شارەوانی دهۆک زیاتر لە 3000 پارچە زەوی دابەش دەکات

ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی زیاتر لە سێ هەزار پارچە زەوی لە دهۆک دەکرێت.

دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی پارێزگای دهۆک بە کوردستان24 ـی گوت، لیژنەکانیان سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارەکانن بۆ ئەوەی زیاتر لە سێ هەزار پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان دابەش بکەن.

گوتیشی، ئەگەر ئەو هەفتەیە رێکارەکان تەواونەکران، بە دڵنیاییەوە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی قۆناخێکی دیکەی زەوی رادەگەیەنن و ئاماژەی بەوەشدا، زەوییەکان دەکەونە شوێنێکی گونجاو و ستراتیژی دهۆک. بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی پارێزگای دهۆک ئاشکراشی کرد، لەم قۆناخەدا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی رۆڤیا، کۆرا و فەیدیێ دابەش دەکرێن و هەزاران فەرمانبەر و خانەنشین سوودمەند دەبن.

راشیگەیاند، رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر، پێشمەرگە یان خانەنشینێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بەگوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێت. 

بە گوێرەی داتاکان تاوەکو ئێستا شارەوانی دهۆک بە چەند قۆناخێک زیاتر لە 20 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەش کردووە و لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە 130 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین لە پرۆسەی وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون.