دەرچووانی خوێندنی ئیسلامی دەتوانن لە زانکۆکانی کوردستان درێژە بە خوێندن بدەن
بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەرچووانی خوێندنی ئیسلامی بەگوێرەی پسپۆڕییەکانیان لە زانکۆکانی کوردستان وەردەگیرێن و دەتوانن درێژە بە خوێندنی باڵا بدەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران و دوای هەوڵ و جەختکردنەوەی بەردەوامی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، نوسراوی فەرمی ئاراستەی زانکۆکانی کوردستان کرا بۆ وەرگرتنی دەرچووانی خوێندنی ئیسلامیی سەر بە وەزارەت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، پرۆسەی وەرگرتنی ئەو قوتابییانە لە زانکۆکاندا بەپێی پسپۆڕی و تایبەتمەندییەکانیان دەبێت، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی مافی دەرچووانی خوێندنی ئایینی و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندن.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ بەگرنگ سەیرکردن و پەسەندکردنی ئەم بڕیارە، هاوکات دەستخۆشی لە هاوئاهەنگی و هەوڵەکانی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەزیری پەروەردە و سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە کە هاوکار بوون لە گەیشتن بە بڕیارێکی لەم شێوەیە لە بەرژەوەندیی قوتابیاندا.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی ئەوقاف پیرۆزبایی لە سەرجەم قوتابییە وەرگیراوەکان کردووە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستوون لە قۆناغی نوێی خوێندنیاندا.