جۆرە سمۆرەیەکی دەگمەن لە دەڤەری بارزان دۆزرایەوە
لە دەستکەوتێکی ژینگەیی و زانستیدا کە بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق تۆمار دەکرێت، سابر دڕی، فۆتۆگرافەری ژینگەیی توانیویەتی "سمۆرەی زەویی ئاسیای بچووک" ببینێت و وێنەی بەڵگەیی بۆ ئەم جۆرە ئاژەڵە بگرێت. بەم هەنگاوەش ناوی ئەو گیانلەبەرە بە فەرمی دەچێتە ناو تۆمارەکانی فرەچەشنیی ژینگەیی.
سابر دڕی وێنەگر تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند؛ وێنەکان ئێستا لەلایەن چەند ناوەندێکی توێژینەوە و زانکۆی نێودەوڵەتی لە ئەڵمانیا و هیندستان، بە وردی توێژینەوە و هەڵسەنگاندنیان لەسەر دەکرێت. ئامانجی ئەو توێژینەوانە پشتڕاستکردنەوەی جۆرەکە وەک تۆمارێکی نوێی زانستی بۆ فرەچەشنیی ئاژەڵان لە هەرێمی کوردستان و عێراقە.
هەروا گوتی: ئەم ئاژەڵە دەگمەنە لە نزیک گوندی چۆڵکراوی دڕی دۆزراوەتەوە، کە دەکەوێتە نزیک سنووری تورکیا لە ناوچەی بارزان. ئەم جۆرە بەتایبەتی لە دەشتی ئەنادۆڵ دەژیت و پێشتر بوونی لە ژینگەی عێراق و کوردستاندا تۆمار نەکراوە.
دەشڵێت؛ سمۆرەی زەویی ئاسیای بچووک سەر بە خێزانی سمۆرەکان(Sciuridae) و جەستەیەکی پڕ، قاچ و کلکێکی کورت و ئەڵقەیەکی سپیی دیاری بە دەوری چاوەکانی هەیە. رەنگی تووکەکەی لە پشتییدا لە نێوان قاوەییی کاڵ و خۆڵەمێشیی زەردباودایە و سکی لەوە کاڵترە. درێژیی نێرینە پێگەیشتووەکانی بەبێ کلکەکەی، لە نێوان 25 بۆ 28 سانتیمەتر دەبێت کە بەزۆری لە مێینەکانیان گەورەترن.
هەروا ئەم ئاژەڵە بە پلەی یەکەم لەسەر تۆو، گەڵا، گژوگیا و چرۆی رووەکی دەژی و هەندێک جاریش حەشەرات دەخوات. سابیر دەری گوتی: "ئەم ئاژەڵە رۆژانە چالاکە و تۆڕی کون و ئەشکەوتی ژێر زەوی بۆ نوستن و خۆپاراستن لە ئاژەڵە راوچییەکان هەڵدەکەنێت". هەروەها بەپێی وەرز و دۆخی کەشوهەوا بۆ ماوەیەک دەچێتە قۆناخی خەوی زستانە.
بەگوێرەی داتاکانی یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت (IUCN) و بنکەدراوەی فرەچەشنیی شیردەران، ئەم جۆرە ئێستا لە پۆلی "نزیک لە مەترسیی لەناوچوون" (Near Threatened - NT) دانراوە. هۆکاری کەمبوونی ژمارەی ئەم جۆرە لە جیهاندا بۆ تێکچوونی ژینگەی سروشتی و گۆڕینی زەوییە کێوییەکان بۆ زەویی کشتوکاڵی دەگەڕێتەوە؛ هەر بۆیە دۆزینەوەی لە کوردستاندا بە دەستکەوتێکی گرنگی ژینگەیی لەسەر ئاستی جیهان سەیر دەکرێت.
