قائیمقامیەتی هەڵەبجە لەبارەی دابەشکردنی گاز و بەنزین ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە

لیژنەی سووتەمەنی لە قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی هەڵەبجە، لەبارەی میکانیزمی دابەشکردنی گازی ماڵان، نرخەکەی و دابەشکردنی بەنزین، ئاگادارییەکی بۆ سەرجەم دانیشتووانی سنوورەکە بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، لیژنەی سووتەمەنی لە قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی هەڵەبجە رایگەیاند: بە مەبەستی رێگریکردن لە قۆرخکاری و بە مەبەستی گەیشتنی گاز بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان بە دەستی سەرجەم هاووڵاتییان، لە رۆژی یەکشەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، دابەشکردنی گاز بە پسوولە دەست پێدەکاتەوە و پسوولەی ژمارە (3) کارا دەکرێت.

بەپێی راگەیەندراوەکە، پێویستە سەرجەم بریکارەکانی گاز بەبێ جیاوازی، هەر بوتڵێک گاز بە نرخی هەشت هەزار و پێنجسەد دینار بە هاووڵاتییان بفرۆشن. هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە هاووڵاتییان بارکۆدی تایبەت بە خۆیان سکان بکەن و ناویان تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی لە کاتی چاپکردنی پسوولەی نوێدا لە وەرگرتنی گاز بێبەش نەبن.

لە بەشێکی دیکەی ئاگادارییەکەدا، لیژنەی سووتەمەنی هۆشداری دەدات لەوەی کە هەندێک کەس بە ناوی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی هەڵەبجە و بە بیانووی تایبەتمەندی و چین و توێژە جیاوازەکان، داوای پێشوەختە و نۆرەبڕین بۆ وەرگرتنی بەنزین دەکەن.

قائیمقامیەتی هەڵەبجە روونی کردووەتەوە "هیچ دامودەزگا و فەرمانگەیەک لەم بابەتە ئاگادار نییە و هیچ جۆرە ئیمتیاز و تایبەتمەندییەک بۆ هیچ کەسێک ناکرێت، چونکە سووتەمەنی و بەنزین بۆ سەرجەم هاووڵاتییانە و پرۆسەی دابەشکردن بەبێ جیاوازی و بە یەکسانی بەڕێوە دەچێت."