بەهەدەردانی نزیکەی سێ ملیار دینار لە سەڵاحەددین ئاشکرا دەکرێت

دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەرپرسێکی پێشووی بەشی ژمێریاری لە پارێزگای سەڵاحەددین دەرکرد، ئەمەش بە تۆمەتی دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی 3 ملیار دینار کە بۆ دابینکردنی سووتەمەنیی مۆلیدەکان تەرخان کرابوو.

دەستەی دەستپاکیی فیدراڵ ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، تیمی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی سەڵاحەددین لە ئەنجامی بەدواداچوون و وردبینیکردندا بۆیان دەرکەوتووە، بەرپرسێکی پێشووی بەشی ژمێریاری دەستی بەسەر 2 ملیار و 975 ملیۆن دیناری تەرخانکراو بۆ پڕۆژەی دابینکردنی سووتەمەنیی مۆلیدەکانی فەرمانگە و پڕۆژەکان بە شێوەیەکی نایاسایی دا گرتووە..

دەستەی دەستپاکی روونیکردەوە، تۆمەتبارەکە بە بیانووی ئەوەی پارێزگار دەسەڵاتی پێداوە، پارەکەی لە لیژنەی کڕینی سووتەمەنی وەرگرتووە و رەتی کردووەتەوە بیگەڕێنێتەوە، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی سەڵاحەددین تایبەت بە کەیسەکانی دەستپاکی، بەپێی ماددەی 316ـی یاسای سزادان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبارەکە دەرکردووە.

لە چالاکییەکی جیادا، دەستەی دەستپاکی رایگەیاند، دوای بەدواداچوونمان لە فەرمانگەی تەندروستیی سەڵاحەددین حاڵەتێکی بەفیڕۆچوونی سامان و داهاتی گشتی یاشکرا کراوە، ئەمەش بەهۆی دابینکردنی ئامێری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی خورماتوو بەبێ ئەوەی هیچ پێویستییەکیان پێبێت، هەروەها کەمترخەمی لە جێبەجێکردنی گرێبەستەکانی دابینکردنیشدا هەبووە."

تیمەکانی دەستەکە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سەڵاحەدینیان کردووە و سەرجەم بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە گرێبەستەکەیان بەپێی رێکارە یاساییەکان دەستبەسەردا گرتووە، ئامێرەکان بریتی بوون لە 5 کورسیی خوێن وەرگرتن، 5 ئامێری کارەبای دڵ، یەک ئامێری گەرمکەری تاقیگەیی و 3 ئامێری جیاکەرەوەی خوێن.