کونسوڵی چین: کارگەی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە زاخۆ گەورەترین پڕۆژەیە لە هەرێمی کوردستان
کونسوڵی گشتیی چین بەوەکالەت رایگەیاند، سەردانیکردنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەم وەرزی پایزەدا بۆ بەشداریکردن لە واژۆکردنی رێککەوتننامەی گرووپەکانی هارلم و دانانی بەردی بناخەی کارگەی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل، جێگەی دڵخۆشییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، ژانگ جیانشین، کونسوڵی گشتیی چین بەوەکالەت لە وتارەکەیدا گوتی: "بەناوی کونسولخانەی چین لە هەرێمی کوردستان، سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئەو پشتیوانییە بەردەوامەی پێشکەشی کۆمپانیا چینییەکانی کردووە".
کونسوڵی گشتیی چین روونیکردەوە، براندی جیتوور لە ساڵانی رابردوودا گەشەیەکی خێرای بەخۆوە بینیوە و ئێستا یەکێکە لە براندە پێشەنگەکانی بازاڕی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان.
ژانگ جیانشین گوتی: "ئێستا ئۆتۆمبێلی جیتوور بە فراوانی لە شەقامەکاندا دەبینرێت. دوای ئەوەی لە مانگی نیساندا هاتمە هەولێر، خۆم ئۆتۆمبێلێکی جیتوورم کڕی".
بە گوتەی کونسوڵی گشتیی چین، پڕۆژەی هاوبەشی نێوان گرووپەکانی جیتوور و هارلم، گەورەترین پڕۆژەی ئۆتۆمبێلە لە هەرێمی کوردستان و دەبێتە پێشەنگ بۆ براندەکانی دیکەی چین. ئەم پڕۆژەیە وەک پەرەسەندنێکی گرنگ لە کەرتی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل و دەستکەوتێکی پراکتیکی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و چین هەژمار دەکرێت.
ژانگ سەبارەت بە لایەنە تەکنیکییەکانی پڕۆژەکە گوتی: "دڵنیام ئەم پڕۆژەیە توانای تەواوی تەکنیکی بەرهەم دەهێنێت، هەلی کاری زیاتر دەڕەخسێنێت و دەبێتە بزنسێکی بەهێز بۆ هەمەچەشنکردنی داهاتی هەرێمی کوردستان".
لە کۆتایی وتارەکەیدا، کونسوڵی گشتیی چین جەختیکردەوە، واژۆکردنی ئەمڕۆ نموونەیەکی روونی هەماهەنگیی بەرهەمدارە کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هەبووە.
ژانگ جیانشین رایگەیاند: "چین پابەندە بەوەی ببێتە هاوبەشێکی متمانەپێکراو لە پەرەسەندنەکانی هەرێمی کوردستان و بەردەوام دەبین لە کردنەوەی ناوەندی ئاست بەرز و هەماهەنگی بۆ رەخساندنی دەرفەتی گەشەپێدان لە هەرێمی کوردستان".