رادەگەیەنێت
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، بڕیاری داشکاندنی 50% لە کرێی خوێندن بۆ ئەو خێزانانە دەرکرد کە دوو قوتابی یان زیاتریان لە زانکۆ حکوومییەکان بە سیستەمی پارالێل یان ئێواران وەرگیراون، ئەم داشکاندنەش لە دوای لێدەرکردنی داشکاندنە گشتییەکەی 45% لە بڕی پارەی ماوە ئەژمار دەکرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە فەرمانێکی نوێی وەزاریدا بە ژمارە (1931) کە لە رێکەوتی 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەرچووە، بڕیارێکی گرنگی بۆ کەمکردنەوەی کرێی خوێندن بۆ ئەو خێزانانە راگەیاند کە هاوکات چەند ئەندامێکیان لە زانکۆ حکوومییەکان دەخوێنن.
بە پێی دەقی فەرمانە وەزارییەکە، پاڵپشت بە بڕیارەکانی پێشووی ئەنجوومەنی وەزارەت و بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دارایی هاووڵاتییان، بڕیار دراوە بە جێبەجێکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027):
-ئەو خێزانانەی کە دوو قوتابی یان زیاتریان لە سیستەمی خوێندنی پارالێل یان ئێواران لە زانکۆ حکوومییەکاندا دەخوێنن، بە هەمان شێوازی ساڵانی رابردوو لێخۆشبوون بۆ هەریەکێکیان بە رێژەی (50%) لە کرێی خوێندنەکەیان دەکرێت.
-شێوازی هەژمارکردنی ئەم داشکاندنە بە جۆرێک دەبێت کە سەرەتا داشکاندنە گشتییەکەی رێژەی (45%) لە کۆی گشتیی کرێی خوێندن لێ دەردەکرێت، پاشان ئەم داشکاندنی (50%)ـە لەو بڕە پارەیەی کە دەمێنێتەوە بۆ قوتابییەکان دادەشکێنرێت.
-ئەم بڕیارەی لێخۆشبوون سەرجەم قوتابییانی قۆناخەکانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا دەگرێتەوە، بە ئاستەکانی: (دیپلۆم، بەکالۆریۆس، دیپلۆمی باڵا، ماستەر، و دکتۆرا) لە سەرجەم زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستاندا.
-بڕیارەکە بە شێوەیەکی فەرمی بۆ ساڵی نوێی خوێندنی (2026-2027) دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
