وەزیری بەرگریی سعوودیە سەردانی تاران دەکات

 وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە رایگەیاند، سەردانی خالید سەلمان، وەزیری بەرگریی سعوودیە بۆ تاران بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان لایەنەکانی قەیرانی ئێستا و هاندانی گفتوگۆ و چارەسەریی دیپلۆماسییە بۆ ئەوەی رێگری لە زیاتر ئاڵۆزبوونی گرژییەکان بکرێت. 

دووشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی سعوودیەدا هاتووە: "وەک بەردەوامیی رۆڵی سعوودیە لە دامەزراندنی گفتوگۆ و ئاشتیی هەرێمی و نێودەوڵەتی، وەزارەتی دەرەوە جەختدەکاتەوە، ئەو سەردانەی خالید سەلمان، وەزیری بەرگری و نوێنەرانی وڵاتانی رێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش بۆ تاران، بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وڵاتانی رێککەوتننامەی مەکە بۆ بەرگریی هاوبەشە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان لایەنەکانی قەیرانی ئێستا و هاندانی گفتوگۆ و چارەسەرییە دیپلۆماسییەکان، هەروەها پشتیوانیکردنی ئەو هەوڵانەی نێوەندگیریی قەتەر و پاکستان دەستیان پێکردووە".

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، سعوودیە چاوەڕوانی ئەوەیە لایەنەکانی قەیرانەکە بە شێوەیەکی ئەرێنی و کردەیی لەگەڵ ئەنجامەکانی ئەم سەردانە و هەوڵە بەردەوامەکانی قەتەر و پاکستان مامەڵە بکەن، بەجۆرێک کە بەشداری لە چارەسەرکردنی قەیرانەکە لە رێگەی گفتوگۆ و دیپلۆماسییەوە بکات. وەزارەتەکە جەختیشی لە گرنگیی کردنەوەی کەناڵەکانی دانوستان بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکە کردەوە، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە کۆتایی بە قەیرانەکە بهێنێت و ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکە و جیهاندا بەدیبهێنێت.

سعوودیە جارێکی دیکە جەختی لە رۆڵی سەرەکیی وڵاتانی رێککەوتننامەی مەکە لە سەقامگیرکردنی ئاسایشی ناوچەکە و کارکردن لەگەڵ سەرجەم وڵاتان بۆ دڵنیابوون لە بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەکە و جیهاندا کردەوە.