وەزارەتی کار رێکارەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ رۆژنامەنووسان رادەگەیەنێت
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کار لەسەر رێوشوێنەکانی دەستەبەرکردنی ماف و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی رۆژنامەنووسان دەکات و رایدەگەیەنێت؛ لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی کارگێڕیدا میکانیزمی پابەندکردنی دەزگاکانی راگەیاندن و چۆنیەتیی هەژمارکردنی ساڵانی خزمەت رادەگەیەنرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر پرسی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ رۆژنامەنووسان و رایگەیاند: "ئەو رۆژنامەنووسانەی کە لە هەمان کاتدا فەرمانبەری حکوومەتن، دەستەبەری کۆمەڵایەتی نایانگرێتەوە، چونکە لێبڕینی خانەنشینییان هەیە".
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی روونیکردەوە کە ئەنجوومەنێکی کارگێڕی بە سەرۆکایەتیی بریکاری وەزیر و بە ئەندامێتیی بەڕێوەبەرە گشتییەکان پێکهێنراوە و مانگانە کۆدەبێتەوە، ئەرکی ئەو ئەنجوومەنەش دانانی کۆمەڵێک رێوشوێنە بۆ ئەوەی دەزگاکانی راگەیاندن پابەند بکرێن بە دەستەبەرکردنی کارمەند و رۆژنامەنووسەکانیان.
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو رۆژنامەنووسانەی ساڵانێکە لە دەزگاکاندا کار دەکەن و تا ئێستا دەستەبەر نەکراون، کوێستان محەمەد ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پرسەش لە چوارچێوەی رێکارە نوێیەکاندا یەکلا دەکرێتەوە و دیاری دەکرێت کە ئایا ئەو ساڵانەی پێشوویان بۆ هەژمار دەکرێت یاخود نا.
لە کۆتاییدا وەزیری کار ئاشکرای کرد، لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کارگێڕیدا، تەواوی رێنمایی و رێکارەکان پەسەند دەکرێن و بە فەرمی بۆ رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندن بڵاودەکرێنەوە.