نەتەوە یەکگرتووەکان: بەهۆی دەستپێکردنەوەی شەڕ لە یەمەن زیاتر لە 250 هەزار کەس ئاوارە بوون
کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، لە دوای دەستپێکردنەوەی ئاڵۆزی و شەڕ و پێدادانەکان لە مانگی ئابەوە، زیاتر لە 250 هەزار کەس لە ناوخۆی یەمەن ئاوارە بوون، هاوکات رێکخراوەکە نیگەرانیی قووڵی خۆی لە تێکچوونی دۆخی مرۆیی ئەو وڵاتە دەربڕیوە.
کۆمسیۆنی باڵای مافی پەنابەران (UNHCR) رایگەیاند، زیاتر لە 250 هەزار کەس لە ناوخۆی یەمەن ئاوارە بوون لە دوای مانگی ئاب، واتە کەمێک دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە نێوان حکوومەتی یەمەن بە پاڵپشتیی سعوودیە و حووسییەکان.
ماتیو سالتمارش، وتەبێژی کۆمسیۆنەکە لە جێنێڤ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، رێکخراوەکەیان "بە قووڵی نیگەرانە لە خراپتربوونی دۆخی ئاوارەبوون لە یەمەن، چونکە ژمارەی ئاوارەکان سنووری 250 هەزار کەسی تێپەڕاندووە"، و روونی کردەوە، ئەو کەسانە لە نێوان 1ی ئاب تاوەکو 17ی تشرینی یەکەم لە ناوخۆی یەمەندا ئاوارە بوون.
وڵاتی یەمەن لە دوای ساڵانێک لە ئارامیی، لە مانگی تەممووزدا دیسانەوە کەوتەوە ناو ئاگری شەڕەوە، ئەوەش دوای تێوەگکانی لە ململانێ هەرێمییەکان کە لە کۆتاییەکانی شوباتدا لە ئەنجامی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران سەری هەڵدا.
سالتمارش ئاماژەی بەوەش کرد، پارێزگای تێز لە رۆژئاوای وڵاتەکە "سەرچاوەی نیگەرانییێکی زۆر گەورەیە"، چونکە 76%ی حاڵەتەکانی ئاوارەبوونی لێوە دەست پێ دەکات و میوانداریی 52%ی ئاوارە نوێیەکان دەکات.
کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران رایدەگەیەنێت کە هاوکاریی دارایی بەپەلە پێشکەش دەکات و پاڵپشتییەکانی بۆ دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی فریاگوزاریی زیاتر دەکات، هەروەها لەگەڵ هاوبەشەکانیدا کار بۆ دابینکردنی پەناگە و پێداویستییە سەرەکییەکان دەکات بۆ خێزانە ئاوارەبووە نوێیەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا، سالتمارش جەختی کردەوە کە "ئاستەنگەکانی گەیشتن بە ناوچە پەیوەندیدارەکان هێشتا رێگریی لە کارە مرۆییەکان و هاتووچۆ دەکەن"، بە تایبەتی لە کەمپی خەراز لە ویلایەتی لەهج لە باشوور و بەرەو ئەوێش، کە نزیکەی 10 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێیە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، زیاتر لە 65 هەزار پەنابەر و داواکاری پەنابەری کە زۆربەیان خەڵکی سۆماڵ و ئیتیوپیان، هێشتا لە یەمەن ماونەتەوە و "ئەوان زەرەرمەندترین کەسەکانن بەهۆی نوێبوونەوەی ململانێکان".
سەبارەت بە پەنابەرانی دەرەوەی یەمەن، کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران تاوەکو 17ی تشرینی یەکەم 4078 پەنابەری تۆمار کردووە، کە 3836 کەسیان لە جیبۆتی و 242 کەسیان لە سۆماڵن، و لە نێوان 8 تاوەکو 14ی تشرینی یەکەم هیچ هاتووچۆیەکی نوێ لە یەمەنەوە بۆ جیبۆتی تۆمار نەکراوە.