بڕیاری دەستگیرکردن بۆ بەڕێوەبەری پێشووی کارەبای موسەننا و 12 بەرپرس دەرکرا
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی رایگەیاند، فەرمانی دەستبەسەرکردن بۆ بەڕێوەبەری پێشووی دابەشکردنی کارەبای موسەننا و 12 تۆمەتباری دیکە دەرکراوە، بەهۆی تێوەگلانیان لە کەیسێکی زیانگەیاندن بە سامانی گشتی بە بڕی زیاتر لە 6 ملیار دینار.
ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـیئ تشرینی یەکەمی 2026، دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، تیمی مەیدانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی موسەننا، دوای بەدواداچوون و وردبینی و سەردانیکردنیان بۆ کۆمپانیای گشتی دابەشکردنی کارەبای باشوور/ لقی موسەننا و ناوەندی چاککردنەوەی گەورە، بۆیان دەرکەوتووە 6 ملیار و 150 ملیۆن دینار بەهەدەر دراوە. فەرمانگەی دابەشکردنی کارەبای پارێزگاکە ئەو بڕە پارەیەی بۆ کڕینی کەرەستەی کارەبایی خەرج کردووە، بەبێ ئەوەی پێویستیی بەو کەرەستانە هەبێت.
ساڵی 2024، بەڕێوەبەری پێشووی فەرمانگەکە بە هاوکاری تۆمەتبارانی دیکە، کەرەستەی کارەباییان کڕیوە. تۆمەتباران دەستکاری قەبارەی یەکەی پێوانە و داواکارییەکانی کڕینیان کردووە، بەمەبەستی چەواشەکاری و کڕینی زۆرترین ژمارەی بۆرد. بەشێکی زۆری ئەو کەرەستانە تائێستا بەکارنەهێنراون و دانەمەزرێنراون، بەجۆرێک 48 بۆردی باشکردنی وێستگەی کارەبا کە کڕدرابوون و لە مخزندا تۆمارکرابوون، بۆ گەنجینەی کەرەستە بەکارهاتووەکان گواستراونەتەوە. تیمی لێکۆڵینەوە دەستیان بەسەر ئەو کەرەستانەدا گرتووە و مامەڵە بنەڕەتییەکانی خەرجکردنی کڕینی بەنلی دوو قاتییان بەڵگەکردووە.
دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە موسەنا بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ بەڕێوەبەری پێشووی دابەشکردنی کارەبای موسەننا و 12 فەرمانبەری دیکە دەرکردووە. ئەو کەسانە بریتین لە بەڕێوەبەری پێشووی ژمێریاری فەرمانگەکە، بەڕێوەبەری فرۆشتن، بەرپرسانی بەشەکانی وردبینی ناوخۆ، وێستگەکان، گەنجینەی کەرەستە بەکارهاتووەکان و ئەندامانی لێژنەی کڕین، ئەوەش بەپێی مادەی 340ی یاسای سزادان.
هاوکات فەرمانی دەستبەسەرکردن و پشکنین بۆ سێ فەرمانبەری دیکە دەرکراوە، کە یەکێکیان بەڕێوەبەری پێشووی ژمێریارییە. دادگا قەدەخەی گەشتکردنی بۆ سەرجەم تۆمەتباران دەرکردووە، بەهۆی ئەوەی بە ئەنقەست زیانیان بە پارە و بەرژەوەندییەکانی ئەو لایەنە گەیاندووە کە تێیدا کار دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ سێشەممە، دەستەی نەزاهەی عێراق سزای 8 ساڵ زیندانیکردنی بۆ بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەروبوومە نەوتییەکان دەرکرد. ئەو سزایە بەهۆی تێوەگلانی ئەو بەرپرسە لە کەیسی سوودوەرگرتنی نایاسایی لە گرێبەستەکانی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور دەرچووە.
دادگا بڕیاریدا تۆمەتبارەکە پابەند بکرێت بە گەڕاندنەوەی 55 ملیار دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت، کە ئەو بڕە پارەیەیە ناوبراو لە رێگەی گرێبەستەکانەوە بە نایاسایی بەدەستی هێنابوو.
لە بەرەبەیانی 28ـی حوزەیرانی 2026، هەڵمەتێکی چڕ دژی گەندەڵی لە عێراق دەستیپێکرد تێیدا دەیان ئەندام پەرلەمان و بەرپرس و سەرۆک حزب بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە گەندەڵییەوە دەستگیر کران. ئۆپەراسیۆنەکەش دوای دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان هات.
هەروەها رۆژی شەممە، 29ـی ئابی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق بە کەناڵی عێراقییەی راگەیاند، هەڵمەتی حکوومەت بۆ لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بەردەوامە و لە میانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەهای ئەو پارە و موڵکانەی گەڕێندراونەتەوە، گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ترلیۆن و 359 ملیار دینار.