کونسوڵی ژاپۆن: کردنەوەی لقێکی کۆمپانیای نیسان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی کوردستان گرنگە
لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لقی سەرەکیی کۆمپانیای نیسان لەسەر ئاستی عێراق کرایەوە. کونسوڵی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمەکەدا رایگەیاند، نوێنەرایەتیکردنی حکوومەتی ژاپۆن لەو پڕۆژەیەدا جێگەی شانازییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، هیتووشی ئیشیزوکا، کونسوڵی ژاپۆن جەختی لە گرنگیی فراوانکردنی پڕۆژەکانی نیسان لە هەرێمی کوردستان کردەوە و پیرۆزبایی لە کۆمپانیای ئۆتۆمۆتیڤ کرد بۆ ئەو هەوڵانەی لەم پڕۆژەیەدا خستوویانەتە گەڕ.
ئیشیزوکا سەبارەت بە هەڵبژاردنی زاخۆ بۆ ئەم پڕۆژەیە گوتی: "زاخۆ بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی و نزیکی لە سنووری تورکیا، ناوچەیەکی ستراتیژییە بۆ پەرەپێدانی کار و بازرگانی".
بە گوتەی کونسوڵی ژاپۆن، کردنەوەی ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی خێراتربوونی چالاکییەکانی نیسان و سەلماندنی پێگەی ئەو کۆمپانیایە لە هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق.
کونسوڵی ژاپۆن ئەوەشی روونیکردەوە، کردنەوەی ناوەندی PDI لە زاخۆ تەنیا بۆ دابەشکردنی بەرهەمەکان نییە، بەڵکو رۆڵێکی گرنگ لە بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەگێڕێت.
ئەو دیپلۆماتکارە هیوای خواست پڕۆژەکە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر داهاتووی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان هەبێت و ببێتە کەرەستەیەکی گرنگ بۆ کۆمەڵگە. هیکوزوکا دڵخۆشیی خۆی بە دامەزراندنی مۆتۆرپلێکس دەربڕی و جەختی لە بەکارهێنانی باشترین ئۆتۆمبێلەکان بەپێی رێکارەکانی سەلامەتی کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، کونسوڵی ژاپۆن داوای لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامانی کابینەکەی کرد پشتیوانییەکانیان بۆ ئەم پڕۆژەیە بەردەوام بکەن. هەروەها داوای لە کۆمپانیا ژاپۆنییەکان و حکوومەتی خۆجێی کرد بە هەماهەنگی کار بۆ پەرەپێدانی ئابووریی ناوچەکە بکەن.
ئیشیزوکا لە کۆتایی وتارەکەیدا ئومێدی خواست ئەم پڕۆژەیە ببێتە دەستپێکێک بۆ پەرەپێدانی زیاتری ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان ژاپۆن و عێراق بەهێزتر بکات.