وەزارەتی خوێندنی باڵا: 878 قوتابی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان ناویان لە زانکۆکانى کوردستان گەڕایەوە

 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەرگرتنی 878 دەرچووی خوێندنگە کوردییەکانی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی لە زانکۆ و پەیمانگەکانی کوردستان راگەیاند.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەسەر ڕاسپاردە وەزیری خوێندنی باڵا، رەزامەندی لەسەر وەرگرتنی سەرجەم دەرچووانی خوێندنگە کوردییەکانی کەرکووک، خانەقین، شنگال و تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) درا.

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کردووە "دوای ئەوەی دەرگەی پێشکەشکردن لە رێگەی سیستەمی 'زانکۆلاین'ـەوە بۆ دەرچووانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی لە بەشی خوێندنی کوردی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کرایەوە، بۆ ئەمساڵیش وەک ساڵانی رابردوو، بە هەمان پێوەر و کۆنمرەی دەرچووانی هەرێمی کوردستان، رەزامەندی لەسەر وەرگرتنی 878 قوتابی نیشان درا."

لە راگەیەندراوەکەدا وێڕای پیرۆزباییکردن لە قوتابییان، هاتووە "خەڵکی ئەم ناوچانە بەشێکی ڕەسەن و دانەبڕاون لە هەرێمی کوردستان و نیشتمانەکەمان، هیواخوازین لە ماوەی خوێندنیاندا لە زانکۆ و پەیمانگەکان، بتوانن بە زانست و زانیاری خزمەت بە وڵاتەکەمان بکەن."

سەبارەت بەو دەرچووانەی تا ئێستا ناویان نەگەڕاوەتەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاشکرای کرد: سبەی هەینی 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، سیستەمی زانکۆلاین بۆ ماوەی چوار رۆژ کارا دەبێت، تاوەکو ئەو دەرچووانە بتوانن بەشێکی دیکە هەڵبژێرن کە لەگەڵ کۆنمرەکانیان بگونجێت، بەمەش ڕێژەی وەرگرتنی سەرجەم پێشکەشکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەبێتە 100%.