نەگەڕانەوەی وەزیری دارایی کێشە بۆ ناردنی لیستی مووچە دروست دەکات

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی تەواوکردنی لیستی مووچەی مانگی 10ـیە بۆ ئەوەی رەوانەی بەغدای بکات، بەڵام بەهۆی نەگەڕانەوەی وەزیری دارایی بۆ سەر کارەکەی، ناردنی لیستەکە رووبەڕووی کێشە دەبێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی رایگەیاند، لەم یەک یان دوو رۆژەدا لیستی مووچەی مانگی 10 ئامادە دەکرێت.

لەگەڵ ئەوەی تیمەکانی وەزارەتی دارایی سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی مووچەن، بەڵام ناردنی لیستەکە بۆ بەغدا پێویستی بە واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوورییە. سەرەڕای ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی ئەو وەزیرەی رەتیکردەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستە نەگەڕاوەتەوە بۆ ناو وەزارەت و دەستی بە کارەکانی نەکردووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کرد، تەنیا وەزیری دارایی دەسەڵاتی واژۆکردنی ئەو لیستەی هەیە و هیچ بەرپرسێکی دیکەی وەزارەتەکە ناتوانێت ئەو کارە بکات، بۆیە ئەگەر لەم یەک بۆ دوو رۆژەدا وەزیر نەگەڕێتەوە، ناردنی لیستی مووچەی مانگی 10 بۆ بەغدا رووبەڕووی کێشە دەبێتەوە و دوادەکەوێت.

لەلایەکی دیکەوە دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە گوایە لیستی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی بە جیا دەنێردرێتە بەغدا، سەرچاوەکە ئەوەی رەتکردەوە و جەختی لەوە کرد، هەموو مووچەخۆران لە یەک لیستی هاوبەشدا رەوانە دەکرێن و هیچ جیاکردنەوەیەک نابێت.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە دا، بۆ لیستی مووچەی مانگی 10، هەرێمی کوردستان داوای یەک ترلیۆن و 64 ملیار دیناری کردووە، بەڵام بڕی 90 ملیار دینار بۆ خانەنشینی و باج دەبڕدرێت. لە هەمان کاتدا حکوومەتی عێراق بڕی 120 ملیار دینار لە پشکی داهاتی ناوخۆ کەمدەکاتەوە، بەمەش نزیکەی 830 بۆ 850 ملیار دینار وەک پارەی مووچەی مانگی 10 بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت.

لە کاتێکدا لە عێراق دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 دەستی پێکردووە، پێشبینی دەکرێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە مانگی رابردوو زووتر دابەش بکرێت و پارەدارکردنی مووچەش بکەوێتە کۆتایی هەفتەی داهاتوو.

رۆژی 30ی ئەیلوولی 2026، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی چەند کێشە و دەستوەردانێک لە کاروباری وەزارەتەکەیدا، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی سەرۆکوەزیران کرد. سەرەڕای ئەوەی لە 19ی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەکەی رەتیکردەوە، بەڵام ئەو وەزیرە هێشتا نەگەڕاوەتەوە بۆ سەر کارەکەی.