گەرمیان.. کەسێک لەسەر هەبوونی سەدان وێنەی تایبەتی ئافرەتان لە مۆبایلەکەیدا دەستگیرکرا

بە بڕیاری دادوەر، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان کەسێک وەک قورئانخوێن ناسراوە دەستبەسەر کرا، ئەمەش دوای ئەوەی لە کاتی پشکنینی مۆبایلەکەیدا لەسەر دۆسیەیەک، دەست بەسەر زیاتر لە 400 وێنەی نەشیاو و تایبەتی ئافرەتاندا گیرا.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پۆلیسی گەرمیان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە کاتی لێکۆڵینەوە لە دۆسیێک و پشکنینی مۆبایلی کەسێک ماوەیەکە وەک کەسایەتییەکی ئایینی و قورئانخوێن ناسراوە، هێزەکانی پۆلیس دەستیان بەسەر ژمارەیەکی زۆری وێنەی تایبەت و نەشیاوی ئافرەتاندا گرتووە کە سەرووی 400 وێنە بوون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کوردستان24 کەوتوون، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە گومان دەکرێت وێنەکان لەلایەن خودی ئافرەتەکانەوە بە تایبەت بۆ ئەو کەسە نێردرابن و ناوبراو لەناو مۆبایلەکەیدا پاشەکەوتی (خەزن) کردبن.

هەر بەپێی زانیارییەکان، دوای ئاشکرابوونی حاڵەتەکە، تۆمەتبار پێش چەند رۆژێک بە فەرمانی دادوەر بانگهێشتی پۆلیس کرابوو و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەستی پێکردبوو، هاوکات ئەمڕۆ جارێکی دیکە بانگهێشت کراوەتەوە و بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە بەند کراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.