رێبەر ئەحمەد: مینبەرە ئایینییەکان رۆڵیان هەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: کار دەکەن بۆ پێداچوونەوە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان بە مەبەستی چارەکردنی کۆسپەکانی بەردەم جێبەجێکردنی؛ هاوکات ئاماژەی بە بوونی ئاڵنگاری لە میکانیزمەکانی پاراستن، گواستنەوە و داڵدەدانی قوربانییان و روانگەی دادوەران بۆ دەقە یاسایییەکان کرد.
سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە، رایگەیاند: یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، کە لە ساڵی 2011 لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، وەک دەستکەوتێکی زۆر پێشکەوتوو و نموونەیی لەسەر ئاستی تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت؛ بەڵام قۆناخی جێبەجێکردنی کرداریی یاساکە لە دادگاکاندا، دەرکەوتنی هەندێک کۆسپ و تەمومژاوی لە چەند دەقێکی یاساییدا بۆ دادوەران خستووەتەڕوو.
رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، زنجیرەیەک ئاڵنگاری هەن کە پەیوەستن بە میکانیزمەکانی گواستنەوەی قوربانییانی توندوتیژی، پاراستن و شێوازی داڵدەدانیان لە پەناگە و شێڵتەرەکاندا، لەپاڵ چۆنیەتیی کارکردنی لیژنەکانی ئاشتەوایی، ئەمەش وا دەخوازێت بە وردی پێداچوونەوە بەو لایەنانەدا بکرێت کە پێویستیان بە چارەیە و میکانیزمەکانی جێبەجێکردن بەرەوپێش ببرێن.
سەبارەت بە هەوڵە دامەزراوەیییەکان، وەزیری ناوخۆ روونی کردەوە، کە وەزارەتەکەیان بەشدار بووە لە وۆرکشۆپێکی فراواندا کە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای خانمان لە کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان (UNFPA) رێکخرابوو، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی دەسەڵاتی دادوەری، وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا و یەکێتیی زانایانی ئایینییی ئیسلامیی کوردستان، بە مەبەستی تاوتوێکردنی میکانیزمە پراکتیکییەکانی جێبەجێکردنی یاساکە.
هاوکات تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئامانجی سەرەکیی ئەم دیدارە فراوانە، کۆکردنەوەی لایەنە حکوومەتی، یاسادانان، دادوەری، ئایینی و نێودەوڵەتییەکانە بۆ دیاریکردنی خاڵە لاوازەکان و دەستنیشانکردنی ئەو بڕگانەی پێویستیان بە پێداچوونەوە یان دەرکردنی رێنماییی نوێ هەیە، هاوکات بۆ یەکخستنی تێگەیشتنی دادوەران بۆ دەقە یاسایییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگیی نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکان.
رێبەر ئەحمەد جەختی لە گرنگیی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی بەرامبەر بە مافەکانی ئافرەتان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی کردەوە، بە تایبەت لە رێگەی گوتاری مینبەرە ئایینییەکان و دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە، بە جۆرێک کە خزمەت بە پاراستنی قوربانییان و کاراکردنی جێبەجێکردنی یاساکە لە کۆمەڵگەدا بکات.