فەرهاد ئەترووشی وادەی کۆتا مۆڵەتی ئەمریکا بۆ چەککردنی میلیشیاکان لە عێراق ئاشکرا دەکات

فەرهاد ئەتروشی ئاشکرایکرد؛ ئەمریکا کۆتا مۆڵەتی بۆ چەککردنی گرووپەچەکدارەکان بەعەلی زەیدی داوە، بەپێچەوانەوە سزا دەسەپێنن.

فەرهاد ئەتروشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە دیدارێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، هەڵسوڕێنەری كارەكانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد پێی گووتوە ئەوان نەرمیان نواند بە گۆڕینی وادەی دانانی چەكی گرووپەكان لە 30 ئەیلولەوە بۆ 30 حوزەیرانی ساڵی داهاتوو، پێیانوابوو دەرفەتێك ئەدەن بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵام ئەگەر عێراق پابەند نەبوو بەم وادەیە وەك دەوڵەت و وەك گرووپ، ئەگەرێكی گەورە هەیە سزای بەسەردا بسەپێنین.

فەرهاد ئەتروشی ئاماژەی بەوەشكرد، هەرچەندە ئەم زانیارییانە بۆ ئەوەنین لە میدیاكانەوە باسبكرێن، بەڵام قسەكانی ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كە گوتی، عێراق چارەنوسی وڵاتانی بەلقانی دەبێت ئەگەر میلیشیا چەكدارەكان چەكەكانیان دانەنێن و چەك لە دەستی دەوڵەت كۆنەكرێتەوە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشکرد لەگەڵ سەپاندنی سزادا، عێراق وەك وڵاتێكی پشتیوانی تیرۆر پۆلێن دەكرێت، ئەگەر ئیمە پەیوەندییەكی بەهێزمان بوێت لەگەڵ ئەمریكا، ئەوانیش مەرجیان هەیە، ئەوکات پێمان دەڵێن ئەگەر ئێوە مەرجەكانمان قبوڵنەكەن، ئێمەش مەرجی ئێوە قبوڵناكەین.